سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، “لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە”. دەشڵێت، “لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە”.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-12-2023، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەژێر ناوی (هێز و توانای ئافرەت، بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە) دەستیپێکرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و، ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان و بەشداریی کارایان لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد.

مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان؛ یەکێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون و لە ریزی پێشەوەی بەرگریکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان”.