سهرهتا چاوپێكهوتن یادهوەرییەکانی موحسین دزەیی لە کۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)دا:مستەفا بارزانی بەرژەوەندیی میللەتی دەویست...

ئامادەکردن- سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:
45 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی رابەری بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان مستەفا بارزانی تێدەپەرێت كە لە 1-3-1979 ماڵئاوایی لێكردین، بەڵام رێبازی بارزانی رۆژ دوای رۆژ لە بەهێزی و بەرفراوانیدایە. ئەمڕۆ هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكانییەوە، ڕاستی و رەسەنی و نیشتمانپەروەریی بارزانی و رێبازی بارزانی بەرز دەنرخێنن و دەزانن، كە تەنها رێبازی بارزانی مایەی ئاشتی و پێكەوەژیان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و هیواو ئاواتی رزگاربوون و سەربەخۆیی كوردستانە، لەم یادە رۆژنامەی خەبات بیرەوەرییەكانی هەڤاڵانی بارزانی بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.
بەڕێز (موحسین دزەیی) نوێنەری جەنابی (سەرۆك مەسعود بارزانی) لە پەرتووكی بیرەوەرییەكانیدا كە یاوەری بارزانیی نەمر بووە بۆ ئەمهریكا بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی، بەمشێوەیە باسی ئەو كاتە دەکات و دەڵێت:
لە 10ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا لە لایەن رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وەك لێژنەی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینترناشنال) و (هیومان ڕایتس وۆچ) و هەندێك وڵات یادی ئەم جاڕنامهیە دەكرێتەوە، بەر لە وادەی ئەم یادكردنەوەیە بە دوو هەفتە و لە كۆتایی ساڵی 1976 لە لایەن لێژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك داوەتنامەیەكمان بە دەست گەیشت، داوەتنامەكە ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرابوو تا لە بارەگای لێژنە بەو بۆنەیەوە وتارێك بخوێنێتەوە، مانگی 9 بە ئۆتۆمبێل بەرەو نیویۆرك كەوتینەڕێ، من و دۆستێكی، یاوەری بارزانی بووین. ساعەت 10ی سەر لە بەیانی رۆژی پاشتر واتە 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1976 بە ئۆتۆمبێلی خۆمان چووینە بارەگای لێژنەی مافی مرۆڤ، بارەگاكە كەوتبووە بەرامبەر بارەگای سەرەكی دەستەی نەتەوەیەكگرتووەكان و جادەیەك لێكی جیاكردبوونەوە، واتە هەریەكەیان كەوتبووە لایەكی جادە، دوای پشوودانێكی كورت لەلای سەرۆكی لێژنە، چووینە نهۆمێ یەكەم. هۆڵی كۆبوونەوە لەو نهۆمە بوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی لێژنەی مافی مرۆڤ، نوێنەری تایبەتی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان و هەندێك لە ئەندامانی سلكی دیبلۆماسی لەو هۆڵەدا ئامادە بوون. كە چووینە ژوورەوە بارزانی بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێكرا، لە ریزی پێشەوە شوێنی دانیشتنمان بۆ ئامادەكردابوو، سەرۆكی لێژنە بەخێرهاتن و سوپاسی بارزانی كرد كە لەم یادەدا ئامادەبووە، ئینجا پوختەیەكی دەربارەی شۆڕشی كورد، بێبەشبوونی میللەتی كورد لە مافە ڕەواكانی بۆ ئامادەبووان باسكرد، دواتر داوای لە بارزانی كرد تا وتارەكەی بخوێنێتەوە. بارزانی چووە شوێنی دیاریكراو و (دۆسكی)ش بۆ تەرجەمەكردنی وتارەكەی یاوەری بوو، بەر لەوەی بگاتە شوێنی دیاریكراو بارزانی لەلای پەنجەرەیەك ڕاوەستا، كە دەیڕوانییە گۆڕەپانی بەردەم بارەگاكە، لەوێ ئاڵای وڵاتانی ئەندام دەشەكایەوە، ئامادەبووان لەم هەڵوەستەیە سەریان سوڕما، بارزانی لە كاتی خوێندنەوەی وتاریەكدا وتی دەزانن بۆ لای ئەم پەنجەرە ڕاوەستام؟ بینیم ئاڵای سەرجەم وەڵات و گەلانی جیهان لە بەرامبەر بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵكراوە تەنیا ئاڵای كوردستانم نەبینی، هەندێك وڵاتی ئەندام ژمارەی دانیشتوانی ناگاتە چەند سەد هەزار كەسێك، بەڵام ژمارەی كورد لە (30) ملیۆن زیاترە. هەروەها بارزانی وتی(سەرەڕای ئەمەو هەرچەندە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كورد مافێكی ڕەواو سروشتی خۆمانە، بەڵام ئێمە تەنها داوای ئۆتۆنۆمیمان لە چوارچێوەی كۆماری عێراق كردووە، ئێستا میللەتی كورد لە ژێردەستی رژێمی بەغدا لە سێدارە دەدرێن و دەخرێنە بەندیخانە و تاراوگەوە). بارزانی كەوتە باسكردنی بارودۆخی كورد لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا و چۆن هاوپەیمانان لە دوای دووەم جەنگی جیهانی و لە پەیماننامەی سیڤەردا بەڵێنی دامەزراندنی قەوارەیەكی كوردییان داو و پاشان ئەو پەیماننامەیە بە پەیماننامەی لۆزان گۆڕدرایەوە دوای ئەوەی كە توركیا تەنازولی لە ویلایەتی موسڵ بۆ عێراق كرد.
* بەڕێز (موحسین دزەیی) لە هەندێك لە بیرەوەرییەكانی دا باسی ئەوكاتە دەکات، کە لە درەنگانی شەواندا، كە محەمەد سەعید دۆسكی جێیدەهێشتن، ئەم و بارزانی بە تەنیا دەمانەوە. لە هۆڵی نان خواردن مێزێك دانرابوو كە شەش كورسی بەدەورەوە بوو، بارزانی لەوسەر و منیش بەرامبەری دادەنیشتم، زۆر حەزی لە خوێندنەوەی كتێبی مێژووی جەنگەكان بوو و دەوری فەرهەنگە ئینگلیزی و عەرەبیەكانی دەكردەوە، جار جار پرسیاری هەندێك وشە و چۆنیەتی ژنەوتنی دەکرد. هەروەها جار جار سەیری فیلمی سروشت و دارستان و ئاژەڵی كێوی دەكرد، حەزی لە مۆسیقا و گۆرانی فۆلكلۆر و لاوك بوو، جار جار چایەکم دەخستە بەردەمی، چەندان سەربودەی بۆ دەگێرامەوە بە تایبەتی هی سەردەمی منداڵی و زۆر بە( ئەحمەد ئاغای شێروانی) خاڵۆی سەرسام بوو. دەیوت چەند مانگێك دوای كۆچی باوكم هاتوومەتە دنیاوە. خاڵۆم فێری نیشان شكێنی و ڕاوی كردم و لە گەڵیدا چوومەتە ڕاو. تاقانەی دایكم بوومە. براكانی تریشم شەهید شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و محەمەد سەدیق و شێخ بابۆن. شێخ بابۆ تەمەنی چەند مانگێك بوو، كە باوكی كۆچی دوایی كرد بۆیە بەناوی باوكییەوە ناودێر كرا. بارزانی دەیگوت عەشیرەتی شێروان عەشیرەتی سەرەكی سەربە شێخانی بارزانن. بە سەرۆكەکەیان دەگوت میری شێروانییان، كە ئەو كاتە ناوی سوڵتان بوو و باوكی ئەحمە دئاغای خاڵی بارزانی بوو. ئەحمەدئاغا پیاوێكی بێ فیزو نان دەرو ئازا بوو. بەرگرییەكی گەورەی لە شێخانی بارزان دەكردو لە هێرشی عەشیرەتەكانی دیكە پاراستی. بارزانی كە منداڵ بوو لەگەڵ خانەوادەكەی چەندین جار لە لایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە دەستگیركراون. كاتێكیش گەیشتە قۆناغی مێرد منداڵی زۆرجار ئەحمەد ئاغای خاڵۆی، لەگەڵ خۆیدا دەیبرد بۆ ڕاو و فێری چەك هەڵگرتن و نیشان شكێنی دەكرد. بارزانی دەربارەی یەكێك لەو ڕاوانە دەیگێڕایەوە کە تووشی ورچێكی گەورە هاتن و هێرشی بۆ هێنان، ئەحمەد ئاغا تەقەی لە ورچەكە نەكرد و چاوەڕێی ئەوەی دەكرد ئاخۆ بارزانی گەیشتۆتە ئەوێ و تەقەی لێدەكات و دەیكوژێت. ئەحمەد ئاغا زۆر بەوە دڵخۆش دەبێت كە بارزانی بوەتە ڕاوچی و نیشانشكێن. بارزانی زۆر باسی ئازایەتی و لیهاتوویی ئەحمەدئاغا خاڵۆی و ئەو خزمەتانەی كە پێشكەش بە شێخانی بارزانی كردووە دەکرد. جارێك لە بارزانیم پرسی: جەنگاوەرەكان بۆ ئەوەندە تۆیان خۆشدەویست و بە بێ دوودڵی فەرمانەكانتان جێبەجێ دەكرد؟ بارزانی بە زەردەخەنەیەكەوە وەڵامی دایەوە: هەڵسوكەوتی من لەگەڵ جەنگاوەران هەڵسوكەوتی سەركردە و سەرباز نەبوو، هەموویانم وەك كوڕ و برای خۆم تەماشا دەكرد، لە سەرجەم ئەو شەڕانەی كە دژی دوژمن بەشداریم تێدا كردوون شوێنی هەرە مەترسیدارم بۆ خۆم هەڵبژاردووە، گیانی ئەوانم لە گیانی خۆم لا گرنگتر بووە، هەروەها پێداویستییەكانی ئەوانم لە خواردن و جل و بەرگ، پێشی خۆم دابین كردووە. بەمجۆرە بارزانی خۆی بە خزمەتكاری گەلەكەی نەك گەورەی گەلەكەی حسێب دەكرد. چەندان جار بینیومە نامەی بۆ پێشمەرگە و یاوەرانی نووسیوە یان وەڵامی نامەكانیانی داوەتەوە و لە كۆتاییدا نووسیویەتی( برا و خزمەتكارتان). بەڕاستی ئەو زاتە تەمەنی خۆی لە چیاو بەندیخانە بەسەربرد. چاوی لە بەرژەوەندیی كەسێتی خۆی نەبوو بەڵكو بەرژەوەندیی میللەتی دەویست و قەت نەحەسایەوە. لەبەر ئەو هۆكارانە خەڵك بارزانییان خۆش دەویست و تاكە سەركردەی بێ ركابەری میللەت بوو.
(موحسین دزەیی) لە بارەی بارودۆخی تەندروستیی بارزانی، كە بەرەو خراپی دەڕوات و هەتا بارزانیی نەمر وەسییەتی كردبوو كە لەچ شوێنەك بەخاكی بسپێرین لەمبارهیەوە دەنووسێ:
دوای 20ی مانگی شوباتی 1979 و پاش رووخانی رژێمی شای ئێران و هەروەها دوای دڵنیابوون لە بارودۆخی پەنابەران و خزمان لە ئێران، تەندروستی بارزانی بەرهو خراپی چوو، زۆر لای ئێمە دانەدەنیشت، زۆربەی كات بەرامبەر ژوورەكەی پیاسەی دەكرد یان لەسەر پێخەفەكەی پاڵی دەدایەوە. بەرگەی ئازارەكانی دەگرت و هیچ گازندەیەكی نەبوو. من و ئیدریس بە نۆرە چاودێریمان دەكرد. لە وادەی دیاریكراو ئەو دەرمانانەم دەدایێ كە پزیشك بۆی نووسیبوو. بارزانیی نەمر، تەواو دڵنیا بوو كە چەند رۆژێكی ژمێردراو لە ژیانی ماوەو ساتی ماڵئاوایی نزیك بووەتەوە، بۆیە لە بەرامبەر من و ئیدریس، بە نیسبەت دوامەنزڵ و گۆڕی خۆی وەسیەتی كرد و فەرمووی:( حەزدەكەم ئەگەر كرا لە بارزان بە خاكم بسپێرن و ئەگەر نەشكرا بمبەنەوە كوردستانی ئێران بە ئەمانەت لە تەنیشت شێخ بابۆ بمنێژن و دواڕۆژ بمبەنەوە بارزان). ویستمان تۆزێك دڵی بدەینەوە، بەڵام بە زەردەخەنەیەكەوە وتی:(من كەسێكم باوەڕم بەخودا هەیە و چارەنووسی هەر مرۆڤێكیش مردنە و ئەمە كارێكی سروشتییە. لە ژیانمدا دەیان جار رووبەڕووی مردن بوومەتەوە و بە ڕێكەوت رزگارم بووە، بەڵام چونكە خودا ئیرادەی لەسەر نەبووە و وادەم نەهاتبوو هەر ژیاوم، ئێستاش دەزانم ساعەتەكە نزیك بووەتەوە و بە فەرمانی خوا رازیم. خوالێخۆشبوو محەمەد سەعید دۆسكی پەیوەندی بە نەخۆشخانەی (جۆرج واشنتۆن) ەوە كرد، ئوتۆمبێلی فریاكەوتن هات و بارزانیمان بردە نەخۆشخانەی ناوبراو. ئیدریس و دۆسكی و من و فەرهادی نەوەی، یاوەری بارزانی بووین. پاشنیوەڕۆی 25-2-1979 لە ژوورێكدا پشكنینی پێویستی لە لایەن پزیشكانەوە بۆ كرا. چوار شەو و چوار رۆژ بە تەواوی لە نەخۆشخانەدا ماینەوە، نیوەشەو بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ ماڵی بارزانی دەكرد كە ئەودەمە لە ئێران کاتی بەیانی بوو. لە شەوی چوارەم، واتە ڕێكەوتی 28-2-1979 كات لە ئەمهریكا سپێدەی یەكی ئاداری ساڵی 1979 بوو، كاك ئیدریس تەلەفۆنی بۆ تاران كرد، بارزانی نووستبوو، من لە تەنیشت ئیدریس راوەستابووم، زانیمان كاك مەسعود گەیشتۆتە ئێران و لە كەرەج وا لە نێوان كەسوكاری دایە، چوومە ژوورەكەی بارزانی بینیم نووستووە، دوای چەند دەقیقەیەك چاوی كردەوە، وتم كاك مەسعود بە سەلامەتی گەیشتۆتە كەرەج. وتی: تۆ دڵنیای؟ راستی هەواڵەكەم پێگوت، بە زەردەخەنەیەكەوە وتی سوپاس بۆ خوا، زۆر دەترسام ئەو كوڕە تووشی بەڵایەك ببێت، چونكە چاودێری دەكەن، سوپاس بۆ خوا. بارزانی دووبارە نووستەوە و منیش لەسەر كورسییەكەی بەرامبەر قەرەوێڵەكە دانیشتم. بارزانی خەوی لێكەوتەوە. لە ژوورەكەی هاتمە دەرەوە و بینیم ئیدریس پیاسە دەكات، قسەكانی بارزانیم بۆ گێڕایەوە. ئیدریس وتی: بارزانی وتی چەند ساعەتێكی ژمێردراو یان دیاریكراو؟ وتم: (وتی چەند ساعەتێكی ژمێردراو)، ئیدریس بە خەمباریەوە وتی دەزانێت كە سەعاتەكە نزیك بووەتەوە!. گەڕاینەوە ژوورەكە، كەوتینە چاودێریكردنی بارزانی.
* موحسین دزەیی لە بارەی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر، لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت:
پاش ماوەیەكی كورت، پزیشكی پسپۆڕ و كارمەندان هاتن، چەند پشكنینێكیان بۆ بارزانی كرد، دڵخۆشییان پیشاندا و وتیان تەندروستی زۆر باشە و دەتوانێت سەفەر بكات و نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت. ئێمە زۆر دڵخۆش بووین و لە نێوان خۆماندا كەوتینە گفتوگۆ. بڕیارماندا رۆژی پاشتر سەفەر بكەین. محەمەد سەعید دۆسكی پەیوەندی بە وەزراەتی دەرەوەی ئەمهریكاوە كرد، ئێمەش پەیوەندیمان بە باڵیۆزخانەی ئێرانەوە كرد. نوێنەرێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ئافرەت بوو هاتە نەخۆشخانە تا لە جیاتی حكوومەتی ئەمەریكا ماڵئاوایی لە بارزانی بكات. بارزانی لە شوێنی خۆی راست بۆوە، بە درێژی باسی گەلی كوردی بۆ نێردراوەكە كرد، كە چۆن دوای رێككەوتننامەی خیانەتكاری جەزائیر لە ئێران لە نێوان هەردوو گۆڕبەگۆڕ شا و سەدام و بە موبارەكبایی گۆڕبەگۆڕ هواری بومەدین، شۆڕشی كورد بەم رۆژە گەیشت، هەروەها باسی ئەوەی كرد كە ئەمەریكا بە تایبەتی (هێنری كیسنجەر)ی وەزیری دەرەوە ئاگاداری ئەو رێككەوتننامەیە بوو، لە ژێرەوە بە نهێنی پاڵپشتی كوردی دەكرد، سەرەڕای ئەوە ئەوان چەندان بەڵێنیان بە گەلی كورد و شۆڕشی بارزانی دابوو. محەمەد سەعید دۆسكی قسەكانی بارزانی بۆ زمانی ئینگلیزی وەردەگێرٍا، بارزانی داوای لە نێردراوە ئەمەریكییەكە كرد كە گلەیی و گازندە بگەیەنێتە حكومەتی ئەمەریكاو بزانن كە زوو یان درەنگ میللەتی كورد هەر بە ئامانج دەگات. هەروەها بارزانی داوای كرد كە سوپاسی بگەیەنێتە ئیدارەی ئەمەریكا سەبارەت بەو ماوەیەی كە لە ئەمەریكادا مایەوە. دواتر نێردراوە ئەمەریكییەكە رۆیشت. كاك ئیدریس و من لە نەخۆشخانە هاتینە دەرەوە تا هەندێك پێداویستی بكڕین و خۆمان بۆ سەفەر ئامادە بكەین. دۆسكی و فەرهاد لای بارزانی مانەوە. تەندروستی بارزانی زۆر باش بوو، گەڕاینەوە ماڵەوە، ریشمان تاشی و خۆمان شوشت. ئێوارەی پێنجشەممە رێكەوتی 1ی ئاداری ساڵی 1979 بوو، خەریك بوو ماڵەوە جێبهێڵین و بچینە نەخۆشخانە کە زەنگی تەلەفۆن لێیدا، كاك ئیدریس تەلەفۆنەكەی هەڵگرت، فەرهاد لەسەر خەت بوو، هاواری كرد بە ڕاكردن و بە پەلە بگەینە نەخۆشخانە، لە ماوەی چەند دەقیقەیەكدا بە ئۆتۆمبێل گەیشتینە نەخۆشخانە و چووینە ژوورەكەی بارزانی. بینیمان فەرهاد بە كوڵ دەگری و محەمەد سەعید دۆسكیش فرمێسكی چاوی دەسڕێتەوە، پیاوی گەورەو مرۆڤی ئەسڵزادە دنیای بەجێهێشت. بۆ ئێمە سەدمەیەكی گەورە بوو. تەرمە پاكژەكەیمان بینی لەسەر قەرەویڵە كە راكشا بوو، چەرچەفەكەمان لەسەر لادا دەتوت نووستووە. من و ئیدریس لە پڕمەی گریانماندا بۆ لەدەستدانی ئەو سەركردە مەزنە. ئەو سەركردە لێهاتووە بەجێیهێشتین كە هەموو ژیانی بۆ خزمەتی گەلەكەی و بەدیهێنانی مافی رەوای میللەتە زوڵم لێكراوەكەی تەرخانكرد. ئەو پیاوە مەردە سادە و بە وەفایە دنیای جێهیشت. هەموو حەزی خزمەتی گەلەكەی و زوڵملێكراوان و هەژاران بوو. لە پێناوی ئەو ئامانجەی، دەیان جار هەوڵی لە ناوبردنی دراوە، توشی بەندیخانە و تاراوگە هاتووە و چیا سەركەشەكانی كوردستانی كردووە بە پەناگە تا بەرگری لەو ئامانجە بكات.
* هەواڵی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر گەیشتە پەنابەرانی كورد، لەمبارەیەوە بەڕێز موحسین دزەیی دەنووسێ:
دواتر هەواڵەكە گەیشتە پەنابەرانی كورد لە ئەمەریكا و كەنەدا. ژمارەیەکی زۆریان لە چەندان شارەوە بە هەڵەداوان گەیشتنە ماڵەكەی ئێمە لە واشنتۆن. من هەواڵەكەم بە دكتۆر- ماكفیرسن- پزیشكی تایبەتی بارزانیی نەمر لە مایوكلینك راگەیاند، بە هەواڵەكە زۆر خەمبار بوو و داوای كرد پرسەنامەی بگەیەنمە كاك ئیدریس و وتی لەو كاتەدا ناتوانم راستەوخۆ قسەی لەگەڵدا بكەم. محەمەد سەعید دۆسكی، هەواڵەكەی گەیاندە رۆژنامەنووس دانا ئادەم شمیدت، دۆستی دێرینی بارزانی و خاوەن كتێبی گەشتێك لە نێوان پیاوە ئازاكان، شمیدت لە رۆژنامەنووسە بەراییەكان بوو كە لەسەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سەردانی كوردستانی كرد. شمیدت لە رۆژنامەی كریستیان ساینس مۆنیتەردا كاری دەكرد و هەواڵەكەی گەیاندە ئاژانسەكانی دەنگوباس و رادیۆكان. بەمجۆرە هەواڵەكە بە هەموو جیهان بڵاوبووەوە. نیوەشەو كاك ئیدریس تەلەفۆنی بۆ ماڵەوەیان كرد، تازە تەلەفۆنێكیان وەرگرتبوو، خوالێخۆشبوو نازدارخانم هاوسەری وەڵامی دایەوە، ئیدریس بە نازدار خانمی وت داوا لە شێخ محەمەد خالید و مەسعود بكە بێنە ماڵی بارزانی تا قسەیان لەگەڵدا بكەم، بێ ئەوەی كاك ئیدریس هەواڵەكە بە هاوسەرەكەی بڵێت نازدارخانم لە مەسەلەكە گەیشت و لە پڕمەی گریانیدا. دوای ماوەیەكی كەم، كاك ئیدریس دیسان تەلەفۆنی بۆ ماڵی بارزانی كردەوە شێخ محەمەد خالید و كاك مەسعود لەوێ بوون. كاك مەسعود بەر لە 24 ساعەت گەیشتبۆوە تاران. هەموو ئەو هەواڵە دڵتەزێنەیان زانی، كاك ئیدریس دەیویست دڵی كاك مەسعود بداتەوە، چونكە دەگریا، بەڵام بێ سوود بوو، ئەودەمە لە ئێران سەعات هەشت و نیوی سپێدەی رۆژی 2-3-1979 بوو، بەڵام لە ئەمەریكا نیوەشەوی 1-3-1979 بوو. گەیشتە رۆژی 2-3-1979،دەیان پەنابەر لەشارە جیاجیاكانی ئەمەریكاوە گەیشتنە واشنتن بۆ پرسە وسەرەخۆشی و دەربڕینی هەستیان بەرامبەر بەو كارەساتە دڵتەزێنە. ئێوارەی شەممە 3-3-1979 چووینە باڵەفڕخانەی دالاس لە واشنتۆن، تا باڵەفڕخانە، ژمارەیەكی زۆر پەنابەر یاوەرمان بوون كە حیكمەت بامەڕنیش لە گەڵیاندا بوو. دوای ئەوەی گەیشتینە باڵەفڕخانە، بالیۆز مۆریس دریپەر هاتە لامان و پرسەی حكومەتی ئەمەریكا و وەزارەتی دەرەوەی پێڕاگەیاندین و تا بەڕێكەوتین هەر لامان مایەوە، دوای ماڵئاواییمان لە هەمووان كردو سوپاسمان كردن و ڕوومان لە هۆڵی جێهێشتن كرد. ئیدریس و من و دۆسكی و فەرهاد یاوەری تەرمە پاكژەكەی بارزانی بووین. كاك ئیدریس وتی هەندێك كەس زۆر بەدڵسۆزی و دەستپاكییەوە ئەو ئەركە بەجێدەهێنن كە داوایان لێكراوە، باڵەفڕەكە باڵەفڕخانەی دالاسی لە واشنتۆن جێهێشت و ئێمەش لەگەڵ تەرمە پاكژەكەی بارزانی بۆ دوا جار لە ساعەت 9ی رۆژی 3-3-1979 ئەو وڵاتەمان جێهێشت.
سەرچاوە:
پەرتووكی: جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد شۆڕشی ئەیلوول 1961-1975
پەرتووكی: وێستگەكانی ژیانم بەشی سێیەم و كۆتایی (موحسین دزەیی).