خەبات: سولین سلێمان:- عەبدوڵا نازم گەنجێکی دانیشتوی شاری هەولێرە ئەو ئەسپسوارێکی بەتوانایە، ئەوەی جیای دەکاتەوە لە ئەسپسوارەکانی تر ئەوە لەسەر پشتی ئەسپەکەی نمایشی هەڵدانی تیر و رم ئەنجام دەدات بە شێوەیەکی سەرنج راکێش وەک خۆشی باسی دەکات ئەو نمایشەی دەیکات لە کوردستان و عێراق ئەنجام نەدراوە، عەبدوڵا لەم دیمانەیەدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.
*سەرەتای دەسپێکی تۆ بۆ ناو ئەم یاریە چۆن بوو؟
نزیکەی ساڵ و نیوێکە هاتوومەتە ناو ئەسپسواری و سەرەتا هەروەک ئارەزوویەکی خۆم دەستم بە ئەسپسواری کرد واتا هەفتانە یان چەند ڕۆژ جارێک ئەسپ سواریم دەکرد، وە لە مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٣ داوام لێکرا لە ساڵیادی دامەزراندن، نمایشێک بکەم کە پێک هاتبوو لە رمبازی بەسەر پشتی ئەسپەوە ، سەبر سەبر وای لێهات هەموو ڕۆژێک دەچووم ڕۆژ بەڕۆژ حەزوو ئارەزووم زیادی دەکرد بۆ ئەسپ سواری وە چەندین جاریش لەسەری کەوتووم، بەڵام کۆڵم نەداوە و بە ورەو توانایەکی باشتر چومەتەوە سەر پشتی ئەسپ، هەموودەم سەیری سۆشیال میدیام دەکرد، تا زانیاریم لەسەری کۆکردەوە و زیاتر سەیری وڵاتانی دەرەوەم دەکرد کە چۆن ئەسپسواری دەکەن و چ ڕاهێنانێک ئەنجام دەدەن، دوایە ئەوە خۆم لەسەر پشتی ئەسپەکە ئەنجامم دەدا، لەچەندین بۆنەو ئاهەنگ و مەڕاسیم دا بە ئەسپەوە بەژداریم کردووە.
* ئایا راهێنان و نمایشی تایبەت بەو یارییە لە كوردستان هەیە؟
ئەو نمایشانەی من ئەنجامی دەدەم لە کوردستان و عێراق بوونی نیە، هەستم کرد توانایەک لە جەستەمە بەڵام دەری نابڕم، ئیدی کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم، ڕۆژانە ڕاهێنانم دەکرد، هەموو جۆرە ڕاهینان و نمایشێکم ئەنجام دەدا، کە لە کوردستان دەگمەنە، کەم ئەسپسوار هەیە بتوانێ بەم ماوە کەمە ئەم هەموو نمایشە فێربێت.
* ئایا پاڵپشت و هاوكاریتان هەیە بۆ ئەم یارییە؟
پاڵپشتی یەکەمم مام شێرکۆ و یانەی ئەسپ سواریەکەی شێرکۆ بوو، وەکو قوتابخانەیەک بوو بۆ من، ئێستاش لەوێ نمایشەکان و ڕاهێنانەکانم ئەنجام دەدەم، لە ژێر دەستی کاپتن مەنسوور فێری ئەسپ سواری بووم، نمایشەکانم پێکدێن لە ڕمبازی بەسەر پشتی ئەسپەوە، لە هەموو عێراق تەنها لە بەغدا هەیە، کاپتن عەلی قەرەلۆسی زۆر هاوکارم بووە لەبەرەو پێش چوونم لەو ڕاهێنان و یارییە.
*ئایا ئەو بەربەستانەی روبەرووتان دەبێتەوە لەم یارییە چین؟
ئەو کێشانەی ڕووبەرووم دەبێتەوە لە کاتی ڕاهێنانەکانم نەبوونی پێداویستی تایبەت بە ڕاهێنان، کە لە عێراق ئەم پێداویستیانە دەگمەنن، زۆربەی لە دەرەوەی عێراقە، نەبوونی ئەسپی یەدەگ یەکێکە لە کێشە هەرە سەرەکیەکان.
*پێتان وایە وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە دراوە؟
ئەم یاریانە لە کوردستان هیچ گرنگیەکەی پێ نەدراوە، هیچ پاڵپشتیەک لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ ئەم یارییانە نەکراوە.
*لە کۆتاییدا چ پەیامێکتان هەیە؟
پەیامم بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە، ئێمەش حەز دەکەین وەکو کورد و کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی دەرەوە بکەین، ناوی کورد لە نێو پێشبڕکێکانی نێودەڵەتی هەبێت.
