ئارام برادۆستی، پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن

خەبات: عەلی بانیشاری:- پسپۆڕێكی بواری هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ئەنجامدانی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕوونە و هەروەكو لە ڕاگەیەندراوی كۆشكی سپی هاتووە ئەو وڵاتە لەگەڵ هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و شەفافە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێشتر و ئێستاش هەمان داواكاری هەیە. ئارام برادۆستی دەڵێت: بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی تەندروست ئەنجام بدرێت، پێویستە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەربەخۆ بێت لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە و بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، دەبێت سیستەمی هەڵبژاردن هەڵقوڵاوی كۆمەڵگە بێت و لە ناوخۆ و دام و دەزگای شەرعی دایبنێت، نەك دادگا بیسەپێنێت.

ڕۆژی 16ـی نیسانی 2024، كۆشكی سپی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوكردەوە. لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا كە تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هاتووە ((سەرۆك بایدن پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف لە هەرێمی كوردستانی عێراق)).

لەبارەی پێداگری ئەمریكا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف لە هەرێمی كوردستان، دكتۆر ئارام نەجمەدین برادۆستی، پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف لە هەرێمی كوردستان وەكو لە ڕاگەیەندراوی كۆشكی سپی هاتووە پێوەری نێودەوڵەتین بۆ هەر هەڵبژاردنێكی تەندروست و پاك و بێگەرد.

گوتیشی: پێش ڕاگەیەندراوی كۆشكی سپی كاتێك مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفافی كرد، وەكو یەكەم كاردنەوە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دووپاتیكردەوە كە دەبێت هەڵبژاردنێكی ئازاد لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئارام برادۆستی دەڵێت: پێموایە هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕوونە و نایەوێت فشار لە پارتی دیموكراتی كوردستان بكات بۆ ئەوەی بەشداری لەو پڕۆسەیە بكات، چونكە بڕوای بەنیگەرانییەكانی ئەو حزبە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە و پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف بكرێت.

ئەو دەشڵێت: باڵیۆزی ئەمریكا و بەریتانیا و یۆنامیش كاتێك سەردانی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی كوردستانیان كردووە و لەبارەی نیگەرانییەكانی پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان قسەیان كردووە لەوە گەیشتوون كە ئەو حزبە لە چی نیگەرانە و بۆ هەڵوێستی وەرگرتووە، ((بۆیە هەموویان جەختلەوە دەكەنەوە كە دەبێت هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەبچێت)).

ئەو پسپۆڕەی بواری هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەشدا، هەڵبژاردنی ئازاد، واتە دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەربەخۆ بێت لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە، ئەمە جگەلەوەی دەبێت حزب و كاندید و دەنگدەر سەربەخۆبن. ((لە هەمووی گرنگتر دەبێت پڕۆسەكە بەبێ دەستێوەردانی دەرەوە بەڕێوەبچێت))، زیاتر گوتی: سیستەمی هەڵبژاردن دەبێت هەڵقوڵاوی كۆمەڵگە بێت، نابێت دادگا ئەو سیستەمە بسەپێنێت، ئەگەر بەو شێوەیە بوو پێی ناگوترێت هەڵبژاردنێكی ئازاد، چونكە هەڵبژاردنی ئازاد هەر ئەوە نییە تۆ بچێت وەكو كاندید و دەنگدەر بەشداری بكەیت و كێشەت نەبێت، بەڵكوو دەبێت سیستەمەكە لە ناوخۆ دانرابێت و دام و دەزگایەكی شەرعی داینابێت.

ئارام برادۆستی ڕاشیگەیاند: بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، داڕشتن و ڕێكخستن و دەركردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە تاڕادەیەكی زۆر، پێش ئەوەی پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەگوێرەی ئەو سیستەمەی كە دادگاكە دایناوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەروەها ناوبراو ئەوەشی گوت: كاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق نییە بڕیار لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە هەرێمی كوردستان بدات، هەر بۆیە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بەو دادگایە ڕەوایەتی تێدایە، چونكە بڕیارەكە دەستووری نییە و بۆ ئەو مەبەستە بەڵگەی پێویست نەخراوەتەڕوو.