ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ پرۆژەبڕیارێکی هاوبەشی رووسیا، چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ داواکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن لە کەرتی غەززە، پەسند کرد. ئەمریکاش بە بەڵێ یان نەخێر دەنگی بە پڕۆژە بڕیارەکە نەدا.
دووشەممە، 25-03-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەنگی لەسەر پرۆژەبڕیارێکی تایبەت بە داواکردنی ئاگربەستی درێژخایەن و ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی دەستبەجێی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو کەرتەکە دا.
دەنگدانەکەی ئەنجوومەنەکە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، رووسیا و چین، پرۆژەبڕیارێکیان ڤیتۆ کرد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرابوو. رووسیا ئەوکات گوتی، پرۆژە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە.”
پێش کۆبوونەوەکە، ئەمریکا هۆشداری دابوو، ئەو پڕۆژەبڕیارەی کە رووسیا و چین و ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی ئامادەیان کردووە، رەنگە زیان بگەیێنێت بە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان کە لەنێوان ئەمریکا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل هەیە.
پرۆژەبڕیارەکە بە دەنگی 14 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە پەسند کرا، بەڵام ئەمریکا دەنگی بە پرۆژەبڕیارەکە نەدا.
لەدوای پەسندکردنی، چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە راستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاگربەست لەنێو مانگی رەمەزاندا جێبەجێبکرێت.