بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و چوار کەسیشیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاسکرای کرد: “لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە 15/11/2023، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چالاکییەکی سەرکەوتوودا توانرا چوار تۆمەتباری مەترسیدار دەستگیر بکرێن کە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “لەم چالاکییەدا بڕی (یەک کیلۆگرام) ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی هیرۆین، کریستاڵ و جامایکا دەستی بەسەردا گیرا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوەو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە”