لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە بۆ بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك (بایعی) دەخورێت.

بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:

یەكەم: بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێکەوتی  ٢٠٢٢/١٠/٢٣  ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا، كە لەو ڕێكەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک و کۆمپانیای گشتیی دروستکراوی دانەوێڵە (داهاتی سەبەتەی خۆراك) درایەوە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجیی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجیی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستیی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ، هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق.

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چلوهەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبراویش بەم شێوەیە بە پێی ڕێنوێنییه‌كانیان خەرجی دەكاتەوە :-

  • بڕی یەك ملیار و سێسەدوپەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

  • بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراك (بایعی) لە هەرێمی كورستان كە (٣٧١) فەرمانبەرن، بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە (٢٤١) فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەدوپەنجا هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵە (سایلۆكان) كە ٣٥٦ فەرمانبەرن بڕی نەودونۆ ملیۆن و شەشسەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێڵە (ئاشەكان) كە ١٩٦ فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیستونۆ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەرێمی كورستان كە ٣١٠ فەرمانبەرن بڕی حەفتاوحەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، كە ٨٥ فەرمانبەرن، بڕی بیستوسێ ملیۆن و پێنجسەد و حەفتاوپێنج هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون كە ٨٥ فەرمانبەرن بڕی دوانزەملیۆن و شەستودوو هەزار دینار وەردەگرن. .

  • پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دیوان كە ١٦٥ فەرمانبەرن بڕی سیودوو ملیۆن و دووسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

  • پاداشتی نووسینگەی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتییەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشتسەد هەزار دینار وەردەگرن.

  • تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تا ئێستا ١٠ سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنیا هەشت بەش دابەش كراوە.

سێیەم: لەبەر گرنگی و هەستیاریی بابەتەكە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان، لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنوس و پەیجانە تۆمار بكەین، كە بە مەبەست ڕای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێبنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.