شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کردووە دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر “لەبارەی هێرشە تاوانکارییەکەی سەر هەولێر” بکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-12-2023) شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێ “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کاژێر 07:30ـی دوێنێ، شوێنێکیان کردووەتە ئامانج کە یەکەکانی پاسەوانی سنووریی هەرێمی کوردستانی عێراقی لێ بووە.”
فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “راستەوخۆ دوای رووداوەکە فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی گشتگیر لەو رووداوە تاوانکارییە بکرێت، هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی (عێراقی) راسپاردووە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە.”