خاتوو نیعمەت حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای سلێمانی
گولبند ئازاد قەرەداغی
بەر لە چوار ساڵ لەمەبەر لە 30/4/2020 خاتوونێكی خێرخوازو دلسۆز و كوردپەروەر، خاتوو نیعمەت حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای سلێمانی،ناسراوە بە (نمەخان) هاوژینی سالار مستەفا مەلا حەكیم كۆچی دواییكرد.
خاتوو نیعمەت لە بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەرەورو كوردپەروەر دڵسۆز لە شاری سلێمانی چاوە گەشەكانی بە دونیا هەڵهیناوە، كە حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای سلێمانی بە یەكێك لە كەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەكانی شاری سلێمانی بووە، لە حكوومەتەكەی مەلیكی كوردستان شێخ مەحموودی نەمر، سێ وەزارەتی هەڵدەسوڕاند، لەكاتی كۆستە گەورەكەی كوردان لەو رۆژگارەدا، كە شێخی نەمر لە لایەن ئینگلیزەكانەوە دەستگیركراو، بۆ هندستان دوورخرایەوە، حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای بلباس، تا گەڕانەوەی شێخی نەمر لە هندستان ئەو سەرۆكی ئەو هەیئەیە بوو، بۆ بەرێوەبردنی حكوومەتەكەی مەلیكی كوردستان.
بنەماڵەی خاتوونە ئازیزەكەی حەمە ئاغای ئەوڕوحمان ئاغا، تا لە ژیاندا بوو هاوكار و كۆمەكی هەژاران و خێرخواز و خەم خۆری خەڵكی بێ وێنەی سلێمانی بوو، هەمیشە یەكێك بوو لەو خاتوونە ناودارانەی شاری سلێمانی بەردەوام لە كۆری خەبات و تێكۆشان بووەو، لەو پێناوەشدا بنەماڵەی حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای بلباس دووجار لەلایەن رژێمە یەك لە دواییەكەكانی عێراق دا، ماڵ و حاڵی بە تاڵان براوە، بەتایبەتی لە ساڵی 1963 لەلایەن گەورە دوژمنی كورد زەعیم سدیق و لە ساڵی 1975 لەلایەن بەعسییەكانەوە دەست بەسەر ماڵەكەیاندا گیراوە و بەتاڵان براوەو خۆشیان بۆ ئێران دوورخراونەتەوە، هەموو ئەم تاوانانە لە دژی بنەماڵەی نیعمەتی حەمە ئاغا لەبەر كورداییەتی و پشتیوانی شۆڕش و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بووە.
لە پاش راپەڕینیش خاتوو نیعمەتی حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغای سلێمانی بە خۆی و سالاری مستەفای مەلا حەكیمی هاوژینیەوە، ماڵەكەیان ببووە كۆكردنەوەی تێكۆشەران و هاوكاری و كۆمەكی پێشمەرگەی كوردستان، دواتریش هەردەم حوزری هەبووە بۆ خزمەتكردن و دەرگای واڵا بووە لە پێناوی ڕێبازە پیرۆزەكەی بارزانی نەمردا، مەخابن لە رۆژی 30/4/2020 بەر لە چوار ساڵ دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوتوو، بۆ هەتا هەتایی ماڵئاوایی لە هاوبیرانی رێبازی كوردایەتی و خەبات كرد.
پاش كۆچكردنەكەشی، وەك رێزلێنانێك تا هەمیشە ناو و ناوبانگی ئەو خاتوونە شۆڕەسوارەی ڕێبازی كورداییەتی بمێنێت، بیرۆكەی دامەزراندنی دەزگاییەكی خێرخوازی و كوردایەتی و ئینساندۆستی نێودەوڵەتی دامەزرێنرا، لەلایەن سالار مستەفا مەلا حەكیمی هاوسەرییەوە، گەورەترین دەزگای خێرخوازی دامەزراندووە، بەناوی (دەزگای خێرخوازی مرۆیی نێودەوڵەتی نمە)، لەم چەند ساڵەدا دەزگای خێرخوازی مرۆیی نمە، بە هەموو شێوەیەك و لە گشت قۆناغە سەختەكانی ساڵانی رابردوودا، رۆڵی كاریگەرو مەزنی لە هاوكاری و كۆمەكی هەژاران و نەدارانی شارەكانی كوردستاندا هەبووە، بەشێوەیەكی بەرنامەڕێژ زۆربەی سێكتەرەكانی ژیانی گرتۆتەوە.
ستۆکهۆلم – سوید
نیسان/2024