ئەمڕۆ چوارشەممە 13/12/2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، لەسەر پێشنیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، 18ـی ئەم مانگە لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ڕۆژی 18ـی كانوونی یەكەم، كە دەكاتە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەو ڕۆژەدا، لە هەرێمی كوردستان پشووە.
پشووەكە هەموو دامودەزگە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ڕۆژی سێشەممە، 19ـی كانوونی یەكەم، دەوامی فەرمی لە سەرجەم داموەدەزگا فەرمییەكان دەست پێدەكاتەوە.