خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر (4)ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 2024/2/12 بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەهاوکاریی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد ، بەئامادەبوونی بەڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات وژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، لەهۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لەمەراسیمێکی شکۆدار و شایستەدا نووسەرو شاعیری ناسراو (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) ڕێزی لێگیرا.

سەرەتای مەراسیمەکە بەڕێز باهۆز مستەفا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو پاشان پیرۆزبایی لە یادی 54 مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد کردو ژیاننامەیەکی کورتی مامۆستا عەباسی پێشکەشکرد و تێیدا کارو چالاکی و بەرهەمەکانی بەرز نرخاند، دواتر وتارێکی هاوبەشی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لەلایەن بەڕێز فەرهەنگ غەفوور خوێنرایەوە.

پاشان بەڕێز عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد وتارێکی لەسەر ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی مامۆستا عەباس لەبواری نووسیندا پێشکەشکرد، پاشان چەندین وتاری دیکە لەلایەن بەڕێزان (شێخ ئیسماعیل بەرزنجی و سابیر ڕەشید و سمکۆ محەمەد و دکتۆر کەمال سەعدی) لەسەر بیرەوەی و ژیان و کەسایەتی ئەدەبیی و کارو چالاکی و بەرهەمەکانی شاعیر خوێندرانەوە.

لەکۆتاییدا خەڵات و دیاری ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە نووسەر کرا و لەناویاندا مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات، چەپکە گوڵی ڕۆژنامە و لاپەڕەی (هزر هونەر)یش چەپکە گوڵی خۆی پێشکەش بەنووسەر کرد، شایانی باسە، مامۆستا عەباس عەبدوڵڵا یوسف، ماوەی چەند ساڵێک لە پاشکۆی (ئەدەب و هونەر)ی ڕۆژنامەی برایەتی و خەبات وەک ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو پاشکۆیە کاریکردووە.