سهرهتا وتار گەلی كوردستان هەرگیز دەست بەرداری مافە دەستورییەکانی نابێت
د. سـامان سـۆرانی
شتێکی سروشتییە ئەگەر گەلێ جەخت لە بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی بکات و دەستبەرداریان نەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو مافانەی ڕەوا بن، بەڵام سنووریان بۆ دانرابێ و پێشێل بکرێن، مافە دەستورییەکان بریتین لەو مافانەی، کە دەستور لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ گەلی کوردستان مسۆگەری کردووە، ئەو مافانە لە ڕێگەی یاسا و ڕێساکان بەهێز دەکرێن و پاراستنی یاساییان پێ دەبەخشرێت و پەیڕەوکردنیان ڕێکدەخرێ، دەست هەڵنەگرتن لەو مافانە، مانای ئەوەیە، کە ئێمە وەکو گەلی کوردستان کۆڵ نادەین، سەرەڕای هەموو ئەو فشار و هەڕەشانەی، کە بە بەردەوامی لە لایەن نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان دەخرێنە سەرمان، بە مەبەستی مل کەچ کردنمان و سنووردارکردنی ئەو مافانە.
ئاشکرایە، کەوا لە عێراقدا پەرەسەندنێکی نەرێنی هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دامەزراوەکانی جێ بەجێکردن و یاسادانان لاواز و بنکۆڵ کران و سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە جەستەیەکی بێ ناوەڕۆك، ئینجا ڕۆڵ درا بە دادگای باڵای فیدڕال، تا وەکو ئامرازێکی نەرێنی و چالاك کار بکات بۆ جێ بەجێکردنی ئەجیندەی دەرەکی و سەپاندنی ویست و ئیرادەی هێزێکی هەرێمی، بۆیە بە ڕوونی بڕیارەکانی بریتین لە لێدانی هەموو ئەو هەوڵانەی، کە دەدرێن بۆ چەسپاندنی فیدڕاڵیەت و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی و بەرز ڕاگرتنی بەهاکانی تری پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.
دەووترێ هاوپەیمانان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتگیری لە عیراقێکی فیدڕاڵ و یەکگرتوو و گەشەسەندوو و خاوەند سەروەر دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ هیچ هەوڵێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی نابینڕێ بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی دادگای فیدڕال و میلیشیا شیعەکانی دەرەوەی دەستور بەرامبەر بە گەلی کوردستان دەیکەن، ئەمڕۆ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بە پێی پێویست نییە، بۆ زامنکردن و پاراستنی مافی گەلی کوردستان و تۆکمەکردنی فیدڕاڵییەت.
گروپە میلیشیاکانی دەرچوو لە یاسا و خاوەند دۆکترینی تایفەگەری و گوێڕایەڵ بۆ فەرمانی دەرەکی بە بەردەوامی و بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی نا دیموکراتی هێرش دەکەنە سەر کیانی هەرێمی کوردستان و مەبەستیانە پێگەی هەرێم لاواز بێت و ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، تا فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە نامۆ بێت و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵگەیی دەستەبەر نەکرێن و پاشاگەردانی ببێت بە مۆدێلێ بۆ حوکمڕانی لە عێراق و ناوچەکە.
دیارە گەلی خەباتکاری کوردستان، کە ویستی ئازادی و ڕزگاری هەیە، ئەم ژێر دەستی و زەلیلییە قبوڵ ناکات و بە یەك دەنگ و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین دژ بەو هەوڵانە ڕادەوەستێ و بەرگری لە مافەکانی دەکات، هەروەها هەرێمی كوردستان توانیویە لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە ڕێزگرتن لە پرنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بە پاراستنی ئەزمونی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە ئاینییەکان ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ، کەوا گەلی کوردستان ئامادەیە و سەرکەوتوو دەبێ لە پەیڕەوکردنی نموونەی دەوڵەتی نەتەوە، کە ئەمڕۆ مەرجێکە لە مەرجەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێ.
بە دڵنیاییەوە جەختکردنی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، لەسەر پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی فەلسەفەیەكە بۆ رێگریکردن لە درووستبوونی هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری. ئاشکرایە، کەوا ناسنامەی نیشتمانی کۆمکار دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوە و ڕەگداکوتانی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەکسانی ماف و ئەرکەکان.
ئێمە پێمان وایە گەلی خۆڕاگری کوردستان ڕیگە نادات مێژوو و ناسنامە و ئاسایشی بکرێت بە ئامانج و سەربڵندانە کار دەکات بۆ پووچەڵکردنی هەوڵی ئەو لایەنە نانیشتمانیانەی، مەبەستیانە کوردستان لەناو قاوخێکی تەسك بمێنێتەوە و خاك دابەش بێت، بێ گومان مێژووی كوردستان و خاکی كوردستان خاڵی هاوبەش و مێژوو و جوگرافیای گەلی كوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ڕێگە نادرێت لەت لەت بکرێت.
چۆن بێ ئابڕویانە داوا لە گەلی كوردستان دەکرێ ملکەچی فەرمانە ناڕەواکانی دادگای باڵای فیدڕاڵ و نیەتی شەڕانگیزی ئەو لایەنانە بێت لە بەغدا، کە بۆ دواوە هەنگاو دەنێن و توانای قبوڵکردنی فەرهەنگی بەرزنرخاندن و ڕێزگرتن لە بەرامبەریان نییە و بە بەردەوامی هەڕەشە لە ئاسایشی تاك و فەلسەفەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان دەکەن، ئەو کۆمەڵگەیەی دان بە هەموو جیاوازییەکان دەنێ، و ڕێز لەسەرجەم ئایین و ئاینزا و نەریتە مەدەنییەکان دەگرێ و هانیان دەدا ڕێز لە یاسا بگرن؟ وەرچەرخانەکان و گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی پەیوەست بە ناوچەکە دەبنە دەرفەت بۆ گەلی کوردستان، کە هەرگیز دەستبەرداری تایبەتمەندییە فەرهەنگی و مێژووییەکەی نابێت، کە زادەی ویستیە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیە لە کۆتاییدا سەروەری و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستان دەبێت.