
ئهمڕۆ دووشهممه 4/9/2023، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پێشهوا ههورامانی، وتهبێژی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕایگهیاند: دیارە بابەتی مووچە و بودجە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ بووە. لای ئێوە ڕوونە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو، لە یەكەمین وەفدی هەرێمی كوردستان كە لە 30ی یەکەوە تاوەكوو دوایین سەردان كە لە 30ی 8 کردوویەتی، بۆ ئەوە بووە كە حكوومەتی فیدراڵی پابەند بێت بەو پابەندییانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان هەیەتی. دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە، عاقیبەت حكوومەتی عێراقی بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت، لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە. ئەمەی كە بەغدا دەینێرێت بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات.”
وتەبێژی حکوومەت گوتیشی: ”ئەمەی ئێمە دەیبینین، هەست بەوە دەكەین كە ئەمە سیاسەتێكی برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە و دەستبردنە بۆ قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و تێكەڵكردنی برسێتی و هەقی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ پرس و كێشە سیاسییەكان.”
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ”هەوڵی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی سفر بكاتەوە و هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیەوە دەستی پێ كردووە. ئێمە دەمانویست جارێكی تر ئەو كێشانەی لە 2013-وە كە گەمارۆی ئابووری خرابووە سەر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ببووە هۆی ئەوەی مووچە لە كاتی خۆیدا دوا بكەوێ و پاشەكەوت بكرێ و عەلاوە و تەرفیع وەستابوو، كێشەكان چارەسەر بكرێن.”
وەزیری دارایی ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە لە 2020 و لە سەردەمی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی ڕێككەوتنێكمان كرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر درا، بەڵام دواتر پاشگەز بوونەوە، لە 2021 ڕێككەوتنێكمان كرد كە دەتوانم بڵێم زۆر باش بوو كەچی هەر لەوێ مردار بۆوە. ئێستاش لە 2023 ڕێككەوتنمان كردووە و لە مانگی چوار بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆك وەزیران ڕێككەوتنمان كردووە و لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و مەنهەجی حكوومەتیش ڕەزامەندیی درا، كەچی لە یاسای بودجەدا دەستكاریی دەقەكانیان كرد و كارێكیان كرد جۆرەها كێشەیان بۆ هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراقیش دروست كردووە.”
