ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و ڕێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێتەوە، بەشداریى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو، بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: عێراق لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

له‌بارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین، لەم ڕووەوە گوتی: پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکیى کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکوومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین، بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم مووچه‌كانيان وەربگرن.

شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانیی و دەسکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیى سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.