وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) رایدەگەیەنێت، “پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەت دەچێتە بەغدا”.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) لەکاتی بەشداریکردنی لە  کۆڕبەندی مێپس 2023، لە دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاندوه‌ ، “هەوڵەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان”.

کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، “تورکیا و عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەربڕیوە، تاکە کێشەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، تێچووی دەر‌هێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە  و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەکرێت”.

بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، “کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات”. گوتیشی، “پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە”.

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ دا، “راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی عێراق گەیاندووە”.