دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕێك پارە وەك قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ رای گەیاند كە هەردوو بانكی رافیدێن و رەشید رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە واژوو دەكەن.
وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق هاتووە، لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 23500ی دانیشتنی یەكشەمی رابردووی ئەنجوومەنەكە، هەردوو بانكی رافیدێن و رەشید رێككەوتنێكی قەرزبەخشین لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو دەكەن، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەش بە گەرەنتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەو پێیەی قەرزەكە لە پشكی هەرێم لەدوای پابەندبوون بە بڕگەكانی بودجە یەكلا بكرێتەوە.
روونی كردەوە، بۆیە لەسەر نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بانكانە بكات، بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنی قەرزبەخشینەكە لە لایەن وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمەوە.
یەكشەمی رابردوو مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەركردووە، لەوانە نوێكردنەوەی گرێبەستی پاڵاوگەكانی كار و قەیوان، هەروەها تەرخانكردنی بڕی 500 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان.