تاوەكوو بەرهەمهێنانی غاز لە كۆڕمۆر ئاسایی دەبێتەوە، لەسەر داوای وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حكوومەتی فیدراڵی رەزامەندی داوە رۆژانە لە عێراقەوە غازی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە: ” لەسەر داوای وەزیری سامانە سروشتییەکان، حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەندی لەسەر ناردنی رۆژانە 620 تۆن غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەڕبڕی، تا ئەوکاتەی کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی غاز دەکاتەوە.”
ئاماژە بەوەش كراوە، غازەكە لە هەردوو کۆگای تاجی و ناسرییە دابین دەکرێت.
بەپێی ئەو نووسراوانەی لەگەڵ راگەیاندراوەكە خراوەتە ڕوو، دوای ئەوەی لە 27ی4ی2024، نووسراوەكەی وەزیری سامانە سروشتییەكان نێردراوە، ئەمڕۆ 30ی4ی2024، وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی لەسەر دابینكردنی ئەو غازە بە نووسراوێك بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ناردووە.