ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، كە یەكێك بوو لەو وەزیرانەی بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان و مەلەفی نەوتی كوردستانی دەكرد كە بە دوای ئەودا ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی خۆفرۆشییان کرد و تا ئێستاش هەندێكیان بەردەوامن، قسەكانی ئەو وەزیرەی پێشووی عێراقیان وەكوو بەڵگەی گەندەڵی دژ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنا، ئێستا بۆ دادگاكانی عێراق دەركەوتووە ئەو زاوایە 20 موڵكی گرانبەهای بە گەندەڵی بە ناوی ماڵە خەوزرانییەوە كردووە.
هەفتەی رابردوو، 23ی8ی2023، زیا جەعفەر، دادوەری دادگای كەرخ كە تایبەتە بە دۆسیەكانی گەندەڵی لە عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئاشكرای كردووە، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوت 20 موڵكی بە ناوی كوڕەكانی خەزووری (برای هاوسەرەكەیەوە) كردووە.
دەشڵێت: “وەزیری پێشووی نەوتی عێراق بەرتیلی لە وەبەرهێنەكان وەرگرتووە، نزیكەی 20 موڵك و زەویوزاری بە ناوی براكانی هاوسەرەكەی كردووە، كە هەموویان موڵكی نایابن، دوانیان ڕووبەریان 900 مەترە، هەروەها 14 شوقەی نیشتەجێبوون، یەكیان ڕووبەرەكەی 10 دۆنمە، یەكێك لەوانە بە ڕووبەر 600 مەتر لە بەغدای پایتەختە.”
بەپێی زانیارییەكانی ئەو دادوەرە، كوڕانی خەزووری ئیحسان عەبدولجەبار گیراون و تا ئێستایش لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
پێشتر، زەهرا ئەلبجاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی سادیقوون، لە ڕاگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك لەو وەزیرانەی پێشووی حكوومەتی عێراق دەرچووە کە لە دزینی سامانی گشتییەوە گلاون، دیارترینیان گەندەڵیی گەورە و بێشوماری وەزیری نەوتی پێشووی عێراقە.