ئەمڕۆ سێشەممە 23/4/2024، جەمال هیدایەت، هونەرمەندی میویزەكژەنی ناسراوی هەولێر، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەند جەمال هیدایەت، وەك یەكەم كەسی كورد، پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدای تەواو كردووە، زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتی بە میوزیك و هونەری كوردی كردووە.
ئەم هونەرمەندە، كە بە یەكێك لە بناغەكانی میوزیكی كوردی دادەنرێت، ماوەیەكی زۆرە بەهۆی نەخۆشییەوە لە كاری هونەری دوور كەوتبووەوە، ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەند جەمال هیدایەت، ناوی تەواوی (جەمال هیدایەت عەبدوڵڵا)یە، ساڵی 1931 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، یەکەمین عوودژەن بوو لە شاری هەولێر، ساڵی 1952 لەژێر دەستی دوو مامۆستای بە ئەزموون فێری میوزیک و ئامێری عوود بووە، کە یەکێکیان فەڵەستینی بووە ئەوەی دیکەیان میسری، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا 1955، لە 3/10/1956، لە قوتابخانەی ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئوولا وەک مامۆستای سروود دامەزراوە، ساڵی 1957 مامۆستا و وانەبێژی سروود و مۆسیقا بووە لە خانەی مامۆستایانی کوڕان، لە هەمان ساڵ بۆ ماوەی شەش مانگ لە هۆڵی ئیبن مستەوفی یەکەم خولی زانیاریی مۆسیقا و ئامێرەکانی لە هەولێر بەناوی تیپی مۆسیقای دەرسیم دامەزراندووە، ساڵی 1958-1959 یەکەم گرووپی مۆسیقی لە هەولێر بەناوی تیپی مۆسیقای دەرسیم دامەزراندووە، ساڵی 1959-1970 وەک ژەنیاری عوود بەشداری لە هەموو ئاهەنگ و فێستیڤاڵە هونەرییەکانی هەولێر کردووە.
ساڵی 1971 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی بووە، ساڵی 1973-1991 بەڕێوەبەری چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بووە و بەشداری لە هەموو فێستیڤاڵ و کارە هونەرییەکانی وەزارەتی پەروەردە کردووە، ساڵی 1974-1975 وانەبێژی سروود بووە لە خانەی مامۆستایانی کچان، ساڵی 1975 ئەندامی دامەزرێنەری سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر بووە، ساڵی 1982-1991 سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بووە، ساڵی 1997 سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی ئۆرکێسترای کوردستان بووە، ساڵی 1996-2004 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی سروود و مۆسیقای قوتابخانەکانی سەرەتایی بووە.