سەرۆك بارزانی و ڕیفراندۆم

275

ساڵح بەرزنجی
ريفراندۆم پرسێكى نەتەوەیيە، هەموو گەل و نەتەوەیەک، تەنانەت هەر کۆمەڵە و پێکهاتەیەک، مافی خۆیەتی پەنا بباتە بەر ڕیفراندوم، کە کردەیەکی تەواو دیموکراسییانەیە و لە میثاقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ددانی پێدا نراوە. چونكە ئەم پرسە بەستراوەتەوە بە بۆچوون و ئنتيمايى تاك بە کۆمەڵ و كومەڵگاکەیەوە. هەربۆیە بۆ دياريكردن و برياردان لە ماف و چارەنوس، ميللەتانی دونیا پەنای بۆ دەبەن. لەم سەردەمەدا ئێمە هەموومان ئەوە باش دەزانین کە ڕيفراندوم ڕەهەندى نەتەوەیى هەيە، هەمیشە ڕەهەندە نەتەوەییەکانیش پەیوەستن بە زەمینە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی چوار دەور و بگرە هەموو جیهانیشەوە. بەداخەوە پرسی ڕیفراندۆمی پیرۆز و موقەدەسی گەلی کورد، دژە كودەنگيەكى سياسیى نێونەتەوەیی لەسەر کۆکرایەوە و جارێکی تریش هەموو جیهان بوونەوە بە دژی ئەم خواستە ڕەوایەی گەلی کورد.

ئەم دژە کۆدەنگییە وای کرد تەنانەت بەشێکی گەورەی میللەتی کوردیش لە دوای ڕیفراندۆمەکە، پەشیمان بن لە ڕیفراندۆم، کە ئەمە زۆر بە شێوەیەکی نەرێنی و سلبی کاریگەریی خستووەتە پرسی نەتەوەیی و شوناسی کوردبوون و کوردستانیبوون. بە داخەوە میللەت و حیزبەکانی کوردستان لەجیاتی کۆدەنگی و یەکگرتوویی کەوتوونەتە شکاندنی یەکتر و پرسی ڕیفراندۆمیان بەرەو ئەوە بردووە کە خەڵک وا تێبگەن، کارێکی هەڵەیان کردووە و دەنگیان بە بەڵێ داوە.

لەم ريفراندمەدا بەجاريك ميللەتیان بەسەر دوو بەرەيا دابەش كردووە، لەگەل ئەوەشدا ڕەنگى حيزبايەتى و مۆركى خاوەنداريتى پرسەكەشيان زەقتر كردووەتەوە. لەبەر ئەوەشە كاتێك پرسێكی نەتەوەیی دەكرێت بە حيزبى، گەورەیى خوى لە دەست دەدات و بچوك دەبێتەوە و، زۆربەی کەسە نەتەوەییەکانى دەرەوەی حیزب، دژى دەوەستنەوە. ئەويش لەڕێگەى بە سياسەتكردن و ئاراستەكردنى باوەریی ميللەتەكە بەرامبەر بە پرسەكە.

بێگومان هەميشە هەنگاونان بەرەو قۆناغي نوێ، قوربانیدانی دەوێ. بۆیە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، ئەو كاتە کە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، فەرمووی: وەک هەر میللەتێکی تری سەر زەوی، میللەتی كورد و کوردستانیانی کوردستان، پێویستیان بەڕیفراندۆمە و مافی خۆمانە مافی چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین. جەنابی سەرۆك بارزانیش وەک هەر سەرکردەیەکی تری جیهانی، پاشان وەك هەر سەرکردەیەکی تری ناوخۆی کوردستان چ وەک مەلیك محمودی حەفید و چ وەك قازی موحەمەدی سەرۆكی كوماری كوردستان لە مهاباد، قۆڵی خەباتی شارستانیانەی لێ هەڵماڵی و هەوڵ و تەقەلای خۆی دا بۆ بەئەنجام گەیاندنی ڕیفراندۆمێک کە بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی و کاری زۆری بۆ کرد و تەقەلای دا لە هەموو لایەکەوە پشتیوانیی بەهێزی بۆ کۆ بکاتەوە و بەمە چارەنووسی کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی تری دونیا دیاری بکات. لەو كاتەدا بەڕاستی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بە ئاشكرا دژایەتی گەلی كوردیان نەكرد. کەچی زۆر لەپڕ هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی لە لایەن بەغداوە، بە ڕووی گەشتیاراندا داخران.

لە گەرمەی کۆکردنەوەی پشتیوانییەکان و زەمینە سازکردن بۆ ڕیفراندۆم، زۆر لە پڕ و بە بێ ئاگاداریی پێشوەختە، هەموو وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی زلهێز داوایان كرد ڕیفراندۆم دوابخرێ. ئەم هەڵوێستە دژ و لەپڕ و نامۆیە، هەموو گەلی کورد و سەرکردایەتیی کوردی تووشی شۆک کرد. جەنابی سەڕۆك مەسعود بارزانی ڕووی گفتاری کردە هەر هەموویان و پێیانی فەرموو: من ڕازیم دوای بخەم.. بەڵام بۆ كەی؟ ئەگەر من ڕیفراندۆم دوابخەم بۆ چەند مانگی تر یان چەند ساڵی تر دوای بخەم؟ لە لایەن هیچ کەس و لایەن و هیچ دەوڵەتێک و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە هیچ وادەیەك دیاری نەكرا و هیچ کەس نەهاتە سەر خەت بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر دوا بخرێت چ کاتێک ئەنجام بدرێت. بۆیە جەنابی سەرۆك ئازایانە بڕیاری دا کە ڕیفراندۆم لە ڕۆژی دیاریكراوی خۆیدا كە 25/9/2017 بوو، ئەنجام بدرێت. بینیشمان ڕیفراندۆم زۆر زۆر سەركەوتووانە ئەنجام درا. زیاتر لە 92٪ کوردستانیانی کوردستان، بە هەموو پێکهاتەکانەوە، دەنگی “بەڵێ”یان دا بە سەربەخۆیی كوردستان. بەڵام بە داخەوە ڕاستەوخۆ دوای ڕیفراندۆمەکە، هەر هەموو لایەنەکان بە دۆست و ناحەزەوە پشتیان کردەوە مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ناو خاکی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر باس لە سوودەكانی ڕیفراندۆم بکەین ئەم چەند خاڵە دەبینین:
١. دەرکەوت هەموو كورد و هەموو كوردستانیانی ناو خاکی کوردستان یەک دەنگ بوون.
٢. دەنگی کوردستانیان و گەلی کوردستان سەلماندی کە كەركوك و خانقین و گوێر و مەخمور و شەنگال…هتد، هەر هەموویان ناوچەی كوردستانین و هەموویان دەنگیان بە بەڵێ دا لە چوارچێوەی کوردستانی ئازاددا. واتا ڕیفراندۆم سەلماندی تەنانەت ناوچە تەعریبکراوەکانیش کوردستانین.
٣. ڕیفراندۆم ڕووی ڕاستەقینەی هەموو ئەو حیزب و لایەنە کەمینانەی دەرخست کە بەکرێگیراوی ولاتانی دراوسێن و خۆفرۆشن و دژی سەربەخۆیی كوردستانن.
٤. ڕیفراندۆم بوو بە بەڵگە و دۆسێیەکی تایبەت بە کوردستانیان و گەلی کورد، کە دەکرێ لە کاتی خۆیدا بۆی بگەڕێینەوە.
٥. سەرۆك مەسعود بارزانی سەلماندی كە ئەیەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كورد دامەزرێنێت. بەمەش ناوی جەنابی سەرۆك چووە پاڵ ناوی سەرکردە گەورەکانی جیهان کە هەمیشە لە هەوڵ و تەقەلادان بۆ میللەتەکانی خۆیان.