شەوی رابردوو، لەنێو ئاپۆڕای رێبوارانی گۆڕەپانی بن تاوەری ئیفڵ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، كەسێكی توندڕەو بەدەم هاوار هاواری (ئەڵاهو ئەكبەر)ەوە، بە چەقۆ و چەكوش، دوو كەسی كوشت و دووی تریشی بریندار كرد.

لەمبارەیەوە، جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە میدیاكانی راگەیاند، هێزەكانی پۆلیس توانییان لەڕێی دەمانچەی كارەباییەوە هێرشبەرەكە كە تەمەنی ٢٦ ساڵە، دوای تاوانەكانی دەستگیر بكەن.

گوتیشی: ئەو كەسە پێشینەی تاوانی تری هەیە و ساڵی ٢٠١٦ش لەپای ئەنجامدانی تاوانێك، سزای چوار ساڵ زیندانیی بۆ دەرچووە. بۆیە دوای ئازادبوونیشی هەر لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەكاندا بووە.

روونیشی كردەوە: هێرشبەرەكە سەرەتا بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر دوو گەشتیار و یەكێكیان بریندار كردووە و دووەمی كوشتووە كە گەشتیارێكی ئەڵمانیە، كاتێ پۆلیسیش دوای كەوتوون، ئەمجارە بە چەكوش هێرشی كردووەتە سەر دوو كەسی تر و یەكێكیان كوشتووە.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش كرد: ”هێرشبەرەكە جگە لە هاوار هاواری (ئەڵاهو ئەكبەر) شیڕاندووێتی كە لەو دۆخەی لە غەززە دەگوزەرێ زۆر تووڕەیە، چونكە رۆژانە موسڵمانان لە فەلەستین و ئەفغانستان دەكوژرێن.“