بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی 11ی 2023، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێ كەوت.
شاندەكە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خالید هادی چاوشلی، ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتووە.
چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی فیدڕاڵی كۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و بابەتی دووبارە دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بكەن.
پێشتر د. ئومێد سەباح رای گەیاندبوو كە شاندەكەیان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و هەوڵی چارەسەركردنی پرسەكانی پەیوەندیدار بە مووچە و بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەدات.