
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر دووركەوتنەوەی لە ئەركەكەی، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی 11ی 2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە سەر ئەركەكەی و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
شۆڕش ئیسماعیل گوتی: ”هێزی پێشمەرگەی کوردستان قەڵاغانی پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان بووە لە ڕابردوو، لە ئێستا و داهاتووشدا هەر وا دەبێت، لەو پێناوەشدا پێشمەرگە قوربانیی بێسنووری بەم نیشتمانە بەخشێوە.”
وەزیری پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە: ”لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامانجی کارکردنمان لەپێناو چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دروستکردنی هێزیێکی خاوەن بڕوای پتەوی کوردستانی و خاوەن دیسپلینی سەربازی لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بووە و بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش وەکوو تیمێکی یەکگرتووە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە توانیومانە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بگەیەنینە ئەنجام و لەگەڵ هاوکارانمان بەردەوام هەوڵمان داوە کە ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەییەکانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ هەستی باڵای لێپرسراویەتی لە ناخیاندا باڵا بکا و بەشی زۆری ماف و شایستە داراییەکانیان جێبەجێ بکرێت و کراوە و ڕوویەکی جوانیشمان پێشان هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە.”
جەختیشی کردەوە: ”جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە بۆ بەجێهێنانی هەموو ئەو ئەرک و کارە سەختانە پشتیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتمان هەبووە و ئێمە ڕۆڵی گرنگی ئەوان لە بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوە وەزارەتی پێشمەرگەدا بەرز دەنرخێنین.”
گوتیشی: ”لە کابینەی نۆیەمدا بە ڕۆحێکی نیشتمانی هەموومان وەک یەک تیم کارمان کردووە، دوای دوورکەوتنەوەم لە وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تاکوو ڕادەیەک خاو بووەتەوە، لە ئەمڕۆوە بە هەمان ڕۆحیەتی نیشتمانی درێژە بە چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەدەین.” بۆ ئەوەش داوای لە پارتی و یەکێتی وەکوو دوو هێزی سیاسیی کوردستان کرد درێژە بە هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بدەن.