شێرزاد حمدئەمین بەرێوەبەری سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی

خەبات: ڕۆشنا عەلی:- دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ڕاگرتنی هەڵسەنگاندنی دەرەكی قوتابخانەكان لە سنووری پەروەردەی گشتی هەولێر كە گوایە بەبڕیارێك ڕاگیراوەو ئەمساڵ ئەنجام نادرێت، لەلێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات شێرزاد حەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتی یەكەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی گشتی هەولێر بۆ خەبات گوتی:هەڵسەنگاندنی دەرەكی بەیەكجاری ڕانەگیراوەو تەنها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك وەستاوە. لەم بارەیەوە گوتی:هیچ ڕێنمایی و بڕیارێك نییە كە هەڵسەنگاندنەكە بە فەرمی ڕاگیرابێت و ئەنجام نەدرێت، لە ئێستادا %30 هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان ئەنجامدراوەو بە كۆتا گەشتووە ڕاگرتنیشی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بووە و رەنگە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست پێبكاتەوە.

لەبارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو ماوەیە چەند بووە؟ ئایاهیچ كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە كراوە بەیەكجاری ڕابگیرێت ئەمساڵ؟ مامۆستا شێرزاد گوتی: هەمووی حەوت ڕۆژ بووە لە 7-1وە تا ئەمڕۆ دوو شەممە دەستی پێنەكردۆتەوە تەنها لەناو هەولێر ڕاگیراوە لە دهۆك و سۆران بەردەوامە ئەگەر بڕیاری ڕاگرتنی بۆ ئەمساڵ بدرێت ئەوا بێگومان وەزارەت كۆدەبێتەوەو هەر بڕیارێك پێویست بێت و بەرژەوەندی قوتابیان و قوتابخانەكانی تێدا بێت ئەو بڕیارە دەدات.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هۆی ڕاگرتنەكەی چی بووە ئەو بەڕیوەبەرەی یەكەی سەرپەرشتیاری گوتی:لەسەر داوای كۆمەلێك بەرێوەبەرو سەرپەرشتیار بووە كە پێیان باش بووە چەند ڕۆژێك ڕابگیرێت، دەربارەی ئەوەشی ئەگەر هەمان ئەو بەڕیوەبەرو سەرپەرشتیارانە داوا بكەن بەیەكجاری ڕابگیرێت ئایا ئەو پرۆسەیە بەكۆتا دێت ؟لەم بارەیەوە مامۆستا شێرزاد گوتی: ناكرێت بەیەكجاری ڕابگیرێت لە كاتێكدا لەوەرزی یەكەم دەوامێكی باش كراوەو وەرزێكی خوێندنی ڕێك و پێك بە پێی پلانی وەزارەت تەواو كراوەهیچ بیانوویەك نییە بۆ وەستانی ،بەڵام ئەگەر ڕابگیرێت بێگومان دراسە دەكرێت و وەك باسم كرد ڕێنمایی و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

هەڵسەنگاندنی دەرەكی قوتابخانەكان پڕۆسەی بنیاد نانی توانای قوتابخانەكانە لە ماوەی ساڵێكی خوێندن و هەڵسەنگاندنییەتی لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی كە پێك دێن لە سێ سەرپەرشتیارو تەواوی لایەنەكانی قوتابخانە وەك ئەوەی هەیە هەڵدەسەنگێنن و نمرەی ئاست بە قوتابخانەكان دەدەن.