بە فەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە دوو فڕۆکەی جۆری F15 هێرشی کردە سەر بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش دەڵێت، ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا رۆژی چوارشەممە (بەکاتی ئەمریکا) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا، بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە ”ئەم هێرشە بە دوو فڕۆکەی F15 بۆ سەر کۆگایەکی چەک وەک رێکارێکی بەرگری لەخۆکردن ئەنجامدراوە.”

هەروەها دەڵێت، ئەم هێرشە ”وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.”