ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی 11ی 2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) بە فەرمی رای گەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی ئەمریكا چەند هێرشێكی جیاواز و وردیان كردۆتە سەر دوو پێگە لە عێراق.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە هێرشەكان وەڵامدانەوەی راستەوخۆی ئەو هێرشانە بوون كە كراونەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە لایەن ئێران و ئەو گرووپانەی وابەستەی ئێرانن، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی دوێنێ ئەو گرووپانە لە ڕێگەی مووشەكی بالیستیی كورت مەوداوە هێرشیان كردۆتە سەر بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان.

هەر لەمبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاوە ئەوەی بڵاو كردۆتەوە كە ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ ئەمریكا كردوویەتی، لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە و ناوچەی (جرف الصخر) لە باشووری رۆژئاوای بەغدا كراوەتە ئامانج و ناوەندێكی ئۆپەراسیۆنەكان وێران كراوە.

بەپێی میدیاكانی عێراق، لە هێرشەكەی ئەمڕۆدای ئەمریكادا لانی كەم هه‌شت كەس كوژراون كە هێشتا ناسنامەكانیان دیاری نەكراوە.