لە ئەمەریكاوە… هەژاری و رەگەزپەرستی

163

غازی حەسەن
دوو دیاردەی بەرچاوی گەورەی نێو ئەمەریكایە. ململانێی ڕەگەزپەرستی بەشێكە لە مێژووی خوێناوی و توندوتیژیی و ئازاربەخشی ئەمەریكا. ئەم دۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتییە بەپێی یاسا كۆتایی پێهێنرا، بەڵام لە ئەنجامی ژمارەیەك هۆكاری سیاسی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دیاردەی (هەژاریی و ڕەگەزپەرستی) ماوە ماوە دەردەكەنەوە.

جۆرێكی نوێی رەگەزپەرستی
زۆربەی ڕاگەیاندنەكانی ئەمەریكا و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاپرسییەكان بەڕاشكاوی ئاماژە بەم جۆرە دیاردانە دەكەن و لەهەمان كاتدا مەترسی پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆنالد ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمەریكا ناشارنەوە، كە ئێستا لە دەركەوتنەوەیەكی بەرچاوە، تاكو كار گەیشتە كوشتنی (جۆرج فلۆید) لەلایەن پۆلیس و هێرشەكانی سەر كەپیتۆل لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ و توندڕەوەكانەوە. لەهەمان كاتدا پەرەسەندنی ڕاستڕەویی و گەڕانەوە بۆ جۆرێكی نوێ لە ڕەگەزپەرستی و بەتایبەتی دژی پەنابەران لە ئەوروپا و ڕەشپێستەكان و پەناهەندە و جوو و موسڵمانەكان لە ئەمەریكا سەریهەڵداوە.

بە ژمارە
بەپێی سەرچاوەكان هەر تەنیا بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس هۆكار نییە بۆ پەرەسەندنی دیاردەی دەركەوتن و گەشەكردنی ڕەگەزپەرستی هەرچەندە لە ساڵی 2019دا 1098كەس بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە لە سەرتاسەری ئەمەریكا بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەست داوە. بەپێی داتاكان ساڵی 2017 ، 99.8%ی زیندانەكان پڕ بوون لە تاوانباران، بەپێی زانیارییەكانی ساڵی 2020 ،2.3 ملیۆن كەس لە زیندان بوون. (هیلاری كیلنتن) لە ساڵی 2015 ئاماژەی بەوە كردووە، كە “چارەگێكی زیندانییەكانی جیهان لە ئەمەریكان”. بەپێی ڕاپۆرتی (بریزن پۆلیسی) لە 74%ی حووكمدراوەكان لە زیندان هێشتا بە تەواوی تاوانەكانیان ساخ نەبۆتەوە. هەندێكیان دەتوانن لە ڕێگەی بەڵێننامەی بریكارەكانیان لە زیندان دەرچن، بەڵام ئەوانی دیكە پارەی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بریكارەوە لە زیندان دەرچن، بۆیە لەپشت دەرگاكانی زیندان دەمێننەوە. لە 13 ویلایەتی ئەمەریكا تەمەن بۆ دادگایی كردنی تاوانباران دیاریی نەكراوە، بۆیە دەتوانن منداڵ لە سەرووی تەمەنی هەشت ساڵی بەپێی بۆچوونەكانی (ئیكوال جەستس) لە ژمارەیەك ویلایەت دادگایی بكرێن.

خەونی ئەمەریكی
“خەونی ئەمەریكی” یەكێكە لە گوتن و دەربڕینە بەنێوبانگەكان، زۆر كەس لەگەڵ جیاوازی ڕەگەز و نەژاد و ئایینەوە دەیەوێت بەم خەونە ئەمەریكییە بگات. كوشتنی (فلۆید) خەریكبوو ئەمەریكا دابەشی سەر دوو بەرەی توندی دژ بەیەك بكات. بەرەی چەپڕەوە مەدەنییەكان و ئەوانەی داكۆكی لە ئازادی ژیان و یەكسانی و دادپەروەریی لەنێوان نەژادە جیاوازەكان دەكەن، كە حزبی دیموكرات بە شێوەیەكی گشتی لایەنگیری ئەم ئاراستەیە. لەلایەكی دیكە بەرەی ڕاستڕەوی توندڕەو، كە تاوانبار دەكرێن بە (ڕەگەزپەرستی) ئەمانەش پتر حزبی كۆماری هاوكارییان دەكات. هاووڵاتیان وەكو كاردانەوە دروشمی (ژیانی ڕەشپێستەكان كێشەیە!!)یان بەرزكردەوە. ساڵی 1964 بەپێی یاسای مافە مەدەنییەكان بە فەرمی كۆتایی بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی هێنرا، بەڵام كوشتنی (فلۆید) جارێكی دیكە ئەم مێژووە خراپەی بیری هاووڵاتیان هێنایەوە و لەتەك ناڕەزایەتی دەربڕین، لە هەندێك شوێندا توندوتیژیشی لێكەتەوە. (مارتن لوسەر كینگ) لە گوتارە بەنێوبانگەكەیدا گوتی (من خەونم هەیە)، توانی ئەو سنوورە بشكێنێت و لە ڕێگەی بزاڤێكی مەدەنی پشت ئەستوور بە ڕەشپێستەكان و ئازادیخوازی دیكەی یەكسانیخواز توانی ئەم (خەونە) بەدی بهێنێت و بەپێی یاسا كۆتایی بەناكۆكی و توندوتیژی و نایەكسانی بهێنێت.

هێشتا بەشێكی ئەمەریكیەكان دەناڵێنن
(جۆزیف ستینگلەر)ی زانای ئابووریناسی ئەمەریكی و خاوەنی نۆبل دەڵێت: “چینەكانی كۆمەڵگا هێشتا بەدەست جیاوازیی لەپرۆسەی فێركردن و كار دەناڵێن، ئەمەش جیاوازییەكی گەورەی لەداهات و سەرمایە دروستكردووە، ئەمەش وایكردووە كارێكی ئاسان نەبێت لە “ڕیشەوە ڕەگەزپەرستی بەدامەزراوەیی كراو دەربهێنرێت” و چارەسەر بكرێت. جیاوازی ئابووری وایكردووە “سێ چارەگی ڕەشپێستەكان نەتوانن دەستیان بەخوێندنی زانكۆیی بگات”. پسپۆرێكی دیكە بۆ (دی دبەلیوی) ئەلمَانی لەبارەی جیاوازیی ئابووری و ڕەگەزپەرستی دەڵێت: “ڕەگەزپەرستی تاكو ئێستاش هەیە. دوای هاتنی (دۆنالد ترەمپ) زیادی كردووە، و كۆچبەر و بێگانەكان دەكرێنە ئامانج، هاتنی (ترەمپ) جارێكی دیكە دەرفەتی بە توندڕەوی لای سپیپێستەكان داوە بۆ ئەوەی پەنا ببنە بەر توندوتیژی.

ئەمەریكا و هەژاریی
بەپێی داتاكان لە ساڵی 2017دا لە ئەمەریكا ڕێژەی هەژاری گەیشتۆتە 17.8% ئەم ژمارەیە نیشانی دەدات، دۆخی نێو ئەمەریكا خراپترە بە بەراورد بە وڵاتەكانی وەكو مەكسیك و چیلی، كە خودی ئەمەریكا هاوكاریان دەكات. ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە 38ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لەنێو ئەو داتایانەدا 21%ی ئافرەتە ئەمەریكییە ڕەشپێستە بەڕەچەڵەك ئەفریقییەكان لە ژێر هێڵی برسیەتیدا دەژین، ئەم ڕێژەیە بەراورد بە نەژادەكانی دیكە لە هەموویان پترە. دواترپەتای كۆرۆنا دۆخەكەی خراپتر كرد. بۆ نموونە لە ویلایەتی ئیلینوی كە14% دانیشتوانەكەی ڕەشپێستن، كەچی ڕێژەی مردووەكان بەم پەتایە 42%یان لەڕیزی ڕەشپێستەكانن. تەنیا هەندێك ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەكەن، كە گەڕەكی ڕەشپێستەكان نەخۆشخانەكانیان لە ئاستێكی نزمی خزمەتگوزاری دایە لەچاو ئەو شوێنانەی سپیپێستەكانی تێدا دەژیت. تەنیا هەندێك ئاماژە بەوە دەكەن دوو كۆمەڵگەی جیاوازی نێوان سپی و ڕەشەكان لەنێو ئەم وڵاتە گەورە و پێشكەوتووەدا هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی ئەی بی سی نیوزی ئەمەریكی (ترەمپ) لەكاتی خۆكاندێكردن دا داوای كردووە بڕی 1.6تریلۆن دۆلار لە بواری خزمەتی چاودێری كۆمەڵایەتی كەم بكاتەوە، لەپێناو چارەسەری كورتهێنانی بودجەی فیدرالیی، كە ئەم كەمكردنەوەیە نزیكەی 451 ملیار دۆلارە لەچوارچێوەی (میدیكێر)ی بواری تەندروستییەوە بووە. ئەم بەرنامە خزمەتگوزاریی و كۆمەڵایەتی و تەندروستیانە كاریگەرییان لەسەر زەقبوونەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و توندوتیژی و تاوان و جیاوازی ڕەگەزیی و نەژادی دەبێت. هەندێك لەپسپۆرەكانی بواری سیاسی و ستراتیژی و كۆمەڵایەتی ئەمە دەبەستنەوە بە هۆكار بۆ پەرەسەندنی ڕەگەزپەرستی و پەرەسەندنی جیاوازی نەژادی لەنێوان ڕەش و سپییەكان و پەرەسەندنی ڕێژەی پتری هەژاری.

داهاتی خەڵك كەمتر بووە
پێویستە لەم باسەدا ئاماژە بە هەندێك زانیاریی گرنگ لەبارەی پێناسەكردنی هەژاریی لەنێو ئەمەریكا بكەین، كە جەزیرە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كرۆدتەوە “بەپێی پێوانەكان لەنێو ئەمەریكا هەر خێزانێك، كە پێكهاتووە لە چوار كەس داهاتەكانیان لە 25.7هەزار دۆلار كەمتر بوو، یان خێزانێكی سێ كەسی 20 هەزار دۆلار و خێزانێكی دوو كەسی16.247 دۆلار و كەسێك كەمتر لە12.748 دۆلاری داهاتی هەبێت ئەوە ئەو كەس و خێزانانە بەئاستی ژێر هەژاری دادەنرێن. كەمتر لە 12ملیۆن منداڵ لە ئەمەریكا لەژێر هێڵی برسیەتی دەژین و 14.3ملیۆن كەس لەنێو ئەمەریكا پشت بە ویلفەر، یان كارتی هاریكاری خۆراك دەبەستێت. بە شێوەیەكی وردتر بەپێی زانیارییەكانی ساڵی 2018 لەنێو ئەمەریكا (12 ملیۆن و 800 هەزار) منداڵ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، واتە لە هەر پێنج منداڵ یەك منداڵ لەم ئاستەدا دەژیت.لەبیر نەكەین لەسەردەمی كۆرۆنادا (بایدن) بڕیاری دا بۆ كەمكردنەوەی هەژاریی و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بێكاری و هاوكاری منداڵان لەچوارچێوەی یاسای چاودێری فیدرالی 600 دۆلار وەكو هاوكاری بدرێتە بێكارانی سەردەمی كۆرۆنا. هەروەها بڕی هەزار و دووسەد دۆلاریش بدرێتە ئەو خێزانانەی هەژارن. دیارە ئەمانە هیچیان نەیانتوانیوە كێشەی هەژاریی چارەسەر بكات، ڕێژەی هەژاریی كەم بكرێتەوە.