خەبات: هێمن ئاری:- زنجیرە درامای ژاڵە، کەلەنووسینی (جەلیل زەنگەنە) و دەرهینانی (ناسر حەسەن) بوو لەساڵی 1985 کاری وێنەگرتنی بۆ کرا لەساڵی 1986 لەتەلەڤزیۆنی کەرکوک پەخشکرا، درامای ژاڵە یەکەم درامای کوردی بوو لە دەرەوە کاری وێنەگرتنی بۆ کرا، لەو سەردەم تا ئێستا بەیەکێک لەباشترین دراماکان دادەنرێت.
تاهەنووکە بۆ چل ساڵ دەچێت هەم چێژ و هەم کارەکتەرەکانی لەیادەورەی بینەراندا ماوەتەوە. یەکێک لەو کارەکتەرانەش خانوو نیگار حەسیب قەرەداغی بوو، رۆڵی هێرۆ خوشکی مامۆستا هێمن دەبینێت. نیگار حەسیب ئێستاکە لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات، بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوەو گەڕاوەتەوە کوردستان، لەبارەی ئەو درامایە دەڵێت: دوای 38 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم درامایە ئێستاکە کە گەڕاومەتەوە کوردستان دڵخۆشم کە دەبینم زۆرێک لە گەنجەکان و لە نەوەی ئێستا من دەمناسنەوەو خۆشحاڵن و وێنەم لەگەڵ دەگرن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو درامایە لەبیر و یادەوەری خەڵکدا جێی خۆی هەبووە.
نیگار خان کاری وێنەگرتن و تۆمارکردنی درامای ژاڵە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: هەرچەند بەکاری وێنەگرتن و تۆمارکردتی ژاڵە هیلاک دەبووین، کە لەبەیانی زووەوە تا ئێوارە دەردەچووین و بۆ کاری وێنە گرتن، بەڵام ئێستاکە بوون بەیادەوەری زۆر خۆش، نیگار حەسیب باس لەکوشتنی گوڵاڵە لەدرامای ژاڵە دەکات و دەڵێت: نزیکەی هەشت کاتژمێر و نیوەی رۆژێک بەس خەریکی تۆمارکردنی مەشهەدی کوشتنی گوڵاڵە بووین و تۆمارمانکرد، کەچی دوای ئەو هەموو ماندووبوون و هیلاکییە لەتۆمارکردنی، هاتن گوتیان ئەوە هەڵەیە وانییە کە ( بووک و زاوا ) دانیشتوون بووکە کە دەکوژرێت، نەک بەو شێوەیە، ئەو ڕووداوانە لەوکات وای دەکرد زۆر هیلاکبین بەکاری وێنەگرتنەوە، دەشڵێت: لەبەر تەپ و تۆزی غاردانی هەسپ و ڕاکەکە تحمولم نەدەکرد دووسێ جار خۆم دزییەوە چووم بۆ ناو باغەکە.
هەروەها باس لەتۆمارکردنی مەشهەدێکی دیکەی دراماکە دەکات و بەڕووداوێکی ناخۆشی دادەنێت دەڵێت: لەماڵێکی سلێمانی خەریکی وێنەگرتن بووین، من خەریکی برنج شۆردن بووم لەناکاو قاچم کەوتە زێرابێکەوە تا هەفتەیەک قاچم ئاوسا و وێرانبووم و بووم بەقوربانی ژاڵە، دەڵێت: بەراستی یادەوەرییەکانی ئەم درامایە خۆش و پڕ یادەوری بوون.
خاتوو نیگار حەسیب لە درامای ژاڵە