سهرهتا وتار یاسا و سیستەم لەسەر شەقام کاری پێنەکرا یاساکانی دیکە ڕۆڵیان لە...
د.نصرت صابر خوشناو*
ڕێزگرتن لە یاسا…ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە
ڕێزگرتن لە یاسا ئەرکێکی نیشتمانییە و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە کە لە ئەستۆی هەموواندایەو پێویستی بە پابەندبوون و پێشێلنەکردنی ماددە و دەقەکانییەتی، ئەمەش دەمانباتە سەر کولتوورێکی ڕێزگرتن لە یاسا، کە دەبێت لە ماڵەوەو قوتابخانەو دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا فێری ببین.
پڕۆسەی ڕێزگرتن لە یاسا پێویستی بە چڕکردنەوەی هەموو ئەو لایەنانە هەیە کە توانای کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەیە، لەوانە شارەزایانی یاسا، ڕاگەیاندن، دەزگا ئەمنییەکان و پیاوانی ئایینی لە مزگەوتەکاندا، هەروەها ڕۆڵی گرنگی دامەزراوەی پەروەردەیی لە چاندنی ڕێزگرتن لە یاسا چەسپاندنی لە مێشکی قوتابیان و کردنی بە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن.
لەبیر نەکەین ڕێزگرتن لە یاسا و هاوکاریی هاووڵاتیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان بۆ سەرکەوتنی دامەزراوەکان زەرورەتێکی ژیانی ئاسوودەیە، لەم ڕوانگەیەوە وەزارەتی ناوخۆ دەبێ کار لەسەر ئەوە بکات هەموو لایەک یەکبگرن بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری ڕێزگرتن لە یاسا لە ڕێگەی هاوکاری تەواو لەگەڵ جێبەجێکارانی یاسا لە لایەنە پەیوەنددارەکان و پابەندبوون بەو یاسایانەی کە دەردەچن و هەن، ئەمەش متمانە لە نێوان… هاوڵاتی و ئاسایش دەستەبەر دەکات.
لێرەدا دەبێ هەموو میدیاکان هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە گرنگی ڕێزگرتن لە یاسا لە ڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و بەرنامەی دەنگی و بیستراو بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەسەر ئەم بابەتەو ڕێگری لە هەموو ئەوانە بکرێت کە دژ بە ئاڕاستەی سەقامگیری هەنگاو دەنێن، خۆ ببینن لە نێو جەرگەی شارەکان بە تایبەتی خەڵکی بێگانە چۆن هەڕەمەکیانە ئارامی شارەکانیان شێواندووە بگرە لە دەنگە وەحشەکانی ماتۆرسکیلەکان و فڕو فێڵی فرۆشیارەکانیان و ڕۆژانە بە دەیان کێشە دەنێنەوە بۆ خەڵکی شەرم بەخۆ ئەوە جگە لە هەرزەکارە بێ مۆڵەتەکان بە ئۆتۆمبێلە جۆرە مەیمونەکانیان ژمارە پێنج لێدەدەن و وادەزانن شار بێ ساحێبە، وەرەوە لای شەڕ فرۆشتن بە گەشتیارانی ناوخۆو فێڵ لێ کردنیان نازانم ئەمانە کێیان لە پشتەو بۆ چ مەرامێکی بۆگەن بەکاریان دەهێنن، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سنوورێک دانەنێین هاوڕەگەز بازی لە ئەوڕوپاوە ڕوو لێرە دەکات و لەدەست دەەدەچێت کە ئێستا سەری هەڵداوە لەبەر نەبوونی یاسایەک گونجاو بێت لەگەڵ کلتوورەکەمان، ئەدی هەندێک لە کافتریاکان بە نەرگیلەکانیان گەنجیان لە خشتە بردوەو مودمینیان کردوون هەم ئەو مادانەی بەکاری دەهێنن وە هەمیش بە هێنانی ئافرەتی جۆراو جۆر بۆ گۆڕینەوەی ژمارەی تەلەفۆنەکانیان و لە خشتە بردنیان، باسی مەساجخانەکانیش بکەین مێشک ڕادەوەستێت لە بیرکردنەوە ببینن چۆن خەڵک دەڕوتێننەوەو فێڵی لێ دەکەن. ئەمەو بە دەیان نمونەی دیکە بە دۆکومێنتەوە، ئومێدەوارم کار لەسەر یاسایەکی سزا توند بکرێت کەسێک بۆی نەبێت لێی دەربچێت و سنوور ببەزێنێت و کلتوور و سیمای شارەکانمان ناشیرین بکات.
*مامۆستای زانکۆ