نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی ڕابردوو (مانگی 12ی 2023)، كەمترینی 12 هەزار و 500 دینارە و زۆرترینی 17 هەزار دینارە، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر بۆ مانگی 12ی 2023، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا كەمترینی 12 هەزار و 500 دینارە و زۆرترینیشی 17 هەزار دینارە.”
ئەمە لەكاتێكدایە، لە مانگی 11ی رابردوودا نرخی هەر ئەمپێرێک لەنێوان 13 هەزار بۆ 16 هەزار دیناردا بوو.
لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد، بۆ مانگی ڕابردوو مۆلیدە ئەهلییەكان بە تێكڕا ڕۆژانە 12 كاتژمێر كارەبایان داوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە، مۆلیدەکان 24 کاتژمێر کارەبایان داوە، لەو شوێنانە نرخەکە جیاوازترە، گوتیشی: “لەو چەند ناوچەیە ئەمپێرێک کارەبا 20 بۆ 21 هەزار دینارە، چونکە 24 کاتژمێر کارەبایان داوە، ئەوەش چەند گەڕەکێک دەگرێتەوە.”