
ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەپێی ئەو بەڵێنانەی كە دراون، چاوەڕوانن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو پێشنیازانە بدات كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستوویەتیە ڕوو.
هێمن هەورامی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی و جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، سەردانەكەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا سەردانێكی سەركەوتوو بوو، ”چاوەڕێی بەرهەمی سەردانەكە دەكەین لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران.“
ڕوونیشی كردەوە: ”ئێمە لە پارتی پشتیوانی لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هەموو هێزەكانی كوردستان دەكەین، پێمانوایە كە بەرهەمی ئەو یەكڕیزییە زۆر زیاترە لەو ناتەباییەی كە هەیە.“
ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەوان ”ئومێد“یان هەیە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا دەنگ لەسەر پێشنیازەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت، ”چونكە ئەوە مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستانە.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە میانی سەردانەكەی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەتی فیدڕاڵی چەند بەڵێنێكیان داوە و لەم چوارچێوەیەدا چاوەڕوانن ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێك لە قازانجی خەڵكی كوردستان دەربكات، ”خۆ ئەگەر هەر بڕیارێكی تر بدرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێویستە پێكەوە بڕیار بدەن.“
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، هێمن هەورامی گوتی: ”ئێمە پشتیوانی لەوە دەكەین كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا بكرێت. داوا دەكەین خەڵكی كوردستان تۆماری بایۆمەتری تازە بكەنەوە.“
هەرچی پەیوەندیی بە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیشە، ئاماژەی بەوە كرد: ”هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵام ئێمە هیچ كۆبوونەوەیەك رەت ناكەینەوە.“