سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق كرد و ڕایدەگەیەنێت: “ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنین کە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی کوردستاندا بێت و دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی.”
ئەمڕۆ سێشەممە 19/3/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە: “ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنین کە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی کوردستاندا بێت و دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، جەختیشی کردەوە کە هەنگاونان بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆری و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ناکات.
باڵوێزی ئیتالیا لە عێراق، خواستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.