خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی ئەو ڕووپێوییەی پسپۆڕێكی جوگرافیای سروشتی لە زانكۆی هەڵەبجە ئەنجامیداوە، لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە و قەزای خورماڵ و ناحییەكانی سیروان و بیارە و زیاتر لە 125 گوندی سنووری پارێزگاكە، نزیكەی 900 كانیاو هەن، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی كانیاوەكان وشكیانكردووە. ڕێباز حەمە غەریب ئەحمەد هەورامی، وشكبوونی كانیاوەكان بە مەترسییەكی گەورە دەزانێت. سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویش، ناوبراو دەڵێت: لە سێ ساڵی ڕابردوودا، 10-15 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە بەشێكی دەشتی شارەزوور دابەزیووە و لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری هەڵەیجەش 70-80 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە.
60-70%ی كانیاوەكانی هەڵەبجە وشكیانكردووە
ڕێباز حەمە غەریب، پسپۆڕی جوگرافیای سروشتی و مامۆستا لە بەشی جوگرافیای كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت: بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە مەیدانییەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجاممداوە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لە ناحیەی بەمۆ كە نزیكەی 1000 كلیۆمەتر چوارگۆشەیە نزیكەی 900 كانیاو هەن، لەو ژمارەیە 10-15 كانییاویان لە كانییە پلە یەكەكانن كە ئاوێكی زۆر باشیان لەبەردەڕوات و ساڵانە پشتیان پێ دەبەسترێت و وەكو سەروەتێكی نیشتیمانی گەورە هەژمار دەكرێن لەوانەش: (سەرچاوەی زەڵم، چاوگی ڕیشێن، چاوگی شیرەمەڕ، سەرچاوەی ئاوی گەنجانی خورماڵ، چاوگی هەڵەبجە)، كە لە چركەیەكدا نزیكەی دوو مەتر دووجا داهاتی ئاویان هەیە. دەشڵێت: لەو 900 كانیاوە نزیكەی 50 كانیاویان لە پلەی دووەمن و داهاتی ئاویان مامناوەندە، ئەوانیش پێكدێن لە لە كانیاوەكانی (ئاوێسەر، عەبابەیلێ، كانی عەنەب، كانی سپی لە ناحیەی سیروان). ئاماژەی بەوەشدا، 80%ی كانییاوەكانی دیكە كە دەمێننەوە داهاتی ئاویان زۆر كەمە بە تایبەت لەو ساڵانەی كە وشكەساڵییە. ڕاشیگەیاند: لە پاش ساڵی 2020ـەوە كە سێ ساڵی یەك لە دوای یەك وشكەساڵی بوو، نزیكەی لە 60-70% كانیاوەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كە پێشتر كانیاوی هەمیشەیی بوون وشكیانكردووە یان بوونەتە كانی وەرزی، واتە تەنیا لە وەرزی بارانبارین ئاویان هەیە و لە وەرزی هاوین و پایز وشك دەبن.

تەنیا لە سنووری دوو گوند، نزیكەی 150 كانیاو هەیە
بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆی هەڵەبجە، تەنیا لە سنووری گوندەكانی خەرپانی و بەڵخە، نزیكەی 150 كانیاو هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 20 كانی ئاویان تێدا ماوە و ئەوانەی دیكە یان وشكبوون یاخود سەرچاوەی ئاوەكەیان كەڵكی ئەوەی نییە كشتوكاڵی لەبەردا بكرێت، چونكە ساڵانە لە مانگی حەوتدا ئاویان تێدا نامێنێت. ڕێباز حەمە غەریب دەڵێت: هەڵەبجە لەبەر سێ هۆكار دۆڵەمەندە بە كانیاو تاڕادەیەك كارێز. هۆكاری یەكەم، پەیوەندی بەوە هەیە ناوچەكە كەوتووەتە سنووری هێڵی بارانی مسۆگەر، واتە ساڵانە بە تێكڕا نزیكەی 650-700 ملیم بارانی لێدەبارێت، جگە لە ساڵانی وشكەساڵی. هۆكاری دووەم، بوونی چینی جیۆلۆجی، بەشێوەیەك زۆربەی بەردەكانی سنوورەكە (ئاوگرن). گوتیشی: هەندێك ناوچەی دەشتایمان هەیە لە زانستی جیۆلۆجی پێی دەڵێن (نیشتووی نوێ) كە توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، وەكو دەشتەكانی خورماڵ تا سیروان و هەڵەبجە و سەیدسادق كە بەشێك لە دەشتی شارەزوو پێكدێنن و بە حەوزی شارەزوور ناسراوە و خەزانێكی گەورەی ئاوی ژێرزەوییە. هۆكاری سێهەم، بوونی تۆپۆگرافیا، واتە بەرزی و نزمی ئەوەش هۆكارێكە بۆ دەركەوتنی كۆمەڵێك كانی، بەشێوەیەك زۆربەی هەرە زۆری ئەو كانیاوانەی لە سنووری هەڵەبجە دەركەوتوون كەوتوونەتە ناوچە شاخاوییان، چونكە بەفر و بارانی زۆرە و تۆپۆگرافیای ئاڵۆزە و بەردەكانیشی لە بەردی لامستۆن پێكهاتوون و كاتێك باران لەبەردەكە دەدات وای لێدەكات بەردەكە بتوێتەوە و درزی زۆر دروست بكات. دەشڵێت: زۆرترین كانیاوەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كەوتوونەتە ناوچە شاخاوییەكان (شاخی هەورامان، شاخی سورێن، شاخی باڵامبۆ، شاخی شنروێ).
وشكەساڵی، هۆكاری یەكەمە بۆ وشكبوونی كانیاوەكانی هەڵەبجە
بەبۆچوونی ئەو پسپۆڕەی جوگرافیای سروشتی، وشكەساڵی هۆكاری سەرەكییە بۆ وشكبوونی كانیاوەكان. دەشڵێت: لە 2020 تاوەكو 2023 بەهۆی كەمی بارانبارین كە كاریگەری زۆر هەبووە لەسەر پڕنەبوونی حەوزی ئاوی ژێرزەوی كانیاوەكان، بەشێك لە كانیاوەكانی هەڵەبجە وشكیانكردووە. ئەوەشی گوت: لێدانی بیر لە نزیك كانیاوەكان، هۆكارێكی دیكە بۆ وشكبوونی كانیاوەكان، وەكو ئەو دەڵێت ((كانی هەیە شەش بیر لە نزیكی لێدراوە و بەشێك لە بیرەكان لەسەر دەماری كانیاوەكان هەڵكەندراون، ئەوەش بووەتە هۆی وشكبوونی سەرچاوی ئاوی كانیاوەكە و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا لە هەڵەبجە چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوویداوە)). ڕاشیگەیاند: بیر هەبووە لە پاش 24 كاتژمێر لە لێدانی، كانیاوەكانی تەنیشتی وشكیكردووە.
95%ی حەفرەكانی ئاو لە دەشتی شارەزوور وشكیانكردووە
سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، ڕێباز حەمە غەریب گوتی: دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە تەواوی هەڵەبجە بە یەك ڕێژە نییە، چونكە تۆپۆگرافیا و جیۆلۆجی ناوچەكە جیاوازی هەیە، لێرەدا ناوچەی دەشتی شارەزوور ئەو بەشەی كە لە دەشتایی پێكهاتووە و دۆڵەمەندە بە ئاوی ژێرزەوی باس دەكەین، بۆ نموونە ئەگەر گوندێكی وەكو بەشارەتی خواروو سەر بە شارۆچكەی سیروان وەربگرین تا چەند ساڵێك لەمەوبەر گوندەكە خاوەنی تەنیا دوو بیری ئیرتیوازی بووە، ئەوی دیكە یان كانی بووە یاخود حەفری 10 مەتری، بەڵام ئێستا تەنیا حەفرێكیش لەو گوندە و سنووری ناحیەكە و دەوروبەری نەماوە و هەمووی وشكی كردووە. گوتیشی: لە سێ ساڵی وشكەساڵی (2020-2023) 95%ی حەفرەكانی گوندەكانی بەكراوا تا دوازدە ئیمام و بەشارەتی خواروو و بەشارەتی سەروو و تەپە كوڕە و تەپی سەفا و خێڵی حەمە كە بەشێكن لە دەشتی شارەزوور وشكیانكردووە و دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداری پشت بە ئاوی بیر دەبەستن. ئەوەشی گوت: خەڵك هەبووە لە سنوورەكەدا قوڵی بیرەكەی 25 مەتر بووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرەوییەوە لە پاش ساڵی 2020 لە ئێستادا وشكیكردووە. ناوبراو دەشڵێت: لە سێ ساڵی ڕابردوودا، 10-15 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە بەشێكی دەشتی شارەزوور دابەزیووە، قوڵی حەفر 10-12 مەتر بووە، بەڵام ئێستا حەفرێك بۆ ئەوەی ئاوی پێویستی تێدا بێت، دەبێت تا 22 مەتر قوڵ بكرێت. زیاتر گوتی: لە پاش ساڵی 1990ـەوە تاوەكو ئێستا بە تێكڕا 25 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە بەشێكی دەشتی شارەزوور دابەزیووە.
70-80 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچە شاخاوییەكان دابەزیووە
ئەو مامۆستایەی زانكۆی هەڵەبجە باسیلەوەشكرد، پێشتر قوڵی بیری ئاو لە ناوچە شاخاوییەكانی هەڵەبجە 120-150 مەتر بووە، بەڵام ئێستا لە هەندێك شوێن گەیشتووەتە 275-300 مەتر. دەشڵێت: لە 10-15 ساڵی ڕابردوودا، ئەگەر بیرێك 150 مەتر قوڵ بكرایە بە بەردەوامی 2-3 ئینج داهاتی ئاوی هەبوو، بەڵام ئێستا قوڵی بیر لە هەمان شوێن گەیشتووەتە 220-230 مەتر و 2.5 ئینج داهاتی ئاویشی هەیە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە ناوچە شاخاوییەكان 70-80 مەتر دابەزیووە و داهاتی ئاویش كەمیكردووە. ڕێباز حەمە غەریب هێمای بۆ ئەوەشكرد ((دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی قەرەبوو نەكرێتەوە، ئەگەر قەرەبوویش بكرێتەوە كاتییە، چونكە ئەوەی لە ئاوی ژێرزەوی دەستمان كەوتووە هی میلۆنان ساڵ لەمەوبەر بووە، بۆیە پێویستمان بە میلۆنێك ساڵی تر هەیە بۆ ئەوەی باران بەو ڕێژە زۆرە ببارێت و خەزانەكانی ئاوی ژێرزەوی پڕببنەوە و ئاوی دەرهێنراو قەرەبوو ببێتەوە)). ناوبراو داواشیكرد، هاووڵاتیان دەست هەڵبگرن لە لێدانی بیری ئیرتیوازی، چونكە ئاوی ژێرزەوی لە مەترسییەكی گەورەدایە و ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ناوچەكە دەبێتە بیابان.
