وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی کۆبوونەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و مۆسکۆیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوایان کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 23ـی 09ـی 2023 د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا كۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا ئاسۆی هاوكاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوانیان تاوتوێ كرد.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە فوئاد حوسێن ئاشکرای کردووە کە لایەنی عێراقی كار بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەکان دەكات بۆ سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا لەمیانی سەردانەكەدا دەرفەتێكی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هاریكاریی دووقۆڵی لە بوارەكانی سیاسی و ئابووریدا، هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی عێراق و ڕووسیا لە چوارچێوەی ئەم بابەتە هەیە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست كردەوە و وڵاتەكەی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران دەكات بۆ مۆسكۆ.