وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرای دەكات، تاوەكوو ئێستا 96 %ی کۆی ژمارەی خێزانەکان لە پێدانی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەند بوونە.

لە راگەیاندراوێكدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تاوەكوو ڕۆژی 14ی2ی2024، نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش کردووە، لە هەولێر نزیکەی 96 ملیۆن لیتر و لە سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی 102 ملیۆن لیتر و لە دهۆکیش، نزیکەی 52 ملیۆن لیتر.”

ئاماژەی بەوەش داوە: ” تاوەكوو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن و 248 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەند بوونە، كە دەکاتە رێژەی زیاتر لە 96%ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی كوردسان.”

وەزارەتەكە ئاشكراشی كردووە، وەزارەتی نەوتی عێراق تاوەكوو رۆژی 14ی2ی2024، نزیکەی 33 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە و بەسەر 220 هەزار خێزان دابەش كراوە.

جەختیش كراوەتەوە، كە لە نەوتەكەی عێراق، لە هەولێر: زیاتر لە 94 هەزار خێزان و لە سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 50 هەزار خێزان و لە دهۆکیش زیاتر لە 76 هەزار خێزان سوودمەند بوون .