ئەمڕۆ شەممه‌  30ـی كانوونی یەكەم، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، سكاڵای فەرمی لە دژی  كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تۆمار دەكات.

هاوار محەمەد  گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە كوردستان رای گەیاند، تێبینیی زۆریان لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەتایبەت هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا هەیە، دڵنیان رێژەی دەنگەكانیان زۆر زیاترە لەوەی راگەیەنراوە.

دوێنێ‌ لە راگەیەنراوێكدا مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ‌ڕوانگەی بڕوابوونمان بە دیموكراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان لە پرۆسەی حوكمڕانیی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە سیاسییەكان و كارنامەی كابینەی حكوومەتی فیدراڵی، بەتایبەت ئەو بابەتانەی هۆكارن بۆ سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكان، وەك ڕێككەوتنی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركووك.

گوتەبێژی پارتی دەڵێت، سەرەڕای هەبوونی تێبینیمان لەسەر كۆی پرۆسەكە، بەڵام بەشداریمان كرد لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و ڕاشكاوانە ڕای دەگەیەنین، تێبێنیمان لەسەر پرۆسەكە هەبوو، چ لە پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە و چ لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا، بەتایبەت ئاستەنگی زۆر بۆ پارتیمان دروست كرا، هەر لە گوشارە تەناهی و سیاسییەكانەوە، تا بەكارهێنانی لایەنی دارایی بۆ كڕینی ویژدانی هەندێك خەڵك، بەڵام هەڤاڵانمان و جەماوەری سەربەرزی پارتیمان بە گڕوتینەوە بەشدار بوون و گرفت و ئاستەنگەكانیان تێپەڕاند.

باسی لەوەش كردووە، ئێستەیش دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، سەرباری تێبینییەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی، چونكە لە قەبارەی ڕاستەقینەی هەندێك لایەن دڵنیا نین، دڵنیاین دەنگەكانی پارتیمان زیاترە لەوەی ڕاگەیەنراوە و ئەم كەم و زیادكردنە، پێوەستە بە حیساباتی سیاسییەوە.

گوتەبێژی پارتی دەڵێت، سەرباری تانە و تێبینییەكانمان، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێیەكانی پارێزگاكان، لەسەر بنەمای هاوبەشی و جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە سیاسییەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی كە پێشتر ڕێككەوتنیان لەبارەوە كراوە، دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی.