هەریەك لە كونسوڵخانەكانی ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پێشوازیی لە دیاریكردنی رۆژی 10ی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

لە راگەیەندراوێكدا کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بە ئەوە داوە كە پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەكات راشی دەگەیەنێت: “ئێمە پشتگیری لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین، کە بۆ دیموکراسییەکی تەندروست و ئایندەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.”

لای خۆیه‌وه‌ کلاودیۆ کۆردۆن،جێگری نوێنەری تایبەتی UN لە عێراق ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌ داوه‌: “ڕۆژی 10ی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە. بەهیوای ئەوەین کە هیچ بەربەستێکی تری نەیەتە پێش. یونامی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پشتیوانیی خۆی وەکو داوا کراوە.”

هه‌روه‌ها کۆنسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێریش رای گه‌یاندووه‌ كه‌ پێشوازیی لە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە 10ی حوزەیران دەکات، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ روو كه‌ كونسوڵخانه‌ هانی هەموو لایەنەکان دەدات بە پڕۆسەیەکی ڕێک و پێک و ئازاد و دادپەروەرانە بە ئەنجام بگەیەنن.

هه‌روه‌ها كونسوڵخانه‌ی گشتیی فەڕەنسا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ روو كه‌ پێشوازی لە دیاریکردنی هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەکات لە رۆژی 10 حوزەیرانی 2024، رێکخستنی هەلبژاردنێکی ئازادانە لە بەرژەوەندی هەموویاندایە.

لای خۆیەوە کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پێشوازیی لە راگەیاندنی دیاریكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، راشی گەیاندووە “هەڵبژاردن زور گرنگه بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و داهاتووی ناوچەکه.”