وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە كوژانەوەی گشتیی كارەبای هەرێمی كوردستان روونكردنەوە دەدات و دەڵێ گرفتێكی تەكنیكی رووی داوە و چارەسەر دەكرێت.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە “بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم روویدا و تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕانەوەی كارەبای گشتین و بەم زووانە کێشەی کوژانەوەی گشتی چارەسەر دەکرێت.”

وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌ش داوه‌ “ئێوارەی رۆژی پێنجشەممه‌، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست کێشەکەیان چارەسەر كرد. بەڵام كاتژمێر (1:00)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی ڕوویدا و، ئێستا تیمەكانی کارەبای هەرێم سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستانن و بەم نزیكانە چارەسەر دەکرێت.”