خەبات: هاژە بەرزنجی- سلێمانی: ڕۆژی چوار شەمە ڕێکەوتی 6_3_2024 بەبۆنەی یادەکانی ئادارو ڕاپەڕین و نەورۆز ، ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ لەمەراسیمێکی شکۆداردا لەسلێمانی ، بەئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان و چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسی، دووبەڵگەنامە فیلمی بۆدووکەسایەتی دیارو ناوداری کورد نمایشکرد.
یەکەم ، بەڵگە فیلمی ( قەڵەمی زیندان) بوو کە تایبەت بوو بە ژیان و خەباتی نووسەروپێشمەرگە مامۆستا (سەلام عەبدولڵا)سەرنووسەری ڕۆژنامەکەمان کەلە دەرهێنانی (بڕوا کامیل عەتار) و جێبەجێکار (میترا پرۆدەکشن )کە بەرهەمی ڕێکخراو ی کوردستان دیالۆگە، بەڵگە فیلمی دووەم (هەرەس) کەبریتیی بوولە ژیان و خەباتی هونەر مەندو پێشمەرگە (حەمە ڕەشید هەرەس) لەدەرهێنانی (کامەران جەمال) و بەرهەمی تۆڕی میدیای ڕووداوە.
لەدەسپێکی مەراسیمدا، ئەو دووفیلمە نمایشکرا و هاوکات نمایشکردن و تەماشاکردنی هەردوو بەڵگە نامە فیلمەکەسەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشاو لەوەگەیشتن کەبەسەرهات وڕووداوەکان ڕاستەقینەن خاوەنی هەردوو داستانەکە ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون و حەماسێکی زۆریان بۆی هەبوو ، مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا نووسەرو پێشمەرگە ، کەپاڵەوانی فیلمی (قەڵەمی زیندان) بوو بەو نمایشی فیلمە فرمێسکی لەچاوی بینەران هێنایە خوارێ.
سەرەتا بەڕێز مامۆستا (سەلام عەبدوڵڵا )نووسەرو پێشمەرگەو و خاوەنی بەڵگە فیلمی (قەڵەمی زیندان ) و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (خەبات) گوتی: نووسینەوەی مێژووی یادەوەریەکان و بەسەرهاتەکان زۆر گرنگە بۆ نەوەی داهاتوو، کەبزانێ، پێش خۆیان چۆن بووەو چی ڕوویداوە؟ و چی بووە؟ ڕوون و ئاشکرایە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکان بەچ شێوازو بەچ دڕندەییەک مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەو سڤیلی کوردستان کردووە.
خۆشبەختانە من یەکێک بووم لەوانەی کەلەزیندانەکانی بەعسدا گیرابووم و بڕیاری لەسێدارەدانم درابوو ، بەڵام فرسەتێکم بۆ ڕەخساو خۆم نەجاتم بوو ، بۆیە ئێستا کە ئەو ڕووداوە باسدەکەم بۆ نەوەی داهاتوو ، وەک شاهید حاڵێک کەخۆمم ، هاوکات ئەو زانیاریانە و ئەو گێڕانەوانە هەمووی ڕاستن و بەسەر خۆم هاتووە، هیوادارم ئەو ڕووداوە فیلمە سوود بەخش بێ بۆ نەوەی داهاتوو، بۆ ئەوانەی کە داوادەکەن بگەڕێنەوە سەر حکومەتی بەغدا، هەروەها هیوادارم وانەیەک بێ بۆ نەوەی داهاتوو کەلەو حکومەتە بگەن کە هەمیشەو بەردەوام لە دژی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان کاردەکات.
هەوەها بەڕێز حەمەڕەشید هەرەس خاوەنی بەڵگەفیلمی (هەرەس) بۆ خەبات گوتی: ئەم فیلمە هەندێک لەژیانی منە کەلەساڵانی پەنجاکانەوە هێناومە ،کەناڵی ڕووداو سپۆنسەریان بۆکردووە کامەران جەمال دەریهێناوە ئەم فلیمە باسی ژیانی ڕابردووی من دەکات هەرمیللەتێک ڕابردووی نەبێت داهاتوشی نیە ، ئێمە ڕابردووی میللەتی کوردو ڕابردووی فرمێسک و خوێنین تاگەیشتوین بەئێرە،بە دەیان قۆناخی سەختمان بڕی بۆیە دەمانەوێ بەم فلیمانە بەنەوەی تازە بڵێین سەختی ژیان گەورەی کردین ئێوە ڕێز لە دەسکەوتەکان بگرن ئێمە کەمناڵ بووین باسی مێژووی بەردەرکی سەراو باسی خەبات و مێژووی بارزانیی نەمرو کوێرەوەریەکانی قازی محەمەدیان بۆ ئەکردین هەموو ئەمانەمان وەک فلیمێک دەهاتە بەرچاو تاسەرەی ئێمەش هات بووینە کارەکتەری ڕووداوە سەختەکان.
سەبارەت بە ڕێکخستنی ئەم چالاکیە کاک (سەربەست مەنمی)سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ بۆ ڕۆژنامەکەمان گوتی: ئێمە وەک کوردستان دیالۆگ کە ڕێکخراوێکی کولتووریو نەتەوەیی و نیشتمانین، لە چوارچێوەی چالاکیەکانماندا بەردەوام کارمان بۆ زیندوو ڕاگرتنی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کردووە، لە بەرز ڕاگرتنی یادی رۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و زیندو ڕاگرتنی یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، و بۆ بەرز و زیندو ڕاگرتنی یادەکانی ئادار و ڕاپەڕین ونەورۆزیش رۆژی ۲٠۲٤/۳/٦ دوو بەڵگەفیلم لە بارەی خەبات و ژیانی دوو نووسەر و هونەرمەندی پێشمەرگە نمایشکرد، هاوکات ڕێزمانگرت لە ساڵانی درێژی خەباتییان، هەروەها بەڕێزیان گوتیشی: بەو پێیەی کەمانگی ئادار ژمارەیەک بۆنەی گرنگی نەتەوەیی لە خۆی دەگرێت، ئێمەش زنجیرەیەک چالاکی ترمان بۆ بەرز ڕاگرتنی یادەکانی ئادار و نەورۆز دەبێت.
پاشان هونەرمەند (بەیان بۆمبا) کەیەکێک بوو لەبینەرانی فلیمەکان گووتی: دەستخۆشی لەرێکخراوی کوردستان دیالۆک ئەکەم کەتوانیویانە سەرباری کارەکانی خۆیان خزمەت بە هونەرمەندان نووسەرو پێشمەرگە بکەن ، بەم کارە ، کارێکی مەزن و زۆر جوانیان ئەنجامدا ، زۆر دەست خۆشی لەهەردوو دەرهێنەری بەتوانا (بڕوا کامیل عەتار) (کامەران جەمال) دەکەم، کەکارێکی زۆر جوانیان کردووە من شانازیان پێوە ئەکەم و وەشانازی بەمامۆستای قەڵەم جوان ڕۆسنبیر نوسەر پێشمەرگە بەڕێز سەلام عەبدوڵا پیرۆزبایی لێ ئەکەم کەفیلمێک بەناوی قەڵەمی زیندان کەژیان و خەباتی نوسەروو پێشمەرگەی دێرینی نووسیوەتەوەو نمایشی کرد هەروەها پیرۆزبایی لەهونەرمەندو پێشمەرگە حەمە ڕەشید هەرەسیش دەکەم سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ئێوەی ڕاگەیاندنکاریش.
بەڕێز (خاتوو نەسرین تەنیا) شاعیرو بەرپرسی رێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لەبەریتانیا گووتی: ئەو فیلمەی کەلەسەر ئەو دووکەسایەتیە مامۆستای بەڕێز (قەڵەمی زیندان)ی کاک سەلام و (هەرەس)ی کاک حەمەڕەشید زۆر کاریگەرییان هەبوو بەراستی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆک جێگای سوپاس وستایشە، من زۆر گریان کە بینیم پێشمەرگە چۆن خەباتیان کردووە و ئەمڕۆیان بۆ ئێمە دروستکردووە، لەکۆتایی مەراسیمەکەدا ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ ڕێزلێنانی بە هەردوو بەڕێزان مامۆستاسەلام عبدوڵڵا و حەمەڕەشید هەرەس بەخشی.












