ئەمڕۆ یەكشەممە 24/12/2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا باس لەوە كراوە، بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی قیرتاوكردن و كۆنكریتكردنی كۆڵان و شەقامەكان لە هەردوو گەڕەكەكانی مامزاوە و تووڕەق لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردی بناغەی ئەو دوو پڕۆژەیە دانراون، گوژمەی پرۆژەكانیش بریتییە لە 295 ملیۆن دینار و لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابین كراوە.
وەزارەتی شارەوانی ئاشكرای دەكات، پرۆژەی یەكەمیان پێك هاتووە لە دروستکردن و قیرتاوکردن و کۆنکریتکردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی تووڕەق به گوژمەی 210 ملیۆن دینار، بڕی کۆنکریتەكەی (2000م2) و قیرتاوکردنیش(4000م2)، هەروەها پڕۆژەی دووەمیان پێك هاتووە لە دروستکردن و کۆنکریتکردنی ژمارەیەك کۆڵان لە گەڕەکی مامزاوە، به گوژمەی 85 ملیۆن دینار و بڕی کۆنکریتەکەی (3000م2) و دەبنە هۆی بەرزركردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لەو دوو گەڕەكەی شاری هەولێر.