مەترسییەكانی بەردەم زمانی دایك!

181

ئەمیر ئەرسەلان
لە سەرانسەری جیهان نزیك بە 6800 زمان هەیە كە 3800 لەو زمانانە لە مەترسی لەناوچوون نزیكن، یونسكۆ بۆچوونی وایە كە هەموو ئەو زمانانەی مەترسییان لەسەرە زمانی دایكن، ئەو زمانانەی كە زمانی دایكن هەڵگری ئەو شانازیەن كەدەبێ بایەخیان پێبدرێ. بەشێوەیەكی گشتی و پڕ هێز بناسێندرێن، هەروەها خاوەنی ئەو ڕەوایەتییەبن كە ببنە جیێ بایەخی گشتی، بەڵام ئەوە زۆرجار بەشێوەی كرداری ڕووی نەداوە لەسەر زەمینەی واقع بۆیە زۆرجار دەبینین زمانی دایك نەبۆتە پێگەی زمانی نەتەوەیی و زۆرجاریش پێگەی زمانی پەروەردەیشی نەبووە، كە بێگومان ئەوە دەبێتە هۆی مردن و مەرگی زمانی دایك.

گومان لەوەدانییە كە زمانی دایك لەساڵەكانی سەرەتای خوێندن پڕۆسەی خوێند و نووسین و فێربوون ئاسان دەكات بەهۆكاری ئەو بەهرەیەی كەمنداڵ لەڕێگەی زمانی دایكەوە وەریگرتووە، بەڵام جارێكی تر بەداخەوەین لەسەردەمی ڕۆژگاری چاولێكەری دەبینین بەڕێژەیەكی ئێجگار مەترسیدار منداڵان لەسەرەتای چوونە قوتابخانەیان دووردەخرێنەوە لە بەهرە و شوناس و پێگە و ئاشنا بوونی زیاتر بەزمانی دایكیان دەخرێنە بەر خوێندنی زمانێكی تری بیانی دوور لەهەموو بەهاو پڕەنسیپ و وابەستەیی ئینتمایی خۆرسكی مرۆڤ كەبەداخەوە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی مرۆڤێكێ لێوان لێو دەستكرد،بۆیە یونسكۆ ئەوە ڕادەگەیەنێت كە لە ٣٠٪‏ منداڵانی دونیا ئێستا ناتوانن یاخود بۆیان ناگونجێ كە بەزمانی دایك بخوێنن!؟هەروەها یونسكۆ ئەوە ڕادەگەیەنێت كە هەر مرۆڤێك بەزمانی دایك نەخویێنێ ئەوا بە نەخویێندەوار هەژمار دەكرێت!؟

بۆیە دەبێت منداڵی كورد بەزمانی دایك بخوێنێ و بنووسێ و بیر بكاتەوە بۆ ئەوەی ببێتەخاوەن شوناسی خۆی، نابێ زمانی دایك تەنها بۆ ئاخاوتنی ڕۆژانە وەگەڕ بخرێت، چونكە بەدڵنیاییەوە دەبێتە كەم ئەندام بوونی هزری و هێزی دەربڕین و گوزاشت و بیركردنەوە لەمنداڵدا.جێگەی داخە ئەمڕۆ دەبینین گاڵتە بەزمانی دایك دەكرێت و دەدرێتە بەر تیروتوانج و بەكەم سەیردەكرێت بەبێ هەبوونی هیچ باكگڕاوندێكی زانستی و پشت بەستن بەكۆمەڵە گۆڕانێكی ناپێویست و زۆر لۆكاڵ و تووتی ئاسا و چاولەیەكتری كردنی بێ بیركردنەوە و پرسیاركردن، بۆیە دەبێ هەموومان بگەینە ئەو بڕوایەی كە پەراوێز خستنی زمانی دایك توندووتیژییە بەرامبەر بە منداڵان.