گوتەبێژی پێنتاگۆن، شکستپێهێنانی هێرشێک لە هەولێر رادەگەیەنێت. هاوکات گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بەردەوامن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق 12 جار هێرشیان کردووەتەسەر هێزەکانمان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، “هێزەکانمان لە سووریا چوار جار رووبەڕووی هێرشکردن بوونەتەوە”.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەبارەی هێرشکردنەسەر هەولێر دەڵێت:هێرشێکمان بۆ سەر هێزەکانمان لە هەولێر شكستپێهێناوە، هاوکات گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بەردەوامن.

پات رایدەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، ئەو هێرشانەی کرانەسەر هێزەکانمان لە عێراق سەرکەوتوو نەبوون، هاوکات بەرپرسیارییەتی هێرشکردنەسەر هێزەکانمان لە ئەستۆی ئێرانە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرگریی لە هێزەکانمان دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکەین.