وەزیری دارایی و ئابووریی رایدەگەیەنێت، راگەیاندنی پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتەوە “بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆی بوو”. لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانیش دەڵێت، “تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی زانکۆی کۆیە لە پڕۆژەی “هەژماری من” سەردانی ئەو زانکۆیەی کرد و دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی بەشێک لە پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆران و ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەزیری دارایی گوتی، “ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، جێبەجێکراون و دوا تەروازووی پێداچوونەوەمان ناردووە. تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا؛ ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێمان گەیشتووە، ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان”.
وەزیری دارایی راگەیاندنی پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە “بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆ” ناودەبات و دەڵێت، پڕۆژەکە “کێشەی سیولە و وەرگرتنی مووچە چارەسەر دەکات. هەروەها لەرێگەی هەژماری منەوە هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەک قەرز ببینن”.