تەقینەوەیەکی بەهێز لە سنووری پارێزگای ئەسفەهان لە ئێران ڕووی دا و بەپرسی ناوەندی تۆڕی غازی ئێرانیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14/2/2024، لە سنووری پارێزگای ئەسفەهان لە ئێران تەقینەوەیەک ڕووی دا و چەندین ڤیدیۆ بڵاو بووەتەوە، کە ئاگرێکی گەورە لە شوێنی تەقینەوەکە دروست بووە و دەردەکەوێت لە بۆڕیی گواستنەوەی غازی گشتی ڕووی داوە.

سەعید عەقلی، بەپرسی ناوەندی تۆڕی غازی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، تەقینەوەکە لە بۆڕیی غاز لە شاری (بروجن)ی سەر بە پارێزگای ئەسفەهان بووە.

سەعید عەقلی هەروەها ئاشکرای کردووە، ئەم تەقینەوە لەلایەن کەسانێکی نەناسراو بە مەبەستی خراپ ئەنجام دراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.