ههینی قادر
سەلجوقیەكان1 لقێكن لەو هۆزە (توركمان)ەی2 كە بە (غۆز)3 ناسراون، نیشتمانی ڕەسەنیان وڵاتی توركستانی ئاسیای ناوەڕاستە، لە سەدەی شەشەمی زایینی غوزەكان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێكی گەورە و بە دەسەڵات بووینە، لە سەر هیچ دینێك نەبووینە زیاتر بتپەرست بووینە، هۆزێكی دڕو شەڕانی بووینە، تەنها هونەری شەڕ و كوشتار و كاولكارییان زانیوە، بەردەوام لە سەر موڵك و زەوی و زار لە ناو خۆیان لە شەڕ دابوینە بگرە زۆر جار لە گەڵ جیرانەكانی خۆشیان بە تایبەتی لە گەڵ چینییەكان مێژوویەكی پڕ لە شەڕ و خوێناوییان هەیە، خاوەنی سنوورێكی گەورە و بەرفرەوان بووینە لە ڕووی ژمارەشەوە هۆزێكی گەورە بووینە، سنوورەكەشیان لە ڕۆژئاوای وڵاتی چینەوە درێژبۆتەوە تاكو سەر كەناراوەكانی دەریای ڕەش، ئەمانە هۆزێكی كۆچەری شوانكارە بووینە، ژیانێكی ڕەوەندی ژیاون لە ناوچەكانی خۆیان هەواری كوێستان و گەرمیانیان كردووە، بە شێوەیەكی سەرەكی پشتیان بە لەوەڕگا بەستووە، چونكە مەڕ و ماڵات و ڕەشەوڵاغیان زۆر بووە هەمیشە بە دوای زەوی بە پیت و لەوەڕگای بەخێر و ئاودار گەڕاون، ئەم جۆرە ژیانە ڕەوەندی و كۆچەرییەی غوزەكان زۆر جار لە سەر لەوەڕگاكانیان كێشە و گرفتی لە ناو خۆدا بۆ دروست كردوون كە بۆتە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوانیاندا و خوێن لە نێوانیاندا ڕژاوە، بەمەش ناچار بوون لە بەر یەك بچنەدەر، واتە بەشێك لەم هۆزە یاخود ماڵباتێك لە ناو ئەم هۆزە سەر هەڵدگرێت و ڕوودەكاتە شوێنێكی ترو زەوییەكی تر بۆخۆی دەدۆزێتەوە و درێژە بە ژیانی كۆچەری خۆی دەدات.
سەلجوقییەكان نموونەی ئەم حاڵەتەن كە بە ناچاری بە هۆی پێكنەهاتنیان لە سەر زەوی و زار و لەوەڕگا لە سەدەی (4ك/10ز) لە شوێنی باب و باپیرانی خۆیانەوە لە توركستان بەرەو هەرێمی خۆراسان ئەودیو ڕووبار (بلاد ما وراء النهر) كۆچیان كردووە، لەو كاتەدا میرنشینی سامانییەكان4 (261-389ك) (874-999ز) حاكمی ئەم ناوچەیە بوون، سەلجوق شا لە گەڵ میری سامانیەكان میر مەنسوری دووەم (366-387ك) (976-997ز ماوەی حوكمی ئەم میرە) ،
1سەلجوقیەكان: ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پادشاكەیان كە ناوی سەلجوقی بووە، باوكی ناوی دقاق بووە، یەكێ بووە لە وەزیرە ناسراوەكانی بیغۆخان گەورە پادشای توركستان.
2 توركمان یاخود تورك یەك ناوە بۆ میلەتێك لقێكی سەرەكی گەورەی هۆزی (غوز)ە كە نیشتمانی ڕەسەنیان ئاسیای ناوەڕاستە لەسەرچاوە مێژوویەكان هەردوو ناو بەكارهاتووە بەڵام راو بۆچونێك هەیەگوایە زاراوەی توركمان بەم خێل و تیرانە دەگوترێت كە شێوەی زیانیان كۆچەری و ڕەوەندیە هەرچی زاراوەی (تورك)ە بەوانە دەگوترێت كەلەشارەكان دەژین و شێوەی ژیانیان پێشكەوتووترەو شارستانین.
3غوز هۆزێكی گەورە و بەناوبانگی توركە لەگەڵ هۆزی قالوق بنەچەی تورك و توركمانەكان بە گشتی پێك دەهێنن دوو بۆچوون و لێكدانەوەی جیاواز لەسەر بنچینە ئەم وشەیە هەیە یەكەمیان پێی وایە ئەم ناوە لە (الت غز-التغز) هاتووە بە واتای دەهۆز دێت، دووهەمیان پێی وایە ئەم ناوە لە (اڵاوغوز) یان (گوقوز) (دوقز) هاتووە كە بە واتای نۆ هۆز دێت، ئەم هۆزە لە سەدەی شەشی زایینی خاوەن ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتێكی فراوان بووە.
4 سامانیەكان: بنەماڵەیەكی فارسن دەگەڕێنەوە سەر باپیرە گەورەیان سامان خوداهـ، كەلەسەردەمی هیشامی كوڕی عەبدوالمەلیكی ئومەویەكان بوونەتە ئیسلام، وەلەسەردەمی بانگەوازی عەباسیەكان پشتگیریان لە عەباسیەكان كردووە لەخوراسان، لەگەڵ ئەبو موسلیمی خوراسانی كاریان كردووە.
دەكەوێتە گفتوگۆ و داوای لێ دەكات لە سنوری میرنشینەكەی زەویەكی پێبدات تاكو خۆی و هۆزەكەی لێی نیشتەجێ ببن و لە سەری بژین، ئەویش لە وەڵامدا ڕەزامەندی خۆی پیشان دەدات بەڵام بەو مەرجەی خۆی و هۆزەكەی ببن بە موسڵمان و ئایینی ئیسلام قبول بكەن و لە ژێر فەرماندەی سامانیەكان خزمەتی دەوڵەتی عەباسی بكەن، سەلجوق بەو مەرجەی میری سامانیەكان ڕازی دەبێت و خۆیی و هۆزەكەی ئیسلام بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن وە لە هەمان كاتیشدا ئامادەیی خۆی پیشان دەدات لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عەباسی خزمەت بكات و بەرگری لە دەوڵەتی ئیسلامی بكات بەم جۆرە لە دوای ئیسلامبوونیان هۆزەكەی سەلجوقی بە ناوی سەلجوقیەوە دەناسرێت.
ئیتر بەم شێوەیە سەلجوقی یەكان وەك هێزێكی نوێ و كاریگەر لە بەری ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عەباسی تێكەڵ بە كۆمەڵگای ئیسلام دەبن و شاری (جند) دەكەنە مەڵبەندی نیشتەجێبوونی خۆیان لە ماوەیەكی كورتدا متمانەی سامانیەكان بۆخۆیان بەدەست دەهێنن، بەمەش پەیوەندیەكی باش لە نێوان هەردوولادا دروست دەبێت، زۆری پێ ناچێت سامانیەكان بە سوود وەرگرتن لە هێزو جەنگاوەرانی سەلجوقی یەكان هەڵمەتی فتوحات بۆ ناوچە تورك نشینەكانی توركستان دەست پێ دەكەن بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام لەم ناوچەیەدا، لەم هەڵمەتانە جەنگاوەرانی سەلجوقی ڕۆلێكی زۆر كاریگەر دەبینن و دەبنە پشتیوانیەكی باش بۆ دەوڵەتی عەباسی و متمانە پەیدا دەكەن.
ئیتر سەلجوقی یەكان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن و ژمارەی جەنگاوەرانیان زیاتر دەبێت و دەسەڵاتیان بە سەر ناوچەكەدا زۆرتر دەبێت، لە بەرامبەریشدا سامانیەكان ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتیان لە كورتی دەدات و بێهێز دەبن بە هۆی كێشەی ناوخۆیی میرنشینەكە و ململانێی میرەكانیان لە سەر دەسەڵات لە لایەك و كێشە و گرفتیان لە گەڵ میرنشینی غەزنەوی و ماڵباتی خانی توركەكان لە لایەكی تر، ئەمانە هەمووی بە یەكەوە یارمەتی دەر دەبێت بۆ سەلجوقی یەكان كە دۆخەكە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بەم جۆرە سەلجوقی یەكان سوودیان لەم دەرفەتە وەرگرت، بە تایبەتی دوای ئەوەی سامانیەكان بە یەكجاری لە دوا ساڵەكانی كۆتایی سەدەی چواردەمی كۆچی بەرامبەر دەیەمی زایینی كۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتوو ئیتر سەلجوقی یەكان شوێنیان گرتنەوە، ئەوانیش توانیان وەك هێزێكی دەسەڵاتداری ناوچەكە ڕووبەڕووی تەماحكاریەكانی غەزنەوی و خانەكانی تورك بوەستنەوە بە هەمان شێوە لە چارەگی یەكەمی سەدەی (5ك / 11ز) بەرەنگاری دەسەڵاتی بوەیهیە شیعەكانیش بوونەوە، ئەم كارەی سەلجوقی یەكان بەدڵی عەباسیەكان بوو، چونكە دەمێك بوو چاوەڕوانی دەرفەتێكی وابوون بۆ لێدانی دەسەڵاتی بوەیهیەكان كە ماوەیەك بوو ببوونە مایەی سەرئێشە و دروست بوونی كێشە بۆ دەسەڵاتی عەباسیەكان.
دوای ئەم پێشهاتانە زۆری نەخایاند سەلجوقی یەكان لە ساڵی (429ك / 1037ز) واتە دوای كەمتر لە نیو سەدە لەئیسلام بوونیان لەسەردەمی ئەرتغرل بەگ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاند و شاری نیسابووری غەزنەوییەكانیان كردە بنكەی سەرەكی حوكمڕانی خۆیان، ئیترغەزنەوییەكان تەحەمولی ئەم شكستەیان نەكرد كە بەرامبەر سەلجوقی یەكان دووچاری ببوون، بۆیە خۆیان ئامادەكرد بۆ شەڕێك تاكو ناوچەكانیان لەژێر دەسەڵاتی سەلجوقی یەكان وەربگرنەوە،ئەمەبوو دوای دوو ساڵ واتە لە ساڵی (431ك/1039ز) غەزنەوییەكان لە سەردەمی مەسعود غەزنەوی هێرشی پێچەوانەیان كردە سەر سەلجوقی یەكان لەشەڕێكی سەختدا كەبە شەڕی (داندنقان) ناسراوە سوپای غەزنەویەكان لەبەرامبەر سوپای سەلجوقی یەكان جارێكی تر دووچاری شكستێكی گەورە هاتن و لەدەرئەنجامدا غەزنەویەكان شاری (رەیی)شیان (تارانى ئێستا) لەدەستدا و بەمجۆرە سەلجوقی یەكان چونە ناوشارەكە و كردیان بە بنكەی حكومڕانی دەوڵەتەكەیان.
دوای ئەم سەركەوتنانەی سەلجوقیەكان خەلیفە عەباسی (القائم بأمرالله 422-467ك) پیرۆزبایی خۆی بە حكومەتە نوێیەكەی سەلجوقی ڕاگەیاند و دڵخۆشی خۆیشی بە سەركەوتنەكانیان دەربڕی، شا ئەرتغرل بەگیش داوای لەخەلیفە كرد بەڕەسمی دان بەدەسەڵاتەكەیدا بنێ تاكو بتوانێت زیاتر خزمەت بە ئیسلام و دەوڵەتی عەباسی بكات، ئەرتغرل شا ئەم داوایەی خۆی لەڕێگای قاسیدێكی تایبەتی خۆیەوە لەساڵی (432ك 1040ز) دەگەیەنێتە دەستی خەلیفەی عەباسی (القائم بأمرالله) خەلیفەش بەخۆشحالیەوە داواكەی ئەرتغرل قبول دەكات و پێشی ڕادەگەیەنێت كە ئەو ئامادەیە لە شاری بەغدا پێشوازی لێبكات، دەرەنجام خەلیفەی عەباسی لە شاری بەغدا شا ئەرتغرل دەبینێت و نازناوی (سوڵتان)یشی پێ دەبەخشێت، بەمجۆرە شا ئەرتعزل پێگەی حوكمڕانی خۆی پتەو و قایم دەكات و دەسەڵاتی خۆی بە سەر تەواوی وڵاتی ئێراندا دەسەپێنێت، ئینجا دوای 15 ساڵ واتە ساڵی 447ك / 1055ز وەكو هێزی ڕزگاركەر خۆی و لەشكرەكەی دەگەنە ناو شاری بەغدای پایتەختی عەباسیەكان، بە شانازیەوە خەلیفە بۆ خۆی پێشوازی لە شا ئەرتغرل دەكات دوای ئەوەی لەشكری سەلجوقی كۆتایی بەدەسەڵاتی بوهیە شیعەكان دەهێنێت بەغدا دەگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی عەباسی، بەڵام تەنها بەناو چونكە هەموو دەسەڵاتەكان لە ژێر دەستی خۆی دەبێت، جگە لە دەسەڵاتی روحی و ئایینی نەبێت كە بۆ خەلیفەی هێشتبووە دوای (4) ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی بوەیهیەكان لە بەغدا سەلجوقی یەكان لە هەڵمەتێكی تر لە ساڵی (451ك / 1059ز) كۆتاییان بەدەسەڵاتی بەساسیری توركە شیعیەكانیش هێنا ئیتر بەغدای پایتەختی دەوڵەتی عەباسی بە تەواوی لە مەترسی و هەڕەشەكانی هێزە شیعیەكانی تورك و فارس ڕزگاری دەبێت، بەڵام ئەمجارە هێزێكی سوننی وەكو سەلجوقی شوێنیان دەگرنەوە، چونكە لە گەڵ یەك هاومەزهەبن زیاتر یەكتریان قبولە بەپێچەوانەی بوەیهی و بەساسیرەكانەوە دەبنە هێزو پشتیوانی بۆ دەوڵەتی عەباسی، دوای (12) ساڵ لەگرتنی شاری بەغدا سەلجوقی یەكان لە هەڵمەتێكی گەورەدا لە سەردەمی سوڵتان ئەلب ئەرسەلانی برازای سوڵتان ئەرتەغرل لە سەرووی وڵاتی شام لە نێو خاكی كوردستان لە ناوچەیەك بە ناوی (مەلازگرد) ڕوبەڕووی هێزەكانی بێزەنتی دەبنەوە لە شەڕێكی یەكلاكەرەوەدا لە ساڵی (463ك/1071ز) كۆتایی بە ڕۆمە بێزەنتیەكان دەهێنێت و دەرئەنجام هێزی سەلجوقیەكان لەم شەڕەدا زاڵ دەبن و سەردەكەون و خودی ئیمپڕاتۆری بێزەنتیەكان (ڕۆمانۆس)بەدیل دەكەوێتە دەستی سەلجوقی یەكان بەڵام لە دواییدا بە پێی ڕێكەوتنێك لە نێوانیاندا بەپێدانی مەبلەغێك پارە بە سەلجوقی یەكان ئیمپڕاتۆر ئازاد دەكرێت.
ئەوەی شایانی باسە بەپێی سەرچاوە مێژوویەكانی ئیسلام جەنگاوەری كورد لە شەڕى مەلازگرد وەكو هێزێكی موسلمان بەشداری ئەم جەنگەیان كردووە ئەوكات دەوڵەتی دۆستەكی كە هاودەمی سەلجوقیەكان بوو بە ژمارەیەكی زۆر لە جەنگاوەرەكانی خۆی پشتیوانی لە هێزی سەلجوقی كردووە، بەمەش كورد ڕۆلێكی خۆی بینیوە لە تێكشكانی بێزەنتیەكان، لە كۆتاییدا ئەم هەڵوێستەی دۆستەكیەكان بە قازانجی كورد نەشكایەوە، چونكە هەربە دەستی سەلجوقی یەكان كۆتایی بە دەسەڵات و حوكمی دۆستەكیەكان هات.
دوای شەڕی مەلازگرد تەواوی كۆسپ و تەگەرەكان لە بەردەم فرەوانخوازیەكەی سەلجوقی یەكان نەما و هەموو خاكی ئەنادۆل كەوتە ژێر دەسەڵاتیان بۆ داكوتانی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان پەنایان بردە بەر هێنانی هۆز و خێلە توركمانەكان لە ئێران و ئاسیای ناوەڕاست بەم سیاسەتە سەلجوقی یەكان ژمارەیەكی زۆریان لە خێزانە توركمانەكان بۆ ئەم ناوچەیە گواستەوە و لە سەر سنورەكانی بێزەنتی نیشتەجێیان كردن، بە زەوی دابەش كردن بەسەریاندا هانیاندان كە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، سەلجوقی یەكان لەم كارەیاندا دوو ئامانجیان هەبوو، یەكەم جێنشین كردنی هۆزە توركەكان، دووەمیان پاراستنی تخوبەكانی باكووری ڕۆژئاوای دەوڵەتی عەباسی لەهێرش و پەلاماری بێزەنتیەكان.
لەڕاستیدا سیاسەتی كۆچ پێ كردن و ڕاگواستنی قۆناغ بە قۆناغی خێزانە توركمانەكان بۆ ناوچەكانی ئەنادۆل لەلایەن سەلجوقیەكانەوە گرنگی زۆری پێدراوە بە تایبەتی لەسەردەمی خەلیفە (القائم بأمرالله) سەدەی 5ك/11ز ئاسانكاری و هاندانی زۆر بۆ ئەم سیاسەتەی سەلجوقیەكان كراوە، لە ماوەیەكی كورتدا بە هەزاران خێزانی توركمان لە سەر موڵك و زەوی بێزەنتیەكان نیشتەجێكراون و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە، بەم شێوەیە سیاسەتی بە تورك كردنی ئەنادۆل لەو كاتەوە دەستی پێكرد و سیمای ڕۆمیان بە سەر ئەم ناوچەیەدا ڕەشكردەوە.
بە نەمانی مەترسی دەوڵەتی بێزەنتی لەسەر تخوبی رۆژئاواى دەوڵەتی ئیسلام سەلجوقی یەكان بناغەی دەوڵەتێكی بەهێزیان بەناوی دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆم لە هەمبەر دەروازەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای مەسیحی دروست كرد ئیتر ڕۆژ بەڕۆژ پەرە بەهێز و دەسەڵاتیان دەدەن لەسەر دەستی سوڵتان ئەلب ئەرسەلانی برازای سەلجوق بەهێزترین دەوڵەتی سەلجوقی لەم سنوورەدا دادەمەزرێنن.
بەمجۆرە بارودۆخی ناوچەكە و جیهانی ئیسلامی لە بەرژەوەندی سەلجوقی یەكان شكایەوە و لەماوەی سێ سەدەدا (5-8ك/11-14ز) لەلایەن پێنج بنەماڵەی بەناوبانگی سەلجوقی یەكان ژمارەیەك دەوڵەتی سەلجوقی لەناوچەكەدا دامەزراون بە هۆیەوە جڵەوی حوكمڕانی جیهانی ئیسلامیان گرتۆتە دەست وەكو لە خوارەوە بەكورتی یەكە یەكە ئاماژەیان پێ دەكەین.
یەكەم دەوڵەتی مەزنی سەلجوقی: ئەمانە یەكەم هێز و فەرمانڕەوای سەلجوقی یەكان بوون كە توانیان ڕووبەرێكی فرەوان لە ناوچەكانی جیهانی ئیسلام بخەنە ژێر ڕكێڤی خۆیانەوە بریتی بوون لەم ناوچە و هەرێمانە (خوراسان- رەیی- هەرێمی چیا (كوردستا)- جزیرە- عێڕاق- فارس- ئەهواز) ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لە سەر دەستی ڕوكنەدین ئەبوتالب كوڕی ئەرتغرڵ بەگ لە ساڵی (429ك/1039ز) دروست بوو تاكو (522ك/1127ز) بەردەوام بوو، لەم ماوەیەدا 8 پاشایان یەك بە دوای یەك فەرمانڕەواییان كردووە، لەڕاستیدا ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی بە دەوڵەتی دایك و بنچینەی دەسەڵاتی سەلجوقی یەكان لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی دادەنرێت، لەكۆتاییدا لەسەر دەستی پاشایەكانی خوارزم لەساڵی (522ك/1127ز) ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لەناو دەچێت.
دووەم دەوڵەتی سەلجوقی لە كرمان: ئەمانە لەمێژوودا بە سەلجوقی یەكانی كرمانی ناسراون، لەم هەرێمەدا بۆ ماوەی 150 ساڵ حكومڕانیان كردووە لە (432ك تاكو 583ك / 1041ز-1188ز) لەم ماوەیەدا 11 پاشا حوكمداریان كردووە، ئەمانەش سەر بە هۆزی (قاروت بەگی كوڕی داود كوڕی میكائیل كوڕی سەلجوق)ن كە دەكاتە برای سولتان ئەلب ئەرسەلان، ئەمانەش لەسەر دەستی هۆزی غوزی توركمان كۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتووە لەساڵی 583ك /1188ز.
سێیەم دەوڵەتی سەلجوقی لە عێڕاق و كوردستان: لە مێژوودا بە سەلجوقیەكانى عێڕاق و كوردستان ناسراون، لەساڵی 511ك/1117ز فەرمانڕەوایی ئەم ناوچەیان كردووە تا ساڵی 590ك/1194ز بەردەوام بووە، واتە حوكمداریان 79 ساڵی خایاندووە، لەم ماوەیەدا نۆ پاشا فەرمانڕەوایان كردووە، بەناوبانگترین پاشایان غیاث الدین ئەبو شوجاع محمد بووە كە لە سەردەستی خوارزمیەكان كۆتایی بە دەسەڵاتی سەلجوقی یەكانی عێڕاق و كوردستان هاتووە.
چوارەم دەوڵەتی سەلجوقی لەسوریا: لە لایەن روكنەدین بەركیاروق لەساڵی 485ك/1094ز دامەزراوە كە سەر بە بنەماڵەی (تەتش كوڕی ئەلب ئەرسەلان كوڕی داود كوڕی میكایل كوڕی سەلجوق)ە تا ساڵی 510ك 1117ز فەرمانڕەوایان كردووە لەم ماوەیەدا كە 24 ساڵی خایاندووە پێنج پاشا یەك بە دوای یەك حوكمداریان كردووە، بە هاتنی زەنگی یەكان و ئەرتقی یەكان كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی هاتووە.
پێنجەم دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆم: ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لەسەر پاشماوەی بێزەنتیەكان لە ڕۆژئاوای توركیا لە شاری قونیە و ئاق سەرای دروست بوو، شاری قونیەیان كردە بنكەی سەرەكی حوكمداریان، لەساڵی (470ك تاكو 700ك) بەرامبەر (1077ز تاكو 1330ز) فەرمانڕوایان كردووە، واتە بۆ ماوەی زیاتر لە دووسەد ساڵ دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، ئەمانە سەر بە بنەماڵەی قوتولمشی كوڕی ئیسڕائیل كوڕی سەلجوقن، دامەزرێنەرەكەیان سولتان جەلالەدین ئەبی فەتح مەلەكشایە، ئەم دەوڵەتی سەلجوقیە لە مێژووی سەلجوقیەكاندا بە تەمەنترین دەوڵەتی سەلجوقی دادەنرێت، لە ماوەی تەمەنی خۆیدا 18 پاشایان یەك بە دوای یەك حوكمداریان كردووە.
لەكۆتاییدا لەسەر دەستی عوسمانی یەكان و مەغۆلەكان لە ناوبردراون، ئەم بنەماڵەیە لە دەوڵەتداریدا توانیویانە سیاسەتێكی گونجاو لە گەڵ دەوروپشتیان پەیڕەو بكەن بە تایبەتی لەگەڵ خەلیفەكانی عەباسی و سەلجوقیەكانی عێڕاق و كوردستان پەیوەندی یەكی باشیان لەگەڵ ئەمانە دروست كردووە، بەم سیاسەتە نەرمەی خۆیان توانیان وردە وردە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر عەباسی یەكاندا بسەپێنن بەمەش كۆنتڕۆڵی شاری بەغدایان كردووە و خەلیفە هەر بە ناو ماوە و هیچ دەسەڵاتێكی نەبووە، ئەم بارودۆخە بەردەوام بووە تا هاتنی لەشكری مەغۆلەكان و گرتنی شاری بەغدا لە لایەن هۆلاكۆی سەركردەی مەغۆلەكان.
ئەوەی شایانی باسە ماوەی حوكمی سەلجوقیەكان هاوكات بووە لەگەڵ ماوەی حوكمی 12 خەلیفەی عەباسی هەر لەخەلیفە (القائم بأمرالله (422ك/467ك) كە بیست و شەشەمین خەلیفە بوو تاكو خەلیفە أحمد ناصر بن المستضییء (575ك-622ك) كە سی و چوارەمین خەلیفەی عەباسی بووە، لە رٍاستیدا لەم ماوەیەدا خەلیفەكانی عەباسی جگە لە دەسەڵاتی رۆحی و ئایینی نەبێت هیچ دەسەڵاتێكی تریان نەبووە بەسەر میرو پاشایەكانی سەلجوقی.
بە تورك كردنی ئەنادۆل
گرینگی پێگەی جوگرافی و ستراتیجی ناوچەی ئەنادۆل كە وەكو دەرگایەك وایە بۆ سەرجیهانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا وە لە هەمان كاتدا گونجاوی كەش و هەوایەكەی و بە پیتی و دەوڵەمەندی خاكەكەی لە ڕووی كشتوكاڵ و لەوەڕگاوە لە لایەك و سەرهەڵدانی پشێوی و ئالۆزی سیاسی ناوخۆی ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی لە نیوەی یەكەمی سەدەی چواردەی زایینی لە لایەكی تر هانی هۆزە توركە كۆچەرەكانی ئاسیای ناوەڕاستی دا كە بەرەو ئەم ناوچەیە كۆچ بكەن چونكە لەوكاتەدا سەلجوقی یەكان بۆ مانەوەی خۆیان و فرەوان بوونی دەسەڵاتیان بەردەوام پێویستیان بە جەنگاوەر و هێزی شەڕكەری زیاتر هەبوو، سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بە دوو شەپۆلی جیاوازی پڕۆسەی كۆچ پێكردنی هۆزە توركەكانی ئاسیای ناوەڕاست و بەلقان دەكەن كە بە لێشاو لە دوو سەدەی جیاوازدا ڕوویان لەم ناوچەیە (ئەنادۆل) كردووە.
شەپۆڵی یەكەم:
لە سەردەمی سەلجوقی یەكان بوو لەسەدەی 5ك/11ز بە تایبەتی لە دوای شەڕی مەلازگرد (463ك / 1017ز) كە هاوكات بوو بە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (القائم بأمرالله 422-467ك / 1031-1075ز) لەو كاتەدا كە سەلجوقی یەكان لە شەڕەكەدا سەركەوتن دەرگاى كۆچكردنیان بۆ خێل وهۆزە توركەكان كردەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ئەنادۆل و باكووری ڕۆژئاوای ئەنادۆل كۆچ بكەن، بەمەش ژمارەیەكی زۆر لە توركەكان كە سەربە خێل و هۆزە جیاوازەكانی (قارلوق و قەبجاق و قالاج) بوون بەرەو ئەنادۆل كۆچیان كرد بەڵام بەشی زۆریان لە هۆزی غوزی توركمانەكان بوون، ئەوەی شایانی باسە پێش كۆچ كردنی ئەم هۆزانە، هۆزی تری تورك لەم ناوچەیەدا هەبوون وەكو (خێلی تر لە غوزەكان و بجنك و توركە نەساریەكان و مانۆویەكان و شامانیەكان)، كە پێشتر بێزەنتی ئەوانەیان لە ناوچەی بەلقان هێنابوو لەم ناوچەیەدا نیشتەجێی كردبوون بۆ پاراستنی سنورەكان، ئەمانە وەكو سەربازی بەكرێگیراوبوون كە بۆ بێزەنتی یەكان شەڕیان دەكرد، بە تێكەڵ بوونی هەردوو ڕەگەزی توركەكانی بەلقان و توركەكانی ئاسیای ناوەڕاست لە دوای نەمانی بێزەنتی یەكان ژمارەی توركەكان لە ناوچەی ئەنادۆل بە كۆتایی هاتنی سەدەی دوازدەی زایینی زۆر زیادی كرد بە بەراورد بە ژمارەی توركەكانی وڵاتی سوریا و عێڕاق و ئێران و ئازەربایجان.
شەپۆڵی دووەم:
لەسەردەمی هێرش و پەلاماری مەغۆلەكان بوو لە سەدەی سێزدەیەمی زایینی، مەغۆڵەكان هێشتا بە تەواوی كۆتاییان بە دەسەڵاتی سەلجوقی یەكان نەهێنابوو كەچی ژمارەیەكی زۆر لە خێل و هۆزەكانی خۆیان (كە ئەوانیش لقێكی توركە ئاسیاویەكانن) لەم ناوچەیە نیشتەجێ كرد، ئەمەش قۆناغی دووەمی بە تورك كردنی ئەنادۆل لە سەردەستی مەغۆلەكان دەستی پێكرد، وێرای ئەمانەش ژمارەیەك هۆزی تورك لە ئازەربایجانی وڵاتی ئێران كە وەك جەنگاوەر لە خزمەتی سوپای مەغۆل و فەرماندەكانیان دابوون لەكاتی هەلمەتەكانیاندا لە گەڵ خۆیاندا بردراون بۆ ئەنادۆل و لێی نیشتەجێ كران.
كوردستان لە سەردەمی سەلجوقی یەكان
كوردستان لەكاتی هاتنی هێرش و شاڵاوەكانی توركە سەلجوقیەكان كە تیرەیەكن لە غوزەكان لە دۆخێكی ئاساییدا بوو میللەتی كورد بە شێوەیەكی سروشتی لەسەرخاكی خۆی دەژیا، دەسەڵاتی سیاسی ئەوكات بریتی بوو لە دەسەڵاتی میرو سەرۆك هۆزەكان كە هەریەكە لە ناوچەكەی خۆی حوكمی خۆی دەگێڕا، بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی عەباسی ئیدارەی میرنشینەكانیان دەدا بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی لە گەڵ دەوڵەتی عەباسیدا هەیانبوو كە ساڵانە باج و خەراجی خۆیان بدەن و لە كاتی پێویستدا هاوكاری دەوڵەتی عەباسی بكەن و هێزی شەڕكەر پێشكەش بە خەلیفەی عەباسی بكەن، وە هیچ گرفتێكیش بۆ دەسەڵاتی عەباسیەكان لەناوچەكانیان دروست نەكەن، بەشێوەیەكی گشتی ئەم خاڵانە بنەمای سەرەكی پەیوەندیە سیاسیەكانی نێوان هەردوولا بوون، لە سەر ئەم بنچینەیە كورد جۆرێك لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی هەبوو كە تا ڕادەیەك نیمچە سەربەخۆییەكی خۆی هەبوو، لە ماوەی نێوان سەدەی (4 تاكو 6 كۆچی) لە كوردستان ژمارەیەك میرنشینی کورد لە ناوچە جیاجیاكانی دروست بوون كە لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەناو و ناوچەكان و ماوەی حوكمیان بكەم:
1- میرنشینی عەیشانیە لە شارەزوور 300ك-595ك / 912ز-961ز.
2- میرنشینی شەدادی لە ئاران 340ك-595ك / 951ز-1198ز.
3- میرنشینی رەوادی لە ئازاربایجان 343ك-469ك / 954ز-1076ز.
4- میرنشینی حەسنەوەیهی لە دینەوەر 350ك-406ك / 961ز-1015ز.
5- میرنشینی مەروانی لە میافارقین 372ك-478ك / 982ز-1085ز.
6- میرنشینی عەنازی لە حەلوان 381ك-511ك / 991ز-1117ز.
7- میرنشینی هەزەبانی لە هەولێر 437ك-534ك / 1046ز-1139ز.
جا كاتێ ئەم هێزەی توركە داگیركەرەكان گەیشتنە ناو خاكی كوردستان یەكەم هێزی كورد كە ڕووبەرویان بوونەوە هێزی میرنشینی رەوادی بوو لە ئازەربایجان، سەرەتا كوردانی ئەم میرنشینە هەوڵیاندا خۆیان لە شەڕ و بەڵای سەلجوقی یەكان بە دووربگرن تاكو ناوچەكەیان و خەڵكەكەیان لە كاولكاری و كوشتار بپارێزن، بۆ پیشاندانی نیازپاكی خۆی میری رەوادی كوڕەكەی خۆی وەك بارمتە لای سوڵتانی سەلجوقی دانا، دیارە لەو كاتەدا ئەمە نەریتێك بووە لای سەركردەكان پەیڕەوكراوە، بەڵام ئەمەش بۆ هێزێكی داگیركەری وەكو سەلجوقی یەكان بێ سود بووە، چونكە دوای چەند ساڵێك شەڕ لە نێوان هەردوولا دا دروست بووەوە، سەلجوقی یەكان بەردەوام هەوڵیان داوە جلەوی حوكمڕانی لە میرانی كورد وەربگرنەوە و دەست بەسەر ناوچەكانیاندا بگرن و ژێر دەستەیان بكەن، بەڵام ئەمەیان بۆ نەچۆتە سەر، لە كۆتاییدا كوردەكان بۆ دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشەكانی سەلجوقی یەكان كێشەكانی ناوخۆیان بەلاوە ناوە و لە دژی داگیركەران یەكیان گرتووە، بە تایبەتی دوای كاولكاریەكەی شاری مەراغە و ورمێ ئەم یەك هەڵوێستیەی میرانی كورد بە تایبەتی ئەو یەك بوونەی لە نێوان میر و هۆزانی ڕەوادی و میر ئەبوهیجای كوردی هەزەبانی دروست بووە توانیان سنورێك بۆ هێرشبەرانی سەلجوقی دابنێن.
دوای ئەم پێشهاتە نوێیە لەشكری داگیركەری سەلجوقی ناچاربوو ناوچەكانی بەشی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵێت و ڕووبكاتە بەشی كوردستانی باكوورو پەلاماری ناوچەكانی هەكاری بدات، لەوێش دەرهەق بە دانیشتوانەكەی كاوڵكاریەك و كوشتارێكی گەورەی ئەنجامداوە، لەساڵی 1063ز لەسەردەمی سوڵتان ئەلب ئەرسەلان ڕوویان لە ناوچەكانی ئەرمینیا و بێزەنتیەكان كرد لە ئەنادۆل دوای چەند ساڵێك توانیان لە شەڕێكی یەك لاكەرەوەدا لە ساڵی 1071ز/463ك كە بە شەڕی مەلازگرد ناسراوە كۆتایی بە دەسەڵاتی بێزەنتیەكان بهێنن، بەمەش دەوڵەتی عەباسی لە گەورەترین مەترسی و هەڕەشەی بێزەنتیەكان لە سەر دەستی سەلجوقیەكان و كورد ڕزگاری بوو، دوای ئەم شەڕە بە تەواوەتی هەموو خاكی ئەنادۆل و كوردستانیش كەوتە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقی یەكان، جگە لە میرمشینی مەروانیەكان كە تا ئەوكاتە لەدەسەڵات و حوكمڕانی خۆی بەردەوام بووە سەلجوقی یەكان كاریگەریەكی ئەوتۆیان بە سەریانەوە نەبوو بەڵكو هەوڵیانداوە سود لە هێزی ئەم میرە وەربگرن، ئەوەبوو لە شەڕی مەلازگرد كوردەكان پشتیوانی سەلجوقیەكانیان كردووە لە دژی بێزەنتیەكان.
هۆكاری سەرەكی ئەم هاوكاریەی نێوان كوردەكان و سەلجوقی یەكان مەسەلەی ئاینی ئیسلام بوو کە خاڵی هاوبەش و گرێدراوی نێوان هەردوولا بوو، هەندێ سەرچاوەی مێژوویی دەڵێن كورد لەم شەڕەدا بە هەزاران جەنگاوەر بەشداری كردووە و زۆربەیان لە جەنگاوەرانی دەوڵەتی مەڕوانی دۆستەكی بوون كە خاوەن هێزو توانایەكی سەربازی گەورە بوون بە حوكمی نزیكیان لە هێزەكانی بێزەنتی ئەم ڕۆلەیان بینیوە، هەرچەند دوای كۆتایی ئەم شەڕە بەشی زۆری لەشكرەكەی سەلجوقی یەكان گەڕانەوە بنكەی سەرەكی خۆیان لە ئێران كە شاری (رەی) بوو كە دەكاتە (تارانی) ئێستا، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان لە جەنگاوەرانی سەلجوقی لە ناوچەی ئەنادۆل مانەوە وێرای بەردەوام هێنانى خێزانی توركە كۆچەرەكان و جێنشین كردنیان لەم ناوچەیە كە دەتوانین بڵێین بوونە بناغە و بنچینەی ئەم هۆزە توركانەی كە لە دواییدا بەهۆی میرنشینی ناوچەیی جودا جودا وەکو میرنشینى قەهرەمان کە خۆیان بە میراتگرى سەلجوقیەکان داناوە، هەروەها میرنشینى ئایدین، میرنشینى قەرەسو، میرنشینى جاندەر، میرنشینى ساروخان، میرنشینى عوسمانى و چەندانى تر کە ئەمەى دواییان واتە میرنشینى عوسمانى لە هەموویان بە هێزتربوون بناغەی ئەو دەوڵەتەیان دروستكرد كە لە مێژوودا بە دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە، كە توانی بۆ ماوەی شەش سەدە لە ڕووبەرێكی فرەوانى جیهان بە ناوی ئیسلام حوكم بكات، بەمەش حوكمی بەشێكی زۆری جیهانیان كرد بە تایبەتی لە هەر سێ كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا، بەمشێوەیە لەم كاتەوە ناوچەی ئەنادۆل سیمای بێزەنتی و مەسیحیەتی لە دەستدا و سیمای توركە موسلمانەكانی وەرگرت، بەڵام نەیانتوانی سیمای بە تورك بوون بە سەر كوردستاندا بسەپێنن تەنها لە سەردەمی توركیای كەمالی نەبێت كە تا ڕادەیەك توانیان سیاسەتی بە تورك كردن لە هەندێ ناوچەی كوردستان بەجێبهێنن سەرەتا خاكی كوردستانیان بە بەشێك لە ئەنادۆل هەژمار كردوو بۆ ئەوەی ناوی كوردستان بسڕنەوە ئەم بەشەی كوردستانیان كرد بە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل و خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل، هەروەها بە هۆى شۆرش و ڕاپەرینەکانەوە ژمارەیەکى زۆر لە کوردەکانیان لە سەر گوند و ناوچە رەسەنەکانى خۆیان بۆ شارە تورکەکان لە ڕۆژئاواى تورکیا گواستەوە، بەردەوام نکۆڵى لە نەژادى کوردبوونى خاکى کوردستان دەکەن تا ئێستاش ئەم سیاسەتە بەردەوامە جا چ حكومەتەكەى تورکیا عەلمانی بێ یاخود ئیسلامی.
پەراوێزەكان:
((ئۆگوز)) یان ((طوقوز)) (دۆقز) ووشەیەكی توركی یە بە مانای ژمارە (9) نۆ دێت، بەپێی زاراوە جیاوازەكانی توركی ((تلفظ)) دەكرێت، ئەمەش ئاماژەیە كە بۆ پێكهاتەی ئەم هۆزەی تورك كە لە (9) تیرەو خێڵ پێكهاتووە، محمد سهیل طقوش، تاریخ السلاجقة الروم فی اسیا الوسطی، پەراوى لاپەڕە(16) .
ئەم وشەیە لە سەرچاوەكانی عەرەبیدا بە (الغز) یان (الاغوز) هاتووە، چونكە لەزمانی عەربیدا پیتی (گ) نییە بۆیە هەموو ئەم وشانەی پیتی ((گ))یان تێدایە دەكرێن بە ((غ)) یان بە ((ج)) وەكو سونگور كە ناوی سوڵتانێكی سەلجوقیە كراوە بە ((سنجر)) یاخود گورگانی كراوە بە ((جورجانی)) ئەمە بۆ پیتەكانی (پ، چ، ڤ) بە هەمان شێوە لە كاتی وەرگێڕاندا گۆڕانكاری بەسەر دادێت.
(1،2) د.عصام محمد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ومعالم دورهم السیاسی والحضاری) (السلاجفة الایوبین) ل 18.
(*) سامانیەكان: میرنشینێكی ئێرانی بووە، لە ناوچەكانی خوراسان و ئەودیو ڕووبار لە ماوەی نێوان 261-389كۆچی /874-999 زایینی فەرمانڕەوایان كردووە، لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی پاراستنی سنورەكانی ڕۆژهەڵاتی جیهانی ئیسلامیان پێ سپاردراوە، لە لایەن نصری كوڕی ئەحمەد دامەزراوە، ناوەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ یەكێك لە ناوی خانەدانەكانیان بە ناوی سامان خودات كە خەڵكی بەلخ بووە، تەمەنی ئەم میرنشینە لە 125 ساڵ دەوامی كردووە.
(3) د.محمد سهیل طقوش: التاریخ الاسلامی الوجیز2 ل191.
د. نیشتمان بەشیر: كورد و سەلجوقیەكان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل76.
(4) ج. و د. سوردیل: معجم الاسلام التاریخی ت: أ الحكیم ص505.
(5) شێخ محمد خضری بەگ: محاضرات فی تاریخ اڵامم الاسلامیة- الدولة العباسیة ص581.
(6) سەرچاوەی پێشوو ص581.
(7) د.محمد سهیل طقوس: التاریخ الاسلامی الوجیز ص192.
(8) د.عبدالنعیم محمد حسین: ایران والعراق فی العصر السلجوقی ص41.
(9) د.خاشع المعاضیدی و د.رشید الجمیلی،تاریخ الولایات العربیة والاسلامیة فی المشرق والمغرب ص78.
(10) د.نیشتمان بەشیر: كورد و سەلجوقیەكان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 94.
(11) د.عبدالنعیم محمد حسین: ایران والعراق فی العصر السلجوقی ص31.
(12) د.عصام محمد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ص21.
مەلازگرت یاخود مەلازگرد لە سەرچاوە عەرەبیەكاندا بە چەند شێوازێك ئەم ناوە هاتووە وەكو منازجرد، ملازجرد ناوی (شارێكە لە كوردستانی توركیا) نزیك دەریاچەی وان.
د.عصام محمد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ص 25-54
الحسینی : اخبار الامراء والملوك السلجوقیة ص52-55
شێخ محمد خضری بەگ: محاضرات فی تاریخ اڵامم الاسلامیة- الدولە العباسیة ص589
محمد سهیل طقوش: التاریخ الاسلامی الوجیز ص190 و د.محمد فؤاد كوپریلی، قیام الدولة العثمانیة ت: د.احمد السعید سلیمان ص 12
د. نیشتمان بەشیر: كورد و سەلجوقیەكان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 281
د. نیشتمان بەشیر: كورد و سەلجوقیەكان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 318.
سەرچاوەكان:
1- صدرالدین علی بن أبى الفوارس ناصر الحسینی أاخبار الدولة السلجوقیة، دار الوراق للنشر، بیروت، 2017.
2- الامام عمادالدین اڵاصفهانی، تاریخ دولة السلجوق، دار الافاق الجدیدة ط2، بیروت 1980.
3- نضام الملك الطوسی، ت: د. یوسف بكار، سیر الملوك (سیاستنامة)، دار المناصل بیروت 2007.
4- ئامادا رابیس . ت، لطفی الخوری، السلاجقة، بغداد، 1968.
5- د. عصام محمد شبارو. السلاطین فی المشرق الغربی (السلاجیقة والایوبیون) دار النهضة- بیروت.
6- صدرالدین علی بن ناصر الحسینی، تحقیق، د. محمد نورالدین ذوبدة التواریخ (أخبار الامراء والملوك السلجوقیة)، دار امراء بیروت 1986.
7- د. خاشع المعاضیدی و د. رشید الجمیلی، تاریخ الدویلات العربیة والإسلامیة فی المشرق والمغرب بغداد 1980.
8- د.نیشتمان مشیر محمد، كورد و سەلجوقیەكان، د.ادریس عبدالله، دەزگای موكریانی 2006.
9- د. محمد سهیل طقوش تاریخ الاسلامی الوجیز دار النفائس بیروت 2006
10- الشیخ محمد خضری، محاضرات فی تاریخ الامم الاسلامیة (الدولة العباسیة) تحقیق، عیدة علی كوشك، دار البشائر الاسلامیة ط2 بیروت 2013ط2.
11- محمد امین زكی تاریخ دول الامارات الكردیة فی العهد الاسلامی ، ت، محمد علی عونی ط2 بغداد 2006.
12- محمد امین زكی، خلاصة تاریخ كرد وكردستان، ت، محمد علی عونی، بغداد 2005ط2
13- د.فاروق عمر فوزی، الخلافة العباسیة السقوط والإنهیار الجزء الثانی عمان 2003.
14- د.عبدالنعیم محمد حسنین، ایران والعراق فی العصر السلجوقی ط2 بیروت 1983.
15- محمد فواد كوبریلی، قیام الدولة العثمانیة ، ت، احمد السعید سلیمان، بیروت 1967.









