باخچەكان شوێنی چێشتە قوڵێ‌ نین

248

ڕۆشنا عەلی
باخچەكانی منداڵان كە ژمارەیان زۆر كەمترە لە ژمارەی قوتابخانەكان وتایبەتمەندی خۆیان لەپڕۆسەی پەروەردەو فێركردندا هەیە بەو پێیەی شوێنی منداڵانی چوار ساڵ و پێنچ ساڵن ،دیارە پاراستنی سەلامەتی و ئاگاداریكردنی ئەم منداڵانە ئەركێكی قورس و بەرپرسیاێتییەكی تا ئەوپەڕی هەستیارە، بۆیە دەبێت هەرچی مەترسییەك كە باخچەكە پێی وایە سەلامەتی و دڵنیایی منداڵان دەشێوێنێت دووری بخاتەوە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا كە هیچ شتێیەك جێگای سەلامەتی و دڵنیایی لەسەدا سەد نییە.

هەر لەدەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 وەزارەتی پەروەردە بە نوسراوێك كەلە بەشی فێركردنی بنەڕەتی باخچەكانی منداڵان بەژمارە 20856لە ڕێكەوتی 14-9-2023 بە ڕێنمایی دەرچووە باخچەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە ڕۆژانە خواردن بۆ منداڵانی باخچە لەناو باخچەدا دروستبكرێت بەپێی خشتەیەك ئەو خواردنانە بدرێتە منداڵان و مانگانە بۆ هەر منداڵێك 10000 دەهەزار دینار لەبەرامبەردا وەربگیرێت.

ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر لە چەند ڕوویەكەوە كێشەو گرفتن بۆ باخچەكان و ئەم چێشتەقوڵێیە تەواوی باخچە بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات بەجۆرێك خوێندنی وانەو كارو چالاكی كە كاری لە پێشینەی باخچەیە فەرامۆش دەكات، هەر لە كڕینی پێداویستی و هەر لە ئامادەكردن و هەر لە كۆكردنەوەی پارە ،كاری باخچەكان بە كورتی دەبێتە چێشتە قوڵێ و هیچی تر، ئەوە لەلایەك لەلایەكی تر ئایا باخچەكان دروستكردنی ئەم خواردنانە بەكێ‌ بسپێرن بە مامۆستا كە كاری ئەو نییە؟ یان بە فەرمانبەر یان بە چاودێرو بەردەست كە هیچیان نییە ڕەنگە باخچە هەبێت نەبەردەست و نە چاودێری نەبێت كەواتە بە كێی بسپێرێت؟ ئایا چ گرەنتییەك هەیە ئەم خواردنەی لەباخچە ئامادە دەكرێت خواردنێكی پاك و خاوێن و گونجاوەو تەندروستە لە كاتێكدا هیچ گرنتییەك بۆ ئەمە نییە، ئەگەر كەسێك لە دەرەوە بهێنی بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە،ئەمە جگە لە مەترسی غازو ئاگركە بەبەردەوامی لەبەشێكی باخچەكەدا بوونی دەبێت كێ‌ ئەم هەموو سەلامەتییە دەپارێزێت؟ ئایا لەبەرامبەر ئەوەدا باشتر نییە خشتەیەكی خواردنی ڕۆژانە بە دایكان و باوكان بدرێت و خۆیان خواردنی ڕۆژانە بۆ منداڵەكانییان بنێرن لە كاتێكدا لە باخچە حكومییەكان تەنها یەك ژەم خواردن دەخورێت و ماوەی دەوامی باخچەكان ئەوەندە دوورو درێژ نییە تا باخچە پێویست بە ناچار بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەموو مەترسییە بكات، هاوكات ئەو بڕە پارەیەی داواكراوە وەربگیرێت ڕەنگە ئەوەندە كەم بێت كە بایی ئەوەی لێ‌ نەمێنێتەوە كەسێكی جگە لە باخچە بە دروستی ئامادەكاری خواردنەكان لە ئەستۆ بگرێـت،بۆیە ئەم بڕیارە بەبێ‌ دراسەكردنێكی ورد دراوەو پێویستی بە پێداچوونەوەی ورد هەیە كاتێك بڕیارێك دەدرێت دەبێت تەواوی لایەنەكانی هەڵبسەنگینرێت و دەیان باخچە ڕەچاو بكرێت نەك باخچەیەك كە 12 چاودێری هەبێت بیكەیتە پێوەری تەواوی باخچەكانی تر ئەگەر ئەو بەدواداچوونە بكرایە دڵنیام ئەوانەی بڕیارەكەیان داوە تێدەگەیشتن لەوەی كە باخچەكان شوێنی چێشتە قوڵێ‌ نین.