ڕۆڵی پێشمەرگە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا

204

د. سولاف كاكەیی
لە زۆربەی بوارەكانی لێكۆڵینەوە و نووسیندا مێژوو دابەش دەكرێت بۆ قۆناغەكانی (كۆن و ناوەراست و نوێ و هاوچەرخ) لێرەدا پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بە پێی ئەم دابەشكردنە مێژوویە بۆ ئەم چوار قۆناغە دابەش دەكرێت:
1- مێژووی كۆن
واتا قۆناغی پەیوەندیەكانی دەوڵەتە شار (City-State) لە یۆنان هەروەها میسری كۆنەكان وئاشووری وفینیقی وفارس وئیمپراتۆریەتی رۆمانی.
2- مێژووی ناوەراست
واتا قۆناغی پەیوەندیەكانی ئیمپراتۆریە گەورەكان (Empires) پاش ڕۆخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوا لە ساڵی 476 تاكو داگیرگردنی قوستەنتینیە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات لە لایەن محمد الفاتح لە ساڵی 1453.
3- مێژووی نوێ‌، كە دابەش دەكرێتە ئەمانەی خوارەوە:
أ _قۆناغی پەیوەندیەكانی دەوڵەتی نەتەوەیی (Nation-State) پاش ئیمزا كردنی پەیماننامەی ویستڤالیا لە ساڵی 1648 لە پێناوی كۆتایی هێنان بە شەڕی سی ساڵە (Thirty Year‌s War1618_1648) نێوان كاسۆلیك وپرۆتستانەكان لە ئەوروپا.
وە بە پێی ئەم پەیماننامەیە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان تەنها نێوان دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن سەروەری دەبێت، واتا هیچ جۆرە كیانێك یاخود دەستەیەك ناكرێتەوە كەوا توخمەكانی دەوڵەتی تێدا بەدی ناكرێت، جا گرنگ نیە چ ڕۆڵێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنوێنێ‌.
ب _ قۆناغی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لە سەردەمی كۆمەڵەی گەلان (League of Nations لە ساڵی 1919 دامەزرا)، پاش كۆتایی هێنانی جەنگی جیهانی یەكەم 1914_1918.
ج _ قۆناغی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لە سەردەمی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (United Nations Organization لە ساڵی 1945 دامەزرا)، پاش كۆتایی هێنانی جەنگی جیهانی دووەم 1939_1945.
د _ قۆناغی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لە سەردەمی شەڕی سارد (دوای جەنگی جیهانی دووەم_1989).
4- مێژووی هاوچەرخ، كە دابەش دەكرێتە ئەمانەی خوارەوە:
أ _ قۆناغی پەیوەندیەكان لە سەردەمی جیهانگیری (Globalization).
ب _ قۆناغی پەیوەندیەكان لە سەردەمی سیستەمی جیهانی نوێ‌ (New World Order):
واتا كۆتایی هێنانی شەڕی سارد وكۆتایی هێنان بە سیستەمی دوو جەمسەری كۆمەنیست وسەرمایەداری، ودەستپێكردنی جیهانی یەك جەمسەری ئەویش جەمسەری سەرمایەداری بە سەركردایەتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، واتا هەڵبژاردنی سیستەمی دیموكراسی وەك تەنها سیستەمی حوكمرانی سەركەوتوو لە جیهاندا.
چەمكی (سیستەمی جیهانی نوێ‌) لە لایەن جۆرج بۆش بەكارهێنرا لە كاتی دروستكردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی عێراق وە دەرچوونی بڕیاری سزاكان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بە چەند ڕۆژێك پاش داگیركردنی كوەیت لە لایەن عێراقەوە لە 2ی ئابی 1990.
ج _ قۆناغی پەیوەندیەكان لە سەردەمی شەڕی دژی تیرۆر (War on Terror):
لە پاش ڕووداوە تیرۆرستەكەی 11ی ئەیلوولی 2001 لە وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
لەم قۆناغەدا ئەم گۆڕانكارییانە ڕوویان دا:
1) جیهان دابەش بووە دوو لایەن: جیهانی ئازاد و جیهانی تیرۆر، ئەم دوو ووشەیە ڕوون نین بۆ پێناسە كردن؟؟
2) ڕۆڵی شۆڕشی تەكنەلۆژی

شۆڕشی تەكنەلۆژی بووە هۆی:
گۆڕێنی جیهان، گۆڕینی پێناسەی دەوڵەت، گۆڕینی پێناسەی هاووڵاتی، پەیوەندی لەگەڵ كارەكتەری غەیرە دەوڵەتی Non State Actor.
بۆ نموونە، كاریگەری تەكنەلۆژیا لە سەر ڕێكخراوە مرۆییە خێرخوازیەكان و ڕێكخراوە توندڕەویەكان وەك قاعیدە و داعش، هەردووكیان هەڵدەستن بە بەكارهێنانی ئامرازەكانی تەكنەلۆژیا لە پێناوی بڵاوكردنەوەی بیروڕا و چالاكیەكانیان، بەڵام هەر یەكەو بە ئاڕاستەیەك كارەكانی ئەنجام دەدات.
ڕێكخراوە مرۆییەكان هەڵدەستن بە رەصدی پێشێلییەكانی مافی مرۆڤــ لە ووڵاتاندا یان بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ڕۆشنبیری بە مافەكانی هاووڵاتیبوون، لە كاتێكدا ڕێكخراوە توندڕەوییەكان هەڵدەستن بە وەرگرتنە سەر ئەستۆ تەقینەوەیك یان هەر كارێكی توندڕەوی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەر شوێنێك ئەنجام درابێت.
بۆ نموونە:
داعش كارە تیرۆریستەكەی فەرەنسا لە ئەستۆ وەردەگرێ‌ (23 تموز 2016)، داعش كارە تیرۆریستەكەی استانبول لە شەوی سەری ساڵی زایینی لە ئەستۆ وەردەگرێ‌ (1ی كانوونی دووەم 2017)، داعش كارە تیرۆریستەكەی لەندەن لە سەر بارەگای پەرلەمانی بەریتانی لە ئەستۆ وەردەگرێ‌ (23 ئاداری 2017) .. هتد.

3) بەهاری عەرەبی لە 2011
بریتیە لەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانەی كە لە دەوڵەتانی عەرەبی ئەنجام دران لە پێناوی هەندی داواكاری وەك چاكسازی ودادپەروەی كۆمەڵایەتی ونەهێشتنی گەندەڵی، وە سەركەوتنی خۆپیشاندانەكان بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمە سیاسیەكە لە چەندین دەوڵەتی عەرەبی وەك تونس (17ی كانوونی یەكەمی 2010)، میسر (25 كانوونی دووەمی 2011)، لیبیا (17ی شوباتی 2011)، لەلایەكی ترەوە ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی وكۆمەڵایەتی لە دەوڵەتانی وەك مۆریتانیا وجەزائیر وشانشینی ئوردنی و شانشینی مەغریب، ئەمە جگە لە شكستهێنان ودەستپێكردنی شەڕی ناوخۆیی وەك یەمەن (11ی شوباتی 2011) وسوریا (18ی ئاداری 2011).

4) گۆڕینی پێناسەی هاووڵاتی
چونكە هاووڵاتی تەنها وەكو ملكەچی سیستمە سیاسیەكە دانانرێت، بە ڵكو هاووڵاتی ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە بڕیاردان ودیاریكرنی چارەنووسی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی تیایدا دەژێ‌، تا ڕادەیەك ناڕەزایی هاووڵاتیان بۆ سیستمە سیاسیەكە دەبێتە مایەیی ڕووخانی ودامەزراندنی سیستمێكی نوێ‌ ڕەچاوی بنەما سەرەكیەكانی ماف وئازادیە گشتیەكان بێت.
5) گۆڕینی پێناسەی دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان
واتا جگە لە پێناسەی كلاسیكی دەوڵەت كەوا لە فیقهی دەستووری ونێودەوڵەتی باس دەكرێت، كەوا دەوڵەت بریتیە لە كۆمەلێكی كەسی دیاریكراو _كە پێی دەوترێت میللەت_گەل لە سەر خاكێكی دیاریكراو دا دەژێن كە پێی دەوترێت هەرێم لە سایەی سیستمێكی سیاسی فەرمانڕەوای دیاریكراو، سەرەڕای دانپێنانی نێودەوڵەتی بەو دەوڵەتە.
هەر بۆیە سەرەڕای بوونی ئەو توخمانە لە دەوڵەت، پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوە بەدیبهێنرێت:
1. توانای دروستكردنی هێزێكی هەبی كە لەسەر زەوی تیرۆرستان تێكبشكێنێت.
2. توانای دروستكردنی ژینگەیەكی هەبێت كە پێكەوە ژیان ولێبووردەیی وفرەیی تێدا پارێزراو بێت.
3. دەبێت جیهان دان بەو دەوڵەتە بنێت.
نموونەی ئەم دەوڵەتە تەنها لە كوردستان هەیە، چونكە ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر لە پێناوی ئەم سێ‌ بنەمایە:
_ سەقامگیری.
_ لێبوردەیی وپێكەوە ژیان.
_ تێكشكاندنی داعش لە سەر زەوی.

6) ڕۆڵی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆر لە ساڵی 2014 ــەوە:
بۆ باسكردنی ڕۆڵی پێشمەركە لە شەڕی دژی تیرۆری داعش هەروەها سەركەوتنی وەك كارەكتەرێكی چالاكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە پێویستم زانی بابەتەكە دابەش بكرێتە ئەم تەوەرانەی خوارەوە:
یەكەم// پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان وسیاسەتی بەرگری ئیتیحادی
لە 10 حوزیەرانی 2014 ــەوە ڕێكخراوی داعش هەستا بە داگیركردنی 1/3ی خاكی عێراق كە بە ناوچەی عەرەبی سوننە هەژماردەكرێت ئەویش پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەددین.

كشانەوەی سوپای عێراقی وبەجێهێشتنی چەكەكان كە دوواتر كەوتە ژێردەستی داعش بووە مایەی دروستبوونی مەترسیەك لەسەر هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی دا هاتووە (ماددەی 110/دووەم): دانان وجێبەجێكردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی، لەوانە دامەزراندنی هێزە چەكدارەكان وبەڕێوەبردنیان لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی سنووری عێراق وبەرگریكردنی.

واتا دەسەڵاتی بەرگریكردن لە خاكی عێراق ئەركی حەصری دەسەڵاتی ئیتیحادییە، بەڵام هەڵاتنی سوپای عێراقی ووڵاتەكەی خستە بەردەم بۆشاییەكی سەربازی ودرووستكردنی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە گشتی وئاسایشی هەرێمی كوردستان بە تایبەت.
لەم ڕوانگەوە هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی پێشمەرگە هەستا بە وەرگرتنی ئەركی پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكە كە بووە مایەی شانازی كورد وڕێزلێنانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دووەم// تایبەتمەندی پێشمەرگە
هەرچەندە هەموو جیهان دەیەوێ‌ هێزێك درووست بكات وەك پێشمەرگە، بۆ نموونە لە عێراق حەشدی شەعبی درووست بوو، لە سووریا پە یە دە، بەڵام شكستیان هێنایەوە ونەیانتوانی ئەزموونی پێشمەرگە دووبارە یان كۆپی بكەنەوە، لە بەر ئەوەی _بۆ نموونە_ حەشدی شەعبی لە سەر بنەمای تایفەگەری دامەزرا _شیعە مەزهەبن_ سەرەڕای هەڵوێستی چەكدارەكانی دژ بە خەڵكی سیڤیلی ناوچە داگیركراوەكان _سوننە مەزهەبن_ كە لە سەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە وتاڵانكردن وسووكایەتیكردن بە هاووڵاتییە سوننەكان.

لە كاتێكدا پێشمەركە هەموو پێكهاتە كوردستانییەكانی بەخۆوەدەگرێت، جگە لە هەڵوێستی پێشمەرگەكان كە بە شێوەیەكی پاك ومەردانە مامەڵە لەگەل خەڵكی سیڤیلی ناوچە ئازادكراوەكان دەكات كە هەمیشە بووەتە جێی ڕێز وتەقدیری هاووڵاتیانی عێراقی بەدەر لە ئایین یان زمان یان نەتەوە یان مەزهەبیان.

سێ‌ یەم// پێشمەرگە بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
سەركەوتنی پێشمەرگە بووە مایەی بەشداری كردنی هەرێمی كوردستان بە سەربەخۆیی شان بەشانی كۆماری عێراق ودەوڵەتانی جیهاند لە هاوەپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە پێكهاتووە لە 68 دەوڵەت لە 10ی ئابی 2014 پێكهێنرا_ پاش هێرشكردنی داعش بە سەر هەرێمی كوردستان_ بە سەرۆكایەتی وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وە لە 11ی ئەیلوولی 2014 ئەمریكا ستراتیجیەتی شەڕی دژی داعشی ڕاگەیاند كە بریتی بوون لە Destroy and Degrade تێكشاندن و لاوازكردن.

چوارەم// ساڵی 2016 (ساڵی دبلوماسیەتی كوردستانی)
هەموو ئەو گۆڕانكاریانە كە لە هاوكێشەی سیاسەتی بەرگری لە خاكی عێراق وهەرێمی كوردستان ڕوویدا، وپاڵەوانێتی هێزی پێشمەرگە بوونە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییە دبلۆماسیەكانی هەرێمی كوردستان وسەرهەڵدانی ڕۆڵی كورد لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەویش بەدیدەكرێ‌ لە سەردانە دبلۆماسیەكانی سەرۆكی كۆمارو وسەرۆك وەزیرانی دەوڵەتانی جیهان بۆ كوردستان، هەروەها سەردانی وزیرانی دەرەوەو بەرگری زۆربەی دەوڵەتەكان وئامادەیی خۆیان دەبڕی بۆ پشتیوانیكردن پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، هەر بۆیە ساڵی 2016 بە ساڵی دبلۆماسی لە مێژووی هەرێمی كوردستان هەژمار كرا.

لێرەدا، دەتوانین بڵێن پێشمەرگە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە جیاتی كورد لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چونكە سەرجەم دەوڵەتانی جیهانی دژی تیرۆر نەیانتوانی قاعیدە تێكبشكێنن، بۆ نموونە شكستهێنانی وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆتایی هێنان بە قاعیدە لە ئەفغانستان پاش 2011 وعێراق پاش 2003، بۆیە هێرشی داعش بووە مەترسییەكی گەورە بە سەر ئاسایشی جیهان.

بەڵام سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕەكەی بووە مایەی سەرسووڕمانی هەموو ئەو دەوڵەتانە و بگرە ناوبانگێی پەیاكرد لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1. شەڕەكە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕوویدا، واتا لە ڕووی ئیداریەوە سەر بە حكومەتی ئیتیحادی عێراقە.
2. قەیرانی دارایی وئابووری هەرێم: واتا بەشداریكردنی پێشمەرگە لەو شەڕە بە بودجەیەكی زۆر كەم، بە تایبەت پاش بڕینی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئیتیحادی لە سەرەتای ساڵی 2014 وە.
3. هەبوونی پەنابەرێكی زۆر لە خاكی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان زیاد لە ملیۆنێكی پەنابەری سووری یە هەر لە سەرەتای 2011 بە دەسپێكی بەهاری عەرەبی.
جگە لە پەنابەرە عێراقیەكان كە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام وسەقامگیری هەڵبژارد بۆ مانەوەیان پاش 2003 وهەڵگیرسانی شەڕی تایفەگەری لە ناوچەكانی ناوەڕاست وباشووری عێراق.
4. بەكارهێنانی چەكی سادە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم (1939_1945) بە بەراوورد لەگەل ئەو ئیمتیازاتانەی دەبەخشرێنە سوپای ئیتیحادی عێراقی.

پێنجەم// بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە گرتبوونە نێودەوڵەتیەكان:
سەرەتا دەبێ‌ بزانین بانگهێشتكردنی هەرێمی كوردستان لە گرنگترین گرتبوونەوەی نێودەوڵەتی پاش بەرواری 2014 ڕوویدا، واتا پاش سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕێكی مەترسیدار لە گەل ڕێكخراوی داعش، چونكە مێژووی ئەنجامدانی ئەم جۆرە گرتبونەوەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیست.

لێرەدا بۆ زانینی شێوازی بانگهێشتكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیەكی بە خۆوە گرت، كە دەتوانین بەم شێوەی خوارەوە باسی لێوە بكەین:
1) كۆربەندی داڤۆس_كۆربەندی ئابووری جیهان
بریتیە لە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی قازانج نەویستی سەربەخۆ هەڵدەستێت بە پەڕەپێدانی جیهان لە رێگای هاندانی كارو سیاساتی زانستی وسەرجەم سەركردە كۆكراوەكان لە پێناوی پێكهێنانی جیهانگیری، لە ساڵی 1971 ـەوە دامەزاروە، ساڵانە ئەم كۆربەندە ئەنجام دەدرێت لە شاری داڤۆسی سویسری.
یەكێك لە پەنێڵەكانی لە ساڵی 2015 بریتی بوو لە سوپای ئایندە، بۆ ئەم پانێڵە بانگهێشتی بەڕێز د. ڕۆژ نوری شاویسی كرد وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە كە بەرپرسی محوەری خازر بوو لە نزیك مووسل، چونكە ڕٍێكخراوی داعش وەكو مەترسییەك بە سەر ئابووری جیهان هەژمار كرا.
ئەمە جگە لە بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە كۆربەندەكانی تر لە ساڵانی 2016 و 2017، بە سەربەخۆیی شان بە شان دەوڵەتی عێراق، واتا شاندی هەرێم نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات نەك كۆماری عێراق.

2) كۆنفرانس میوشن بۆ ئاسایشی جیهان
بریتیە لەوكۆنفرانسەی كە لە ساڵی 1963 ــەوە لە شاری میوش لە ووڵاتی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت لە پێناوی پاراستنی ئاشتی وئاسایش لە جیهاندا.
هەرێمی كوردستان بەشداری ئەم كۆنفرانسە دەكات لە ساڵی 2015ــەوە، بە بانگهَشتێكی تایبەت وشەخصی بۆ بەڕێز مەسعوود بارزانی لە لایەن باڵیۆز وولفانغ شنایدر سەرۆكی كۆنفرانسەكە، ئەویش لە بەر ئەوەی مەسعوود بارزانی خۆی پێشمەرگە بوو هەروەها فەرماندەی گشتی هێزە چەكداەركانی كوردستان بوو كە تەنها هێز بوو لە سەر زەوی توانیبووی داعش تێكبشكێنێت و پاشەكشەی پێبكات.
وە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ یەكەم جار بڕیاری دا بە ناردنی چەكی میلان بۆ پێشمەرگە، چونكە ئەمە قەدەغەكرابوو ئەڵمانیا هیچ چەكێك بنێرێ‌ بۆ دەرەوە لە ساڵی 1945ـەوە، وەكو سزایەك بە سەر ئەڵمانیا پاش شكستهێنانی لە جەنگی جیهانی دووەم، بەڵام پێشمەرگە ئەو بڕیارەی گۆڕی ئەو گەمارۆیەی بەسەر ئەڵمانیای شكاند.

شەشەم// (مەســعود بارزانــی)ی پێشمەرگە نەك سەرۆك
لە ڕاستیدا، هاتنی نێردراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ هەرێمی كوردستان وپێشوازیكردنیان لەلایەن ڕێزدار مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵی پاڵەوانێتی چەكدارەكانی هێزی پێشمەركە لە دڕەندەترین شەڕ دژی ترسناكترین تیرۆریستن گروپی داعش.
وە پێشكەشكردنی سوپاس وپێزانینی ئەو سەركەوتنانە لە لایەن نوێنەر وكەسایەتیە نێودەوڵًەتیەكان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ڕیزدار بارزانی لەو شەڕە وبەشداریكردنی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە میدانی جەنگ دا شان بە شانی پێشمەرگەكان.
هەروەها بەڕێزیان فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان بوو (بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2005ی هەمواركراو).
ئەمە جگە لەوە هەمیشە سەرۆك بارزانی دان بە حەقیقەتی جەنابیان دەدات كەوا پێشمەرگەیە وشانازی بە پێشمەرگایەتیی دەكات كە لە سەرووی هەموو پۆست وپلەیەك دایدەنێت.

لە كاتێكدا، ڕێزدار مەسعود بارزانی لە ساڵی 2005 وە سەرۆكی هەرێم بوو، واتا نێردراو وكەسایەتیە نێودەوڵەتیەكان دەهاتنە سەردانی پێشمەرگە وشەرڤان مەسعود بارزانی نەك سەرۆكی هەرێم، ئەو هێزە ناوخۆییە كە بووە هێزێكی چەكداری نێودەوڵەتی وە تەنها هێز بوو لە سەر زەوی توانیبووی داعش تێكبشكێنێت و پاشەكشەی پێبكات.

پسپۆر لە یاسای دەستووری