خەبات: هێمن ئاری:- گەورە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ مەحەمەدی ماملێ، بە یەکێک لەو قوتابخانە هونەرییانە دادەدەنرێت کە لەسەردەمی خۆیدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بزاوت و بەرەوبێشبردنی هونەری گۆرانی هەبووەو بۆ هەمیشە بەرهەم و ڕێچکە هونەرییەکەی بەڕەسەنی لەنێو کاروانی هونەری کوردیدا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
ماملێ لەکوردستانی رۆژهەڵات، لە ساڵی لە 2ی حوزەیرانی ساڵی 1925 لە گەڕەکی (خڕێ) لەشاری مەهاباد لەدایکبووە. ناوی تەواوی مەحەمەد سەعید عەلییە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەھاباد تەواو کردووە. نازناوی ماملێی لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات باوکی نەخوێندەوار بووە، کاتێک سەر ژمێری گشتی ھاتووە لێیان پرسیووە ناوی خۆت و باوکت چییە؟ ئەویش گوتوویەتی سەعید مام عەلی، لەبەرئەوەی پیتی (ع) لە زمانی فارسی و قسەکردندا بەکار نایێت، ئەوانیش نووسیوویانە سەعید ماملێ، ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە ھەر دەڵێن ماملێ.
بنەماڵەی ماملێ، هەر لەسەرەتاوە دەنگێکی پر لەسۆز و زوڵاڵ لەگەروویاندا بوونی هەبووەو بۆتە هۆی ئەوەی هەر لەمنداڵییەوە بەهرەی گۆرانی گوتن لەگەڵیان نەش و نما بکات و بنەماڵەکەیان ببێت بە پێشەنگ و سەرقافڵەی هونەری کوردی، هونەرێک بۆ هەمیشە بەزیندوویی بمێنێتەوە. ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین قوتابی لەو قوتابخانەیەوە فێری چڕینی گۆرانی ڕەسەن ببن و بخزێنە ناو بواری هونەرەوە. لەنێویشیاندا هونەرمەند محەمەدی ماملێ لەهەموو یان هەڵکەوتووتربووە لەهونەردا، یەکەم گۆرانیش کەگوتوویەتی لەساڵی 1938 بووە بەناوی ( رۆیی بەجێی هێشتم ) بووە.
مەحەمەدی ماملێ، لە ھونەرەکەشیدا کوردایەتی خۆی دەنواند و جارجار کە بەرھەمێکی لە نەتەوەیەکی دراوسێ وەردەگرت، ڕۆحییەکی کوردانەی پێ دەبەخشی، ماملێ، چوار برای هەبووە، ناویان (حەسەن، حوسێن، موتتەلیب و جەعفەر)بوو، خوشکێکیشیان ھەبووە بەناوی تووبایە، ماملێ،هەم مامی هەم باوکیشی دەنگێکی خۆشیان هەبووە. جیا لەخۆی، ڕەحمان و حەسەن و جەعفەری براشی دەنگخۆشبوون و خاوەن چەندین بەرهەمی هونەری ڕەسەن.
ماملێ، بۆ بەرهەمەکانی زیاتر هۆنراوەو شیعرەکانی (گۆران و هێمن موکریانی و وەفایی و هەژار و سلێمان شاولە و مارف ئاغا و چەندین هۆنراوەی دیکەی لە شاعیرانی کلاسیک ) بۆ گۆرانییەکان گوتووە و ئاوازێکی جوان و کوردانەی بەبەردا کردوون، کۆی ئەو بەرهەم و گۆرانییانەی مەحەمەدی ماملێ گوتوویەتی لە سەرووی 700 گۆرانی دەبێت. هەندێ لە دیارتربن گۆرانییەکانی بریتین لە: _ بابچینە ناو شلێران، یادی بەخێر ،زەمانە، مەستورەی مەستان، مەمکوژە، ئامینێ، دەنگی قورینگان، نازی چاو بازان، هەوارە هەوارە، دەسماڵێ، نایلۆنە، جار جارە دیدەم زارا، ئۆخەی ئۆخەی شۆڕە ژن.
ماملێ، بۆ ئاهەنگ و گۆرانی گوتن سەردانی زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستانی کردووەو ئاشنایەتی لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندە دیار و بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی هەبووە، وەک سەید عەلی ئەسغەری، عەزیز شاڕۆخی، مەحەمەد دانش، تەحسین تەها، عەلی مەردان،. تاهیر تۆفیق، مەحەمەد عارف جەزراوی، فواد ئەحمەد، ماملێ، ئەو کاتەی لەژیان بووە گوتوویەتی: ئەوەندە ئاشنای گۆرانییەکانی ڕەفیق چالاک بووم، تەنانەت لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەوەوە کوڕێکم ناوناوە چالاک.
دەگێڕنەوە مەحەمەدی ماملێ کەسایەتییەکی لەسەرخۆ و ھێمن و لێبووردە بووە، کەسێکی بە ئەمەک و بەوەفا بووە بەرامبەر خزم و دۆست و ناسیاوەکانی، لەژیاندا سێ ژنی ھێناوە، حەوت کوڕ و سێ کچی هەبووە، هەریەک لەخەسرەو چیاو چالاکی کوڕی دەنگخۆشن و هەمان ڕێچکەی باوک و بنەماڵەکەی خۆیان لەهونەر گرتووە گۆرانی دەڵێن، مەحەمەدی ماملێ، دوایی 74 ساڵ تەمەن و خزمەتێکی پڕ لەسەروەری بەگەنجینەی هونەر و میوزیکی کوردی لە 23 کانوونی دووەمی ساڵی 1999 بۆ دواجار ماڵئاوایی لەژیان و هونەر کرد، لە شاری مەهاباد، شاری هونەر و شاری سەرمەشق لەهونەر بەخاک سپێردراوە.











