نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی ڕابردوو (مانگی 1ی 2024) كەمترینی 11 هەزار و 750 دینارە و زۆرترینیشی 17 هەزار و 750 دینارە، لە سلێمانیش 18 بۆ 19 هەزار دینارە و لە دهۆكیش 19 هەزار و 750 دینارە. بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر بۆ مانگی 1ی 2024، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا كەمترینی 11 هەزار و 750 دینارە و زۆرترینیشی 17 هەزار و 750 دینارە.”
ئەمە لەكاتێكدایە، نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ (مانگی 12ی 2023)، كەمترینی 12 هەزار و 500 دینار و زۆرترینی 17 هەزار دینار بوو.
لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد، بۆ مانگی ڕابردوو، مۆلیدە ئەهلییەكان بە تێكڕا لە مانگەكەدا 388 كاتژمێر كارەبایان داوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە، مۆلیدەکان 24 کاتژمێر کارەبایان داوە، لەو شوێنانە نرخەکە جیاوازترە، گوتیشی: “لەو چەند ناوچەیە ئەمپێرێک کارەبا 21 هەزار و 500 دینارە، چونکە 24 کاتژمێر کارەبایان داوە، ئەوەش چەند گەڕەکێک دەگرێتەوە.”
بەپێی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی، نرخی ئەمپێرێك بۆ مانگی رابردوو لەنێوان 18 بۆ 19 هەزار دینارە و ئەو مۆلیدانەیشی، کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە، نرخی ئەمپێرێك 21 بۆ 23 هەزار دینارە.
لە شاری دهۆكیش نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە بەگشتی 19 هەزار و 750 دینارە.