سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەو کۆنگرێسمانە ئەمەریکییە کۆبووەوە، کە ساڵی رابردوو پێشنیازیکرد ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی بداتە هێزی پێشمەرگە. پێشنیازەکەشی پەسەندکراوە و لە بودجەی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2024 جێگەی کراوەتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆن بەیکن، کۆنگرێسمان و هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند، “پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێس، گرنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت”.
دۆن بەیکنیش دووپاتیکردەوە، “هەمیشە دەنگی کوردستان دەبین لە ئەمەریکا، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان”.
دۆن بەیکن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە، لە پارتی کۆمارییە و بە دۆستی کورد ناسراوە. لە 21ی حوزەیرانی 2023 لیژنەی خزمەتگوزاریی چەکداریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێشنیازەکەی دۆن بەیکنیان بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزی پێشمەرگە پەسەند کرد.
پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی، چەک و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە بودجەی بەرگری ئەمەریکا بۆ 2024 جێگەی کراوەتەوە، بودجەی بەرگریش بۆ 2024، 886 ملیار دۆلارە، دوای ئەوەی کۆنگرێس پەسەندی کرد، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاش لە 22ی کانوونی یەکەمی 2023 واژۆی کرد.
1ی شوباتی 2024یش ئەو وادەیە دەستیپێکرد، کە دەبێت وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری دەرەوە دەست بە داڕشتی پلانی کرداری بکەن بۆ پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی، چەک و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، پێویستە لە 90 رۆژدا وەزیری بەرگری پلانەکە جێبەجێبکات، تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت دوایبخات، ئەگەر زانرا، کاریگەری لەسەر جبەخانە و توانای بەرگریی ئەمەریکا دەبێت.